هەندێک بیرۆکەی رێکخراوەیی

10:07 - 2024-02-07
ستران عەبدوڵڵا
178 خوێندراوەتەوە

3

حزب ببێتە حزبی خێزانەکان
ئەگەر حزب ببێتە حزبی خێزانەکان، سەرەتایەکی نوێ دەبێت بۆ بوژاندنەوە و حزبایەتییەکی درێژخایەن.
 ئەم مانایە نابێ وا لێكبدرێتەوە کە مەبەست لێی حزبی بنەماڵە بێت. مەبەست لە حزبی خێزانەکان هەر بەو مانایەش نییە وەک بڵێی ئیئتیلافی  خێزانەکان و فیدراسیۆنی خێزانەکان بێت. ئەوە باسێکی قووڵترە و پەیوەندیی بە لێکۆڵینەوە لە سۆسیۆلۆژیای  سیاسی و گەشەی رەوتی حزبایەتییەوە هەیە و لە توانای نووسەری ئەم زنجیرە نووسینە کورتەدا نییە. 
لێرەدا باسی دیوی فەرامۆشکراوی ئەرکی هەڤاڵ و کادری حزبی دەکەم لە بەرامبەر حزبەکەی. 
هەڤاڵ چۆن دەبێ بازنەی خێزانی خۆی لە دەرەوەی بازنە گەورەکەی حزبایەتی بەجێبهێڵێت؟
هەر هەڤاڵ و کادرێکی  حزب سەرکردە و رێبەرە لە بازنەی هەیکەلی رێکخراویی خۆیدا. ئێ باشە رێبەرایەتییەک چۆن سەرکەوتوو دەبێت ئەگەر قەناعەتی سیاسی و حزبی و فیکری بە نزیکترین کەسەکانی خۆی نەکات؟ 
هەڤاڵ کاک و هەڤاڵی خانم ئەگەر هاوسەری خۆی، کچ و کوڕانی خۆی، خزم و دراوسێی خۆی قەناعەت پێ نەکات کە لایەنگر و دەنگدەر و تیمی هاندانی حزبەکەی بن، لە هەڵبژاردنی دیموکراسی و لە لێقەومانی سیاسیدا، ئیتر چۆن رێبەرێكی لێ دەردەچێت لە ئاستی بەرزتر و بازنەیەکی فراوانتردا؟ 
کادری حزب و هەڤاڵی چالاکی حزب خاوەن پەیام و پەیامبەری گەیاندنی پەیامی نیشتمانی و نەتەوەیی و دیموکراسی حزبەکەیەتی، جا ئەگەر ئەڵقەی رۆشنبیری و سەری گفتوگۆ لەگەڵ خێزانی خۆی،  یان لەگەڵ کچ و کوڕی خۆی دانەمەزرێنێ و پێیانەوە هیلاک نەبێ و سەبری حزبی خۆی بەوان تاقی نەکاتەوە، ئیتر چۆن ئەرکی حەریفانەی حزبی پێ بسپێردرێت لە تاقیکردنەوەی فراوانتردا؟ 
چۆن باوەڕ بکەین کە ئەوە تاکەکان دێنێتە ناو حزبەوە و نوێبوونەوە دەکات کە نەتوانێ کوڕ و کچی خۆی و نەوەکانی خێزانی خۆی بێنێتە ریزی تێکۆشانی سیاسییەوە؟
جا ئێمە لێرە قسە لەسەر حزبایەتی دەکەین،  نەک ئازادی و فەردانییەت و مافی جیاوازی کە ئەوانە پرەنسیبی گەوهەرین بۆ کۆمەڵگەکەمان، بەڵام داخۆ ئێمە تاقیمان کردۆتەوە ئەگەر ئەندامانی خێزانەکەمان بانگهێشتی حزبایەتی بکەین بە بیانووی دەعیەی بۆرژوازی و فەردانییەت و ئەم شتە بە باق و بریقانە رەتیدەکەنەوە؟
ئێمە بە خۆمان نەزانیوە لەوانەیە کچ و کور و هاوسەر و هاوڕێی ژیانمان ئەگەر بۆ ناسینی زیاتری ئێمە و نزیکایەتی زیاتریشیان لە ئێمە حەز بکەن لەم خەمە حزبییە نیشتمانییەش شەریکمان بن. بۆ بانگیان ناکەین؟ ئەگەر ئەرکەکە خۆش و دیموکراسی و شەرەفی نیشتمانییە بۆ ئەوانی لێ مەحروم دەکەین؟ ئەگەریش هیلاکی و ناخۆشییە بۆ گەرەکمانە هەر ئەو دەور و بێگانانەی دەرەوەی خێزانی خۆمان ئەزێتی پێوە بکێشن؟
ئەگەر حزبایەتی لە دژواری و تەنگانەی نیشتمانیدا ناخۆش و تاقەتپڕوکێنە، با لە نزیکەکانی خۆمانەوە دەستپێبکەین و ئەگەریش ئەو حزبایەتییە لە فەرحانی و سەڵتەنەتی حوکمڕانی و ئاسایی ژیانی دیموکراسیدایە، بۆ دەبێ ئەرکەکە لە کەسوکاری خۆمان دووربخەینەوە و ئەوانی تێدا بن لە ئیمتیاز و بەرەکەتەکانی کەچی لە هیلاکی سیاسی دووریان بخەینەوە یان بێ پرس بڕیاری دوورخستنەوەیان بدەین؟ 
هەڤاڵینە وەرنە سەر خەتی گفتوگۆی هەڤاڵانە لەسەر ئەم بابەتەش.

وتارەکانی نوسەر