یەكێتی ‌و وەرچەرخانێكی تر لە خەباتی ژناندا

10:09 - 2025-06-01
زولفان غەریب رەحیم
84 خوێندراوەتەوە


یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان حزبێكی كاریگەر ‌و شۆڕشگێڕی باشووری كوردستانە ‌و بیركردنەوەشی لەسەر ئاستی كوردستانی گەورەیە.پارتێكی سیاسییە کە پێگەی سەرەكی هەیە لە مێژووی خەباتی باشووری كوردستاندا، كاریگەریی راستەوخۆی هەیە لە هەر چوار پارچەی كوردستان لە خەبات ‌و هاندانی شۆڕشگێڕیی بۆ بەرگریكردن لە مافی رەوای گەلی كورد.
یەكێتی ئەندامی رێكخراوی سۆشیالیست ئینتەرناشناڵی جیهانییە، کە رەوانشاد (سەرۆك مام جەلال) جێگری هەمان رێكخراو بوو. دروستبوونی ئەم حزبە لە (1/6/1975) لە دژی رژێمی بەعس ‌و لە دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلول بوو. 
لە خەباتی شاخ و شاردا بەشداربوون
هەر لە سەرەتای دروستبوونی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە، ژنان لەو قۆناغە دژوارەی ئەو سەردەمەدا بەشداربوون ‌و رۆڵ ‌و كاریگەرییان لە خەباتی شۆڕشگێڕیی ‌و نهێنی ناوشار ‌و رایەڵی پەیوەندییەكاندا هەبووە‌، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین ژن روویانكردە شاخ ‌و چەكیان هەڵگرت‌ و بەشێكی تریشیان لەناوشار لە دامودەزگا ‌و زانكۆ‌ و پەیمانگە ‌و شانە نهێنییەكاندا كاری رێكخستنی نهێنیان دەكرد. 
لە وێستگە جیاوازەكانی خەباتدا تا قۆناغی راپەڕینی (1991) تا ئێستاش ژنان كۆڵەكەیەكی بەهێزی خەبات و تێكۆشانی ئەو حزبەن و پێگە‌یان بۆتە گۆڕانكاری لە كۆمەڵگەدا، بڕوای تاكەكانی كۆمەڵگەیان بەتوانا ‌و شارەزایی ژن زیاتركردووە. 
لەو سۆنگەیەوە (سەرۆك مام جەلال) پارێزەری مافەكانی ژنان، رۆڵی هەرە گرنگی هەبووە لە پێشخستن ‌و بەشداریپێكردنی ژنان لە یەكە كارگێڕی‌ و دامەزراوە پەرلەمانییەكان ‌و كارەكتەری گرنگی حزبیی لە پۆستە باڵاكاندا، ئەوەش رەنگدانەوەی راستەوخۆی هەبوو لەسەر سەركردایەتی حزب بۆ بڕواهێنان بە توانای ژنان.
ژنانی رێكخستنەكانی یەكێتی هەمیشە پێشەنگ‌ و داهێنەربوون لە بوارە جیاوازەكانی وەك مامۆستای شۆڕش‌ و پەروەردەكردنی رۆڵەكانیان دوور لە باوان، لەدوای راپەڕینیش كۆڵنەدەر ‌و پێشەنگ بوون و هەمیشە دەستپێشخەرییەكان لەنێو ژنانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا بووە، وەك كاری رۆژنامەوانی ‌و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، بەتایبەتی سەركردەی شۆڕشگێڕ (دادە هێرۆ) سیمبولی ژنان بووە لە قارەمانیی ‌و بەرخۆدان ‌و تۆماركردن ‌و پاراستنی ئەرشیفی مێژوویی حزب‌، لەدوای راپەڕینیش پاراستنی چەندین شوێن كە بە موڵكی نەتەوەیی دادەنرێن، وەك ئەمنەسوورەكە ‌و مۆزەخانە، هەروەها كردنەوەی كەناڵی خاك‌ و كوردسات‌ و بڵاوکردنەوەی چەندین گۆڤار ‌و نامیلكە ‌و كردنەوەی رێكخراوی منداڵپارێز ‌و چەندانی دیکە.

چەندین دەستپێشخەرییان کردووە
ژنان لەناو ئەم حزبەدا چەندین رۆڵیان وەك داهێنەر ‌و دەستپێشخەر لە هەرێمی كوردستاندا گێڕاوە، لە ساڵی (1992) نوێنەریان بۆ پەرلەمانی كوردستان هەڵبژاردووە، چەندین خاتوونی شۆڕشگێڕ ‌و خاوەن بڕوانامە ‌و قەڵەم بەدەست، بوون بە ئەندام پەرلەمان. 
لەناو یەكە كارگێڕییەكاندا ژنانی یەکێتی بوون بە بەڕێوەبەر ‌و سەرۆك شارەوانی ‌و قائیمقام ‌و بەڕێوەبەری ناحییە ‌و وەزیر ‌و حاكم ‌و سەرۆكی داواكاری گشتی ‌و دادنووس، جگە لە دروستکردنی هێزی ژنان كە (سەرۆك مام جەلال) پشتیوانی دروستبوونی بوو، دەبینین ئەم هێزە ئێستا فەوجیان هەیە ‌و شەهیدیان لە رووبەڕووبونەوەی داعشدا بەخشیووە بە خاكی كوردستان، هاوکات چەندین بەرپرسی دامودەزگای حزبی وەك مەڵبەند ‌و كۆمیتە ‌و دەزگای راگەیاندن ژنن، لەگەڵ ئەوەی چەندین خاتوونی لێهاتوو لە سەركردایەتی ئەم حزبەدان‌ و سەرۆك فراكسیۆنن لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ‌و كوردستان  تا دەگاتە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، ئێستاش وەک ئەندامی لیژنەی دانوستاندن ‌و رێكەوتن ‌ژنانی نێو یەکێتی رۆڵ ‌و پێگەیان هەیە.
دواجار ئەمانە هەمووی سەلمێنەری ئەوەن کە ژنانی یەكێتی، خاوەن رۆڵی گرنگن لە مێژووی یۆبیلی نیوسەدە لە خەبات ‌و تێكۆشان ‌و شۆڕشگێڕیی لە كۆمەڵگە ‌و سیاسەتدا.

وتارەکانی نوسەر