کاریگەری گۆرانی لەسەر دەروونمان
گۆرانی و میوزیک لەو هونەرانەن کاریگەری لەسەر هەست و باری دەروونی مرۆڤەکان دروست دەکەن، هەروەها بەپێی میزاج و تەنانەت کەشوهەواش دەگۆڕێت و ناتوانین هەموو کات هەر گۆرانییەک بێت گوێی لێبگرین واتا کاتێک خەمبارین حەزدەکەین گوێ لە گۆرانییەک بگرین تەعبیر بێت لەو دۆخەی تێیداین، کاتێکیش دڵخۆشین ناتوانین گوێ لە گۆرانییەکی خەمبار بگرین، بۆ نموونە دڵت خۆشەو بەهارە و نەورۆزە گوێ لە گۆرانی «ادیش کان فی ناس» ی فەیروز بگریت کە هی جەوێکی باراناوی بەیانیانە، بەڕای من و ئەوانەی حەز بەگوێگرتن لە گۆرانی و میوزیک دەکەن دەزانن هەموو دۆخ و کەشێک گۆرانی خۆی هەیە، بۆ نموونە لە پایزاندا و لە کەشوهەوای باراناویدا حەز بەگوێگرتن لەو گۆرانییانە دەکەم کە باس لە باران و خۆشەویستی دەکەن و تەنانەت کەمێک خەمبارن، بەهار و هاوین-یش هەر یەکە کەشی تایبەت بە خۆی هەیە بۆ ئەو گۆرانییانەی گوێیان لێدەگریت، بۆیە کاتێک گۆرانیبێژێک لە هاویندا سینگڵێک بڵاودەکاتەوە دەڵێن گۆرانییەکی هاوینەی ریتم خێرای بڵاوکردۆتەوە.
هاوکات من بۆخۆم هەر لە سەرەتای مانگی دوانزەوە حەز بە گوێگرتن لەو گۆرانییانە دەکەم کە باس لە سەری ساڵ و کریسمس دەکەن، وەک گۆرانی «لاست کریسمس»ی جۆرج مایکڵ، لەگەڵ گۆرانییەکانی ڤی گروپی کۆری بی تی ئێس بەو پێیەی خۆی لە 30 ئەو مانگەدا لەدایکبووە و حەزی بە زستانە زۆر گۆرانی و کەڤەری گۆرانییەکانی کریسمسی کردووە وەک ساڵی پار کەڤەری بۆ گۆرانییەکی کریسمس کرد و بەستایلی خۆی پێشکەشی کرد، بە رای من ئەو لە خاوەنی راستەقینەی گۆرانییەکە خۆشتر دەیڵێت ئەویش گۆرانی «its beginning to look a lot like a Christmas - خەریکە زۆر لە کریسمس دەچێت» هەروەها گۆرانی دیکەی هەیە ئەویش گۆرانی «Christmas tree – درەختی کریسمس» کە تایبەت بۆ درامایەکی کۆری وتووە، لەگەڵ چەند گۆرانییەکی دیکە. گوێگرتن لەو گۆرانییانەی ڤی بە دەنگە قووڵ و کەمێک گڕەکەی چێژێکی تایبەتی هەیە، بەهۆیەوە جوانیی دیمەنە رازاوەکانی بۆنە و یادەکانی سەری ساڵ زیاتر هەستپێدەکەیت، جگەلەوەی سۆز و نۆستالیجیات بۆ سەری ساڵانی رابردوو و سەردەمی منداڵی پێدەدات، کاتێک هەموو حەز و ئاواتێکمان ئەوە بوو لە خۆشییەکانی سەری ساڵ و کۆبوونەوەی خێزان و کەسوکارماندا بەشدار بین و بەدیار تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان و بەرنامەی کەشکۆڵەوە دابنیشین، ئەو کاتانەی ئێمەی منداڵ نەماندەزانی سەردەمێک دێت دەگمەن دەبێت بۆنە و یادەکان کۆمانکاتەوە و ساڵانێک دێت گوێگرتن لەو گۆرانییانە خەمێکی شاراوەمان پێدەدات و بیری ئەو ئازیزانەمان دەخاتەوە ئێستا لێرە نەماون.