«نابێت گرنگی بە شێوەی دەرەوەت بدەیت، چونکە دڵ گرنگترە» ئەمە وتەیەکی ئەستێرە و ئەفسانەی دنیای هونەر و سینەما میرڵ ستریپ-ە، وەک خۆی دەڵێت لە سەرەتای دەرکەوتنمدا پێیان دەوتم ناشیرینیت، منیش خەریک بوو باوەڕم دەکرد، بەڵام دوای ئەوە زانیم گرنگ شێوەی دەرەوە نییە، بەڵکو دڵ گرنگترە.
زۆرجار قسەکردن لەسەر ئەفسانەیەکی لەو جۆرە کارێکی قورس دەبێت و سڵ دەکەمەوە لەسەری بدوێم لەترسی ئەوەی نەتوانم هەقی خۆی بدەمێ، بەڵام لەبەرئەوەی زۆر سەرسامی نواندنی ئەو ئەکتەرەم و زۆر فیلمیم تەماشاکردووە ناتوانم جێیەکی لە گۆشەکەمدا پێ نەدەم، ئەم ئەستێرەیە وەک ئەفسانەیەک تەماشا دەکرێت و ناونراوە ئەکتەری هەمیشە سەوز بەهۆی کارە خێرخوازییەکانییەوە جگەلەوەی ژمارەیەکی زۆر لە فیلمی کاریگەری پێشکەشکردووە و تائێستاش بەردەوامە، میرڵ ستریپ ئەوەندەی خەڵاتی جیهانی لەپای کارەکانی بردۆتەوە خۆی زۆرجار کاتێک خەڵاتێک وەردەگرێت دەیکاتە گاڵتە بۆ نموونە دەڵێت: «لەدڵی خۆمدا دەموت دیسان من وەرینەگرم یان کە ناوی منیان خوێندەوە هەموو وتتان ئۆی دیسان ئەو بردییەوە» ئەو ئەستێرەیە ئەوەندە کارەکتەرێکی شیرین و رۆح سووکی هەیە ناتوانیت خۆشت نەوێت لە هەر رۆڵێکیشدا بێت تەنیا ناوی ئەو بەسە بۆئەوەی بڵێیت کارێکی سەرکەتوو دەبێت، ئەم خانمە هیچ جۆرە جوانکارییەکی نەکردووە و سەلماندوێتی نواندنی جوان و پێشکەشکردنی هونەرێکی بەرز پێویستی بەوە نییە لە شێوەی دەرەوەدا کامڵ و بێ خەوش بیت، کاتێکیش ئەمساڵ لە ئاهەنگی خەڵاتەکانی گۆڵدن گڵۆپدا بۆ جاری نۆیەم ئەو خەڵاتەی بەدەستهێنا هیچ تووشی سەرسوڕمان نەبووم، چونکە دەزانم توانا هونەرییەکانی بایی چەندە نەک تەنیا لەنێو ئەستێرە ژنەکاندا، بەڵکو پیاوەکانیشدا لە مێژوودا کەس شان لەشانی نادات، چونکە 21 جار بۆ خەڵاتەکانی ئۆسکار کاندید کراوە و سێ جار ئەو خەڵاتەی بردۆتەوە، هەروەها 34 جار بۆ گۆڵدن گڵۆپ کاندید کراوە و 9 جار ئەو خەڵاتەی وەرگرتووە جگە لە چەندان خەڵاتی دیکە.
میرڵ ستریپ هەموو پێوەرەکانی جوانیی و تەمەنی شکاندووە و سەلماندوێتی کاتێک توانات دەبێت بۆ پێشکەشکردنی هونەرێکی ئاست بەرز هیچ کام لەوانە رێگر نابێت، ئەم ئەفسانەیە رۆڵێکی نییە بینیبێتم و چێژم لێ نەبینیبێت، چونکە دەتوانێت زۆر سەرکەوتوانە رۆڵی سەرنووسەری گۆڤارێکی فاشن- ی توندوتیژ بگێڕێت لە فیلمی The Devil Wears Prada- شەیتان پرادا لەبەردەکات، لەهەمان کاتدا دەتوانێت رۆڵی دایکێکی میهرەبان بگێڕێت وەک لە فیلمی «ماما میا» دا ئەم ئەستێرەیە زیاد لە 94 فیلمی پێشکەشکردووە لەماوەی زیاتر لە 42 ساڵی کاری نواندن و تائێستا بەرهەمە هونەرییەکانی بەردەوامە، بەوەش ئەو وتەیەی بە درۆخستۆتەوە کە دەڵێت «هونەر تەمەنێکی دیاریکراوی هەیە».