رۆژێ لە رۆژان کەسێکی دەردەدار و پەرێشان، وەک دوا چارەسەر، لەتاوان هانا بۆ یۆگییەک دەبا، رووبەڕووی یۆگییەکە لەسەر ئەژنۆ دادەنیشێ، وەک وتاربێژێکی لێهاتوو، بە وردی دەست بە باسی دەردەداری و داماوی خۆی دەکا. ئەو جۆرە کەسانە ئەوەندە هۆشیان لەسەر کێشەکانیان بووە، ئەوەندە باسی کێشەکانی خۆیان بۆ ئەم و ئەو کردووە، ئەوەندەیان پێخۆشە باسی ئازارەکانی خۆیان و داماوی خۆیان بۆ هەمووان بکەن، بوونەتە وتاربێژ و ئاخێوەرێکی بەتوانا، بە جۆرێک ئەگەر دە کۆرسی بەتوانابوون لە بواری ئاخێوەریدا بینیبا ئەوەندە لێهاتوو نەدەبوو! لەقسەکردن بەردەوام دەبێ، وادیارە بۆ قسەکردن هاتووە نەک بۆ چارەسەر، یۆگییەکە لە شوێنێک، بە بێ ئەوەی گوێ بە یاسا و رێساکانی زمانەوانی و تەنانەت ئەدەبی گوێگرتن بدا! لەپڕ «خاڵێک» فڕێدەداتە ناو قسەکانییەوە و رایدەگرێ، تکایە بەسە! تێگەیشتم! بە ئارامی هەڵدەستێتە سەر پێ، لە نزیکییەوە کۆڵەکەیەک هەیە، بە ئارامی باوەشێکی تووند بە کۆڵەکەکەدا دەکا و دەست بە هات و هاوار دەکا، داوا لە کابرای دەردەدار دەکا بە هانایەوە بچێ و لە کۆڵەکەکە رزگاری بکا، کابرای دەردەدار بۆ ماوەیەک دەحەپەسێ، سەری لێتێکدەچێ، شپرزە دەبێ و نازانێ چی بکا، یۆگییەکە هات و هاوارەکەی بەرزتر دەکاتەوە و تکایە هەستە و لەو کۆڵەکەیەم رزگار بکە، کابرای دەردەدار وەهۆش دێتەوە و بە پێکەنینەوە بە یۆگییەکە دەڵێ: (لەوەناچی بەڕێزتان کەسێکی تەواو بن، ئەو هات و هاوارەی ناوێ، پێویستت بە یارمەتی کەس نییە، خۆت دەست لە کۆڵەکەکە بەردە رزگارت دەبێ، بەڵێ خۆت باوەشت لە کۆڵەکەکە بکەوە ئازاد دەبی).
یۆگییەکە باوەشی بەردەدا و بە ئارامی دێتەوە بەردەمی کاکی دەردەدار دادەنیشێت و دەڵێ: (کەواتە تێبگە! جەنابیشت هیچ کێشەیەکت نییە، تەنیا ئەوە نەبێ باوەشت بە هۆکاری کێشەکان و کێشەکاندا کردووە، دەست لە هۆکار و کێشەکان هەڵبگرە هیچ کێشەیەکت نامێنێ. جەنابت باوەشت بە هۆکار و کەرەستە و کەسەکاندا کردووە و کردووتن بە سەرچاوەی ئازار بۆ خۆت، کەچی داوای چارەسەر لە یەکێکی تر دەکەی، چارەسەرەکە لای خۆتە، دەستت لە شتەکان بەردە، هەر شتێک و هەر کەسێک بۆتە سەرچاوەی ئازار بۆت دەستی لێبەردە و لێی ئازاد بە تا ئازارەکانت بڕەوێنەوە، ناکرێ بە تووندی باوەشت بەوانداکردبێ و ئارامیش بی، دەبێ دەستیان لێ بەردەی، هەرکەس فێری هۆنەری دەست لێبەردان نەبێ ناتوانێ کەم تا زۆر تامی بەختەوەری و ئارامی بکا، ئەو کەسە هەمیشە دەردەدار دەبێ.
لێرەدا یۆگییەکە دوو کاری زۆر گرینگ دەکا، سەرەتا کەسەکە وا لێدەکا خۆی بۆسەرچاوەی کێشەکانی خۆی بگەڕێ و بیاندۆزێتەوە، دواتر فێری دەکا لە رێگەی دەست هەڵگرتن لە سەرچاوەی کێشەکان، لە رێگەی دەستبەردان و وازهێنان لێیان فێر بێ کێشەکانی چارەسەر بکا. ئێستا جەنابت بەچی نائارام، قەڵەو، لاواز یان نەخۆشکەوتووی، وازیان لێبێنە و دەستیان لێ هەڵگرە چاک دەبیتەوە.