بۆچی ژنانی سیاسی دەکرێنە ئامانج؟

10:01 - 2024-01-25
زوڵفان غەریب
270 خوێندراوەتەوە

لە هەر کۆمەڵگەیەکدا داگیرکاری و جەنگ روویدابێت, زوڵم و پێشێلکردنی مافی مرۆڤیش بەدوای خۆیدا دەهێنێت, خوێنڕشتن و کاولکاری دەبێتە هۆی تێکچوونی ژیان و گوزەرانی خەڵك، چەوساندنەوەش بە شێوەیەکی بەرفراوان، جومگەکانی ژیانی کۆمەڵگە دەگرێتەوە.
لەگەڵ بەردەوامبوونی ئەو بارودۆخە ستەمکارانەیەدا هەستی بەرەنگاری و شۆڕشگێری لە دەروونی هەموواندا چەکەرە دەکات و هزری تێکۆشان و ئاڕاستەی یەكڕیزیی لە ناخی جەماوەردا زیاتر گەشە دەکات .
لەم میانەیەدا رۆڵی ژنان و کچان دەردەکەوێت و گرنگی بەشداریی کردنیان لە بزووتنەوەی راپەڕین و شۆڕشگێڕیدا لە مەیدانی تێکۆشاندا زیاتر خۆی دەنوێنێت، دەگات بەو ئەنجامەی کە بەبێ خەبات و چالاکی ژنان هەرگیز سەربەخۆیی و ئازادی بەدی نایەت.
ئەگەر تاکەکانی کۆمەڵگە بەیەکەوە رۆڵیان نەبێت لە خەباتکردن و بە گژداچوونەوەی داگیرکاریی، مەترسی تەنها لە سەر خاك و نیشتمان دروست نابێت، بەڵکو کەلتور و زمان و ئایدیۆلۆژیا هەموویان دەکەوێتە بەر شاڵاوی داگیرکاری و زەوتکردن بەمەش وا دەکات مرۆڤە شۆڕشگێڕەکان گیانی خۆیان بەختبکەن بۆ بەگژداچوونەیان.
ئەمەش بەپێی سەردەمەکانی خەباتگێڕی و گۆڕانکاری لە شێوازی جەنگدا و پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیای ئامڕازی جەنگ گۆڕاوە، لە سەرەتای سەرهەڵدانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی، ئاڕاستەکان بە جۆرێك رێچکە دەگرن کە ئەستەمە بە ئاسانی بتوانن لە دوای ئازادییش کاریان لە سەر بکرێت.
قوربانیی ژنانی سیاسی و شۆڕشگێڕ و بە ئامانج گرتنیان لەلایەن دوژمنەوە، بە تایبەتی لە وڵاتانی جیهانی سێیەم، ژنان زیاتر تووشی گرفت دەبنەوە و بە چەندەها جۆر لەلایەن داگیرکەرانەوە دەکرێنە ئامانج، چونکە بەراورد بە وڵاتانی خۆرئاوا، هەر لە سەرەتای سەدەی نۆزدەیەم لە وڵاتانی خۆرهەڵاتدا، تێکۆشانی ژنان روبەڕوبوونەوەیەکی مەترسیدار لە بەردەم کارکردنیان دروستبووە، بەڵام ئێستا خەم و خەون و خەباتی ژنان لە هەر قۆناغێکی تری مێژوو قورسترە، چونکە لەپێناوی یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەڵگەدا، زۆرێك لە ژنانی پێشەنگ، بوونەتە قوربانی و بەڵگە مێژووییەکانیش شایەتی راستەقینەی خەباتی ژنانن.
هەر کاتێکیش ژنان کاری سیاسی و دیپلۆماسییان کردبێت هەمیشە رۆڵی کاریگەریان بینیوە، بەوەش سەرنجی گەلەکەیان بەلای خۆیاندا راکێشاوە، بە تایبەتی کاتێك هەستیان بە مەترسیی دوژمن کردبێت، سەرجەم تواناکانیان خستۆتەگەڕ بۆ بەگژاچوونەوەی ستەم، بەوەش خەسڵەتی ئازایەتی و توانادارییان لە خەباتدا بۆتە جێگای تێڕامان، چونکە بە شێوازێکی بەهرەمەندانەی تایبەت بە خۆیان، چالاکی سیاسی دەنوێنێت و چیتر لە چوارچێوەی ماڵەوەدا قەتیس نابن، بەڵکو لە بزووتنەوەی رزگاریخوازیدا خۆیان رێكدەخەن و ئامادەییان لە گۆڕەپانی خەباتدا دەبێت و زۆر جاریش دەبنە پێشەنگ و داهێنەر لە شۆڕشگێڕیدا و هەندێك جاریش لە شۆڕشەکاندا سیمایەکی ژنانەیان لە قارەمانی و بەرخۆداندا پێوە دیار بووە و بە پاڵپشتی هێزەکانی ناوخۆیی و دەرەکی، هەر ئەمەش لە سەرەنجامی تواناداری ژنان، ژیانی سیاسی و شۆڕشگێڕی دەکەنە ئامانج و تیرۆریان دەکەن. 
ئێستاش بە ئامانج گرتنی ژنانی سیاسی لە لایەن دوژمنانەوە، زیادی کردووە کە لەگەڵ ئەوەشدا چەندین رێکەوتننامە و پڕۆتۆکۆڵی نێودەوڵەتی و پەیماننامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە بەرپەرچدانەوە و تاوانبارکردنی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ بە گشتی و پێداگرتن لە سەر رێزگرتن لە بزورتنەوەی فێمینیستی و بەرەنگار بوونەوەی ستەم و داگیرکردن و کاولکاری هەیە.   

وتارەکانی نوسەر