گرنگیدانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە مەسەلەی ژنان و بەشداریپێکردنیان لە پرۆسەی سیاسیی و گشتیدا هەر لە دروستبوونییەوە وەک حزبێکی سۆشیال دیموکراتی نیمچە بەرەیەکی چەپ و سۆشیالیست بەشێک بووە لە بەرنامەی ئەو حزبە.
ئێستاش کە لەدوای یەکەمین کۆنگرەیەوە لە 1992، بووەتە رێکخراوێکی سۆشیال دیموکرات، راشکاوانەتر گرنگیی و بایەخی بە مەسەلەی ژنان داوە، بۆ نموونە لە بەشی یانزەیەم «حوکمە کۆتاییەکان» ی پەیڕەوی ناوخۆی پەسەندکراوی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتی - 2023) و لە ماددەی (61) دا باس لەوە دەکات «پێویستە رێژەی ژنان لە کۆی گشتیی هەر سێ ئەنجومەنەکەی ی.ن.ک لە (25 ٪) کەمتر نەبێت».
جگەلەوەی لە پەیڕەو پرۆگرامی یەكەمین كۆنگرەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا بۆ ساڵی (1992)، «لە پرسی گەشەپێدانی كۆمەڵایەتیدا، لە بڕگەی (7) دا و لە یەکێک لە خاڵەکانیدا دەڵێت: «چاودێری و یارمەتیدانی ژنی دووگیان و دوورخستنەوەیان لەكاری قورس و دابینكردنی شەش مانگ پشوودان بە مووچەی تەواو بۆیان لە دەوروبەری منداڵبوون».
ئەمانە ئەوە دەسەلمێنن کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆی حزبەکەیدا گرنگییەکی تایبەتی بە رۆڵی ژنان داوە و لە زۆربەی بڕگەکانیدا جەختی لە بەشداریپێکردنی ژنان و رۆڵبینینیان لە کاری سیاسیی حزبەکەدا کردووە، بەڵام کاتێک بە تایبەتی باس لەو بڕگەیە دەکەین کە گرنگیدانە بە ژنی دووگیان و پێدانی مۆڵەت بۆ ماوەی شەش مانگ و بەراوردی دەکەین بە واقیع و ئێستا، دەبینین بە فیعلی چەند ساڵێکە ئەوە پەیڕەو ناکرێت و ژنانی دووگیان بە تایبەتی لەنێو دەزگا میدیاییەکانی یەکێتیدا، تەنیا سێ مانگ مۆڵەتیان پێدەدرێت بە مووچەوە و سێ مانگ بەبێ مووچە. ئەمەش لەکاتێکدایە لە ساڵانی رابردوودا وەک فەرمانگە حکومییەکان ساڵێک مۆڵەتی دایکایەتی دەدرا بە ژنان بە مووچەی تەواوەوە. ئەو جیاوازیی و گۆڕانکارییە بە رای من پێویستە دەسەڵاتدارانی ناو یەکێتی و خودی سەرۆک خۆی چاکسازیی تێدا بکات، یان هیچ نەبێت ئەو بڕگەیەی لەناو پەیڕەوی ناوخۆی ساڵی 1992دا هاتووە، جێبەجێبکرێت کە شەش مانگ مۆڵەتە بە مووچەی تەواوەوە، چونکە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەوە ناسراوە پاڵپشت و هاندەری ژنانە بۆ دەرخستنی تواناکانیان و هاتنە پێشەوەیان، بەڵام بە رای من دایکێک کە منداڵەکەی دوای تەنیا سێ مانگ بخاتە دەستی کەسانی ترەوە تا لە کارەکەی تەواو دەبێت بۆی بەخێو بکەن، ناتوانێت داهێنان بکات، هاوکات لەبەرئەوەی ژیان سەختە، زۆربەیان ناتوانن مۆڵەتی سێ مانگی بێ مووچەکە وەربگرن، بۆیە لە ئەنجامدا زۆربەیان ناتوانن پێشکەوتنێکی ئەوتۆ بۆ خۆیان و حزبەکەیان تۆمار بکەن، چونکە ئەگەر وەک دایکێک دڵیان لای منداڵە ساواکەیان بێت کە هەر لەو تەمەنە زووەوە تێکەڵی منداڵی تری دایەنگە دەبێت و لە گرنگیدان و نازی دایکیان چەند سەعاتێک دوور دەبن، بێگومان نەخۆش و لاواز دەبن.
بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە هەر لە سەرەتاوە خەمخۆر و پاڵپشتی ژنان بووە، نەگونجاوە وەک کۆمپانیایەکی ئەهلی مامەڵە لەگەڵ خەم و خواستەکانی ژنانی ناو ئۆرگانەکانی خۆیدا بکات، چونکە کۆمپانیاکان رەنگە تەنیا ئامانجیان قازانج بێت، بەڵام ئەوە نەگونجاوە بۆ حزبێک کە داوا لە کادرانی ئۆرگانەکانی بکات و بیسەپێنێت بەسەریاندا کە دەبێت دوای سێ مانگ بێنەوە سەر کارەکانیان و بەدیوێکی دیکەشدا چاوەڕوانی داهێنان بێت لێیان، لەبەرئەوە پێویستە گرنگی زیاتر بە دایکانی نێو ئەم حزبە بدرێت و خزمەتی زیاتریان پێشکەش بکرێت، هەرلەڕووی دابینکردنی دایەنگە لەنێو دامەزراوە و مەکتەب و ئۆرگانەکانەوە تا دابینکردنی هەندێک یارمەتی و هاوکاریی دارایی بۆ لایەنی تەندروستیی تایبەت بە دایکان و کۆرپەکانیان.