شوان کەریم کابان
14/1/2024 سەد رۆژ تێپەڕی بەسەر شەڕی بەردەوامی نێوان ئیسرائیل و حەماس، شەڕێکی نا بەرابەر، هیچ هاوسەنگییەک لە نێوان لایەنی سەربازی، سیاسی، دیپلۆماسی، میدیاییدا نییە!
بەرپرسانی ئەمریکا و ئەوروپا سەردانیان کردووە
لەیەکەم رۆژی جەنگەکەوە، ئەمریکا، سەرۆک، وەزیری دەرەوە، وەزیری بەرگری، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی، بەرپرسی گەورە، چەند جارێک هاتوونەتە ئیسرائیل، بەهەمان شێوە، فەرەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا. هەر هەموو ئەو وڵاتانە هێزی سەربازییان ناردە دەریای سپی نزیکی کەناراوەکانی ئیسرائیل و ناوچەکە.
ئەمریکا تا ئەمڕۆ پردێکی ئاسمانی و دەریایی لە یەکەم رۆژەوە دروستکردووە و بە سەدان هەزار تۆن چەک و تەقەمەنیی گواستۆتەوە بۆ ناو ئیسرائیل و لە ناویاندا هەزاران بۆمبی تایبەت بۆ بۆمبارانی غەززە، ئەمە جگە لە زیاتر لە دوو هەزار سەرباز و چەند تیمێکی کۆماندۆ و بەپێی راپۆرتە رۆژنامەییەکان، ژمارەیەکیان لە سەرەتای جەنگەکەدا کوژران. فڕۆکەی گەڕان و پشکنین و چاودێریی بەریتانیاش بەشدارن.
زیاتر لە بیست و پێنج هەزار کەس لە ژن و منداڵ و گەنج و پیر لە خەڵکی غەززە کوژراون، هەروەها 790 ئیسرائیلی سیڤیل کوژراون
لە بۆمبە ئەتۆمییەکەی هیرۆشیما بەهێزترە
بەپێی سەرچاوە سەربازییەکانیش هێزی کاولکاری و تێکدانی بڕی ئەو بۆمبانەی لە بۆمبارانی غەززەدا بەکارهاتوون، دوو ئەوەندە زیاترە لە هێزی ئەو بۆمبە ئەتۆمییەی ئەمریکا بەکاری هێنا لە هێرۆشیما. 100 رۆژە شەڕ بەردەوامە و میدیای ئەمریکا و خۆرئاوا لەپاڵ ئیسرائیلدان. زیاتر لە 25 هەزار کەس لە ژن و منداڵ و گەنج و پیر لە خەڵکی غەززە کوژراون، هەروەها چەند هەزار چەکدارێکی حەماس، 790 ئیسرائیلی سیڤیل کوژراون، 504 ئەفسەر و سەربازی ئیسرائیلی کوژراون، 148 کارمەندی رێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان فەوتاون، 337 پزیشک و کارمەندی تەندروستی لەناوچوون، 56 ٪ی بیناو تەلارەکان تەفروتونا بوون، 30 هەزار ئامانج لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆردومان کراون، 2300 کەس گیراوە، 82 رۆژنامەنووس کوژراون کە یەکێکیان حەمزە دەحدوحە کوڕی وائل دەحدوحی پەیامنێری ئەلجەزیرەی قەتەری.
کوژرانی ژمارەیەک لە بنەماڵەی دەحدوح
لە 25 تشرینی یەکەمی 2023 دا فڕۆکەیەکی ئیسرائیلی لە باشووری دۆڵی غەززە، خانویەکی بۆردومان کرد و 13 کەسی لە کەسوکاری دەحدوح کوشت و لە نێویاندا ژنەکەی و کچێکی و کوڕێکی تێدابوو. رۆژی 7/1/2024 بە بۆردومانی ئیسرائیل، حەمزەی کوڕی وائل دەحدوحیش کوژرا، کەچی وائیل دەحدوح 100 رۆژە بەپێوەیە و هەر کاری پەیامنێریی خۆی دەکات!
ئیسرائیل باشووری دۆڵی غەززەی بۆردومان کرد و 13 کەس لە کەسوکاری دەحدوحی کوشت