بڕوانامە واتا دامەزراندن؟

10:04 - 2025-06-11
رۆزا دڵشاد مەریوانی
77 خوێندراوەتەوە

ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکار دەچنە زانکۆ ئەهلی و حکومییەکان، هەروەها بە هەمانشێوە ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکاران خوێندنی بەکالۆریۆس تەواو دەکەن و هەوڵی ئەوە دەدەن لە بازاڕی کاردا کارێک بدۆزنەوە، تەنانەت ئەگەر دووریش بێت لە پسپۆڕییەکەیان بەو پێیەی چەندین ساڵە نەک دامەزراندنی حکومەت نییە، بەڵکو پرۆسەی پلە بەرزکردنەوە و هەموو  کارە رۆتینییە ئیدارییەکانی فەرمانبەران پەکی کەوتووە، بۆیە کاتێک لەگەڵ کۆمەڵێک گەنجی خوێندکاری زانکۆدا لەبارەی داهاتووەوە گفتوگۆ دەکەیت، زۆربەیان رەشبینانە دەڕواننە دۆخەکە، هەندێکیان هیوایان وایە لە بەکالۆریۆس زیاتر بخوێنن و ببنە مامۆستا و بڕوانـامەی دکتۆرا بەدەستبهێنن، بەڵام ئایا چ زانکۆیەک و لە کوێ هەلی دامەزراندن بۆ مامۆستایەکی نوێ دەستدەکەوێت؟ تەنانەت بینیوومە گەنجێک هەرچەندە بڕوانامەی ماستەری هەیە دوکانێکی خواردەمەنی بەڕێوەدەبات و دەڵێت: «ناچارم کارێک بکەم پێی بژیم». 
لە ماوەی رابردوودا خۆپیشاندانی دەرچووانی بەشە پزیشکییەکانمان بینی کە چەند ساڵێکە چاوەڕوانی دامەزراندن دەکەن، لەکاتێکدا نەخۆشخانەکان پێویستی پێیانە، وەک چۆن ئەوان پێویستیان بەوەیە کارەکەیان بە پراکتیکی بکەن تا لە رووی زانستییەوە پەرە بەخۆیان بدەن، تەنانەت بەشێکی زۆری ئەو پزیشکە خۆجێییانەی لە نەخۆشخانەیەکی دوورە دەست ماوەکەیان تەواو کردووە، گواستنەوەیان بۆ ناکرێ تا بچنەوە نەخۆشخانەیەکی گەورەی نێو شار، چونکە ئیتر لەو جێیە زیاتر فێرنابن و پێویستیان بەوەیە لە شوێنێکی نوێ پەرە بە پیشەکەیان بدەن.
ئەمانە نموونەیەکن لەو خەم و کارەساتانەی بەرۆکی گەنجانی ئەم وڵاتەیان گرتووە، بەڵام لەگەڵ زیادبوونی ئەم هەموو زانکۆ ئەهلی و نێودەوڵەتییانە جگە لە زانکۆ حکومییەکان هیچ پلان و ئاسۆیەکی روون دیار نییە، ئایا ئەم هەموو دەرچووە بەرەو کوێ دەچن و چییان لێدێت؟ راستە لە هەندێک لە زانکۆکان ناوەندی هەلی کار کراوەتەوە، بۆئەوەی بەشەکان بەپێی پێویستیی بازاڕ بکرێنەوە و بخوێنن، لەبەرامبەریشدا هەندێ بەش بەرەو داخستن دەچن و خوێندکاریان زۆر کەمبووەتەوە، ئەمە شتێکی باشە، بەڵام هێشتا لەگەڵ ئەو لێشاوە زۆرەی دەرچوانی زانکۆدا نییە، بەداخەوە گەڕاوینەتەوە بۆ ئەو سەردەمەی گەنجان بڵێن: «تەنیا بڕوانامەکەم دەوێت بۆئەوەی دڵی دایک و باوکمی پێ خۆش بکەم دەنا هیچ سوودێکی بۆ من نییە، یان تەنیا بۆ ئەوەیە بڵێم بڕوانامەی زانکۆم هەیە»، بێگومان چارەسەری ئەمە پێویستی بە بڕیاری یەکلاکەرەوە و پلانێکی زانستی هەیە، کەسانی ئەکادیمی شارەزا لە بوارەکانی خوێندنی باڵا و بازاڕی کار و ئابووریدا دایبڕێژن، بەو واتایەی وەک وڵاتان خوێندنە پیشەییەکان و ئەوانەی لە ژیانی ئەم سەردەمەدا پێویستن زیاد بکرێن و ئەوانی تر چیتر خوێندکار وەرنەگرن، هەروەها وەک وڵاتان بڕوانامەی ئامادەیی بەس بێت بۆ کارکردن لە هەندێ پیشەدا، واتا مەرج نەبێت هەموو کەسێک زانکۆ تەواو بکات و جۆرێک بێت لە هەڵبژاردەی تاکە کەسیی لای گەنجان، کە ئێستا نا، رەنگە چەند ساڵێکی دیکە بڕیار بدات پسپۆرییەک لە زانکۆ بخوێنێت و ئێستا تەنیا کارێک بکات ژیانی خۆی پێکەوە بنێت و ئەزموونی خۆی دەوڵەمەند بکات. 

وتارەکانی نوسەر