چەند لێم تێدەگەیت؟

01:18 - 2025-05-26
رۆزا دڵشاد مەریوانی
115 خوێندراوەتەوە

(50)

نووسەری میسری د. ئەحمەد خالید تۆفیق لەبارەی لێکتێگەیشتنەوە دەڵێت: «بڕوام وایە نەهامەتیی مرۆڤ لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کاتێک لەگەڵ کەسانێکدا پەیوەندیی هەیە کە لێی تێناگەن، بگرە بەردەوام بە هەڵە لێی تێدەگەن، نەهامەتیی مرۆڤ لە نەدۆزینەوەی هاوبەشی ژیانەوە سەرچاوە ناگرێت، بەڵکو لە نەدۆزینەوەی هاوبەشێکی گونجاوەوە سەرچاوە دەگرێت».
واتا خۆشەویستی بەتەنیا گرنگ نییە، ئەگەر لێکتێگەیشتنی لەگەڵدا نەبێت، ئەوەش هۆکارێکی سەرەکییە بۆ جیابوونەوەی زۆرێک لە هاوسەران، چونکە گرنگ نییە چەند کەسێکت خۆشدەوێت، بەڵکو لە خۆشەویستی گرنگتر تێگەیشتنە لە یەکتری، بگرە هەڵە تێنەگەیشتنە لە یەکتر. 
هەموو ژن و مێردێک لە سەرەتای ژیانی هاوسەرییدا تووشی بەریەککەوتن دەبن، لەبەر هیچ شتێک نەبێت لەبەرئەوەی سروشت و کاردانەوەی کەسەکان بەرامبەر بە رووداوەکان جیاوازە، بۆ نموونە: کاتێک ژنێک بەهۆی نەمانی ئاو لەماڵدا تووشی سترێس دەبێت، لەبەرامبەردا مێردەکەی بە ساردییەوە وەریدەگرێت، ئەو کاتە ژنەکە ئەوەندەی تر تووڕە دەبێت کە دەبینێت مێردەکەی کاردانەوەی لەو جیاوازە، لە هەمانکاتدا پیاوەکە لەو هەڵچوونەی ژنەکەی بۆ بابەتێکی وا سادە تووڕە دەبێت، وا هەست دەکات لۆمەی ئەو دەکات، لە ئەنجامدا دەبینین لەسەر مەسەلەیەکی زۆر بێ مانا ژن و مێردەکە لەیەک زویر دەبن. 

 

هەموو ژن و مێردێک لە سەرەتای ژیانی هاوسەرییدا تووشی بەریەککەوتن دەبن، لەبەر هیچ شتێک نەبێت لەبەرئەوەی کاردانەوەی کەسەکان بەرامبەر بە رووداوەکان جیاوازە

 

ئەگەر مەسەلەی خیانەت و هەندێ بابەتی دیکەی وەک رەزیلی و دڵپیسی بخەینە لاوە، ئەوا دووبارەبوونەوەی کێشەکانی ژیانی رۆژانە و لێکتێنەگیشتن وا لە بەشێکی زۆری هاوسەران دەکات بگەنە جیابوونەوە، چونکە کێشە بچووکەکانیان گەورە کردووە و لە یەک تێنەگەیشتوون.
وەک دەڵێن سێ ساڵی یەکەمی ژیانی هاوسەریی سەختە، لەبەرئەوەی ئەو جۆرە لێکتێنەگەیشتنانە روودەدات و ئەگەر ژن و پیاوەکە مەبەستیان بێت زەواجەکەیان سەرکەوتوو بێت و یەکتریان خۆشبوێت، کەمێک هەوڵی زیاتر دەدەن بۆئەوەی لە یەکتری تێبگەن و بەسەر ئاستەنگەکاندا زاڵ دەبن، بەڵام ئەگەر هەمیشە بە چاوی تاوانبارێکەوە بڕواننە یەکتر و هەستبکەن دەمێکە خۆشەویستی نەماوە و تەنیا هۆکارن بۆ نەهامەتی یەکتر.منداڵ هەبێت یان نا وا باشترە لەو ژیانە ژەهراوییە بێنە دەرەوە و تا سنوورێک لە رێز ماوە بیهێڵنەوە، لەبەر هیچ شتێک نەبێت لەبەر ئەو ماوەیەی تێیدا ژیانیان بەشکردووە. ئەگەر منداڵیش لە نێوانیاندا هەبێت بەرژەوەندی ئەوان لەبەرچاو بگرن، نە دایکەکە لەبەرچاویان باوکیان بکاتە دوژمن و نە بەپێچەوانەشەوە، بەڵکو هەوڵبدەن لەبەر تەندروستیی دەروونیی منداڵەکانیان ژینگەیەکی لەباریان بۆ دابین بکەن تا کەمتر کاریگەریی جیابوونەوەی دایک و باوکیان لەسەر بێت، کەواتە تەنیا مەپرسن چەندت خۆشدەوێم، بەڵکو چەند لێم تێدەگەیت؟ 

وتارەکانی نوسەر