پرسیارە نەمرە ئۆینبازەکان

01:27 - 2024-04-12
ستران عەبدوڵڵا
116 خوێندراوەتەوە

تەبعەن راگەیاندنەکان هەقی رەهای خۆیانە هەموو شتێک بپرسن و لە هەموو شتێک بە گومان بن  تا وەک فەیلسوفەکان دەڵێن بگەنە یەقین. خۆشمان لە گەنجێتی کۆششی میدیا بۆ خۆشکردنی  دەمەتەقێی دیموکراسیی هەر وامان کردووە و پرسیاری گریمانییەی (ئەگەر و نەگەرمان) دەکرد. ئەمە لە کایەی میدیادا شەرعییە،  بەڵام لە کایەی وەڵامی سیاسیدا ئەگەر غافڵ بین کوفری موبینە و هەر دەبێت  بە ناچاری خۆتی لێ لابدەیت!
لەم دۆخەدا خوێندنەوەی کتێبی بە ناوەڕۆکی (چۆن خۆت لە تەڵەی پرسیاری رۆژنامەنووسانی ژیر و چەلەنگ دەدزییەوە، بێ ئەوەی شتێک بشکێنیت؟!) زۆر زۆر پێویستە، بەڵام چونکە کتێبی وا لە ئارادا نییە و هێشتا نەنووسراوە کەوابێ دەرفەت بۆ ئیجتیهادی فرە کراوەیە، مادام بابی رەحمەتی ئیجتیهاد دانەخراوە و ئیشەکە زەحمەت نەکرێت باشترە.
دوو هەفتەی ناوجەرگەی وەداعی رەمەزان و سێ رۆژەی جەژنی پیرۆز هاوەڵانی رۆژنامەنووس پشتی گەرمی جەژنە پیرۆزە لەسەر هەڵبژاردنی کوردستان دەپرسن و کۆڵنادەن؛ ئەی ئەگەر فڵان نەیکرد و نەیهێشت و هیچی پەسەندنەکرد، ئێوە چی دەڵێن و چی دەکەن و چی دەقەومێت؟ 
جا چونکە تازە قسە بەناوبانگەکەی مامۆستا سەڵاحەدین بەهادین کە وتی (ئەیکا ئەیکا) بۆتە  وێردی سەرزمانی خاسوعام  جوان نییە دەستی بەسەرا بگرین. دەبێت هەر جوابێک بڵێیت دەنا جەژنانە و نوقلی جەژنت پێ نییە.

راستێکەی هەندێک جاریش ئیلحاحی زۆری پرسیارەکان دەچێتە بابی بارمتەی ژوری ئۆپەراسێۆنی سیاسییەوە بۆ پرسی ناڕەوا. لەم حاڵەدا پرسیار ئێسکگران دەبێت وەک پرسیاری غەوارەی خۆ بە دۆست زان کە لە منداڵ دەپرسن (دایکت خۆش دەوێ یان باوکت) و ئەی کامیان زیاتر؟ یان لە پیاوی فەقیر دەپرسن دایکت خۆش دەوێت یان دایکی منداڵەکان کە هەر جوابێکی کێشەدارە و دارکاری بە دواوەیە.
برا پێش ئێوە و ئێمەش  شاعیرمان عەبدوڵڵا پەشێو لە باسی بژاردە رۆمانسییەکاندا گوتویەتی؛ (هەم تۆم خۆش دەوێت و هەم ئەویش، 
هەم تیشکی خۆر دەپەرستم و هەم تریفەی مانگەشەویش).
جا ئێمەش هەروا، بەس بە شیعر نایزانین و بە پەخشانی رەوا و رەوانی سیاسی دەیڵێین: 
هەڵبژاردن و دیموکراسیمان گەرەکە و یەکێتیی ریزەکانی گەلیش، بەشداری هەموان و گشتمان پێ خۆشە و حەزیش دەکەین خۆمان بیبەینەوە.
کوردستان و نەتەوە و قەوارەی هەرێممان لا پیرۆزە و ئازادی رادەربڕین و بەشداری سیاسی و ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتیشمان کەرکوکی گوتەنی؛ (دەها پێخۆشترە). 
بۆچی ئەم مافە بەرامبەر مافی تر رابگرین کە هەقە پێکەوەیان گرێبدەین.
ئەسڵی ئەم هەقە باوکە دامەزرێنەرەکانی کوردایەتی تەمغەیان لێداوە و دەستووری وڵات بۆی سەلماندوین و جاڕنامەی مافی مرۆڤیش ئەشهەدومابیللای بۆ کردووە. ئێ بە خوا گەلەکەشمان، بەو هەموو قوربانی و ئازایەتییەوە،  لایق بەو مافانەیە و شایانێتی.

وتارەکانی نوسەر