پێشتر لە کۆتایی ساڵی (2021)دا بڕیارمدا گەر ناچار نەکرێم هیچ پۆستێک بڵاوناکەمەوە، بەڵام وەڵام دانەوەی نزار خەزرەجی درۆزن بە ئەرکی خۆم دەزانم بۆیە هاتمە وەڵام.
خەزرەجی، لە دیمانەی رۆژی (3.5.2022)ی کەناڵی (ئەلعەرەبی)دا نکۆڵی ئەوە دەکات کە رژێمی بەعس و حکومەتە شۆڤینییەکەی عیراقی عروبە کە ئەو تێیدا سەرۆک ئەرکانی سوپای دڕندە و رەگەزپەرستی سەدامی دیکتاتۆر بووە، کوردی گوندنشینی باشووری کوردستانی گرتبێت و ئەنفالی کردبن، لە کاتێکدا نزار خەزرەجی لە کەیسی داواکردنی مافی پەنابەری لە دانیمارک گوتوویەتی: (ژمارەی ئەو کوردە گوندنشینانەی کە سوپای عیراق و بە فەرماندەیی سەدام حوسێن و عەلی حەسەن مەجید ئەنفالی کردوون، دوو سەد و پەنجا هەزار کەس بوونە نەک وەکو ئەوەی کە کوردەکان خۆیان ژمارەی ئەنفالکراوەکان بە سەد و هەشتا هەزار کەس دادەنێن).
نزار خەزرەجی لە دیمانەی کەناڵی (ئێم بی سی)، کە لە رۆژی (10.11.2001)دا کراوە، چەند جارێک باسی ئەوە دەکات کە خۆی لە عەدنان خەیروڵڵای وەزیری بەرگری بیستووە کە فڕۆکەکانی عیراق کیمیابارانی هەڵەبجەیان کردووە. دەقی چاوپێکەوتنەکەی نزار خەزرەجی لەگەڵ کەناڵی (ئێم بی سی) لەسەر دوو کاسێت لای من پارێزراون.
هیوادارم ئەو وەڵامەی رۆژی (21.4.2021)، کە لە خوارەوە دانراوە و بۆ نزار خەزرەجی نووسیومە بخوێننەوە.
ئەو لینکەی خوارەوە، دەقی دیمانە نوێکەی نزار خەزرەجی نامرۆڤە لەگەڵ تەلەفزیۆنی ئەلعەرەبی.
https://www.youtube.com/watch?v=BDoi_aj-JSY
Dersim Peshewa is with Dersim Peshewa.
April 9, 2021 ·
نزار خەزرەجی درۆزن و بە ناو دۆستی سەرانی کورد
کاتێک کە سهرۆك ئهرکانی سوپای عیراق لە سهردهمی شاڵاوی ئهنفالهکان (فهریق روکن نزار عهبدولكهریم فهیسهڵ ئهلخهزرهجی)، لە دانیمارک لە ماڵەکەی خۆی دەستبەسەربوو، له دیمانهیهكی كهناڵی (ئێم. بی. سی)، بهرنامهی گفتوگۆی ههفته (حوارالاسبوع )، کە له رۆژی (10.11.2001)دا لهگهڵیدا کراوە و دەقی چاوپێکەوتنەکەم بە ڤیدیۆ هەیە، به كورتی دهربارهی کیمیاباران كردنهكهی شاری ههڵهبجه گوتی: (له بهرهبهیانی رۆژی (16.3.1988) دا ئهو رۆژهی له ههڵهبجه درا، فهرماندهی فهیلهقی یهكی ئهوكات لیوا روکن كامیل ساجت بوو، (کامل ساجت عهزیز ئهلجهنابی، کە دواتر بە بڕیاری سەدام، له رۆژی (16.12.1998)دا قوسەی سەدام (1967.4.17-2003.7.22)، بە تاوانی هەوڵی کۆدەتا کوشتی – دەرسیم پێشەوا) به تهلهفۆن پێی راگهیاندم كه شهوی رابردوو و بهیانی ئهمڕۆ ئێرانییهکان هێرشیان هێنابوو بۆ سهر ئهو بهرزاییانهی دهكهونه خۆرههڵات و باكووری ههڵهبجه. ههروهها گوتی بارهگای هێزی بهرپرس بۆ پارێزگاری ناوچهكه كه له ههڵهبجهیه ئهركی خۆی جێبەجێکرد زاڵن بهسهر رهوشهکهدا. دهوروبهری كاتژمێر چواری ههمان رۆژ دووباره لیوا روکن كامیل ساجیت تهلهفۆنی بۆ كردمهوه و پێی راگهیاندم (کۆمهڵێک فڕۆكه هاتوون شاری ههڵهبجهیان كیمیاباران كرد). لێم پرسی: فڕۆكهكان عیراقی بوون؟ گوتی: (بهڵێ فڕۆكهكانی خۆمان بوون و پەیوهندیش به فهرماندهی هێزی ههڵهبجه پچڕاوه). له راستیدا سهرم سوڕما و دهستبهجێ پێوهندیم كرد به وهزیری بهرگری فهریق عهدنان خهیرولڵا و له رهوشهکه ئاگادارم كردهوه. ئهو پیاوهش گوتی: (هیچ زانیارییهكم لهسهر ئهو بابهته نییه، كاتژمێرێك یان تۆزێك زۆرتر ماوهم بده پەیوهندیت پێوه دهكهمهوه). رێك دوای كهمتر له دوو كاتژمێر، نزیک بە كاتژمێر و نیوێک پەیوهندی پێوه كردمهوه و گوتی: (بهڵێ فڕۆكهكانی خۆمان بوون به فهرمانی فهرماندهی گشتیی سهدام حوسێن له ئهنجامی پێدانی زانیاری نادروست لهلایهن عهلی حهسهن مهجیدهوه، ههڵهبجهیان بۆمباران كردووه. ئەو کاتە عەلی حەسەن مهجید بهرپرسی بیرۆی رێکخستنهکانی باكووری حزب و بارهگاكهی له كهركوك بوو. پێدهچێت عەلی حەسەن مهجید له رێگای كهسانی سهر به دهزگای حزبیهوه زانیاری وای پێگهیشتبێت ههڵهبجه كهوتبێته دهست ئێرانییهکان. دهستبهجێ پەیوهندی به سهدام حوسێن-هوه كردووه و بڕیاری ئهوهیان داوه بۆمبارانی ههڵهبجه بكهن. دواتریش دهركهوت ئهو لێدانه لێدانی كیمیایی بوو.
غەسان شربل، لە لاپەڕەکانی (173-244)ی کتێبی (العراق من حرب إلی حرب- صدام مر من هنا)، دیمانەیەکی نزار خەزرەجی داناوە، کە کاتی خۆی لە شارۆچکەی (سوغو)ی دانمارک لەگەڵ ناوبراوی کردووە. نزار خەزرەجی، لە وەڵامی پرسیارێکی غەسان شربل سەبارەت بە کیمیاباران کردنی شاری هەڵەبجە لەلایەن حکومەتی عیراق و کەس لایەنی بەرپرس لەم تاوانە، لە لاپەڕەکانی (179-182)دا، کە چەند کۆپلەیەکم وەرگرتووە، دەڵێت: (هەڵەبجە بە بڕیاری فەرماندەی گشتیی بە فڕۆکە لێی درا. لە راستیدا ئەوەی روویدا شتێکی سەیر بوو. عەلی حەسەن مەجید بەرپرسی باکوور بوو، دەسەڵاتی تەواوی پێ درابوو. هێرشی ئێرانی بۆ سەر ناوچەکە هەبوو. پیاوانی ئەمنی و حزبی بە عەلی حەسەن مەجیدیان راگەیاندبوو کە هەڵەبجە کەوتۆتە دەست ئێرانییەکان، ئەویش سەدامی لەمە ئاگادارکردەوە. سەدام بڕیاری دا کە لێدانێکی تایبەت (واتە هێرشی کیمیایی - دەرسیم) ئاراستەی هەڵەبجە بکات کە پێی وابوو زیانێکی زۆر بە ئێرانییەکان دەگەیەنێت. بەرپرسانی حزبی لە تەوجیهی سیاسیی سەربازی و سڤیل کە پەیوەندی راستەوخۆیان هەبوو بە عەلی حەسەن مەجیدەوە، کە بەرپرسی حزبی و بارەگاکەی لە کەرکوک بوو، ئاگاداری ئەویان کردبۆوە کە هەڵەبجە کەوتۆتە دەست ئێرانییەکان، ئەویش پەیوەندی بە سەدامەوە کردبوو و پێشنیاری کردبوو کە «لێدانی تایبەت/ ضربة خاصة»ی ئاراستە بکرێت، ئەوەبوو سەدام بڕیاری بە هێزی ئاسمانی دا ئەو لێدانە جێبەجێ بکەن. لەو باوەڕەدام ئەو رۆژە 16.3.1988 بوو. سێ کەس بەرپرسێتی هەڵەبجە دەکەوێتە ئەستۆیان، سەدام حوسێن کە بڕیاری بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دا، عەلی حەسەن مەجید کە زانیاری هەڵەی گواستەوە و پێشنیاری لێدانی تایبەتی کرد، هەروەها حوسێن کامل بە هۆکاری ئەوەی کە لە کارگەکەی ئەو چەکەکە دروست دەکرا. عەلی حەسەن مەجید تەنانەت لە شاڵاوەکانی ئەنفالیش چەکی کیمیایی بەکارهێنا).
هەڵاتنی خەزرەجی بەرەو ئیمارات
نزار خەزرەجی، دوای راکردنی لە دانمارک لە رۆژی (15.3.2003)دا بەرەو سوید، لەوێوە بۆ سوریا، باشووری کوردستان (سەرەتا لە سەری رەش و دواتر بۆ کۆیە)، پاشانیش بۆ ئیمارات و لە شارۆچکەی (رأس العین) لە نێو خەزرەجییەکانی ئەوێ گیرسایەوە، کە پێشتریش هۆزی خەزرەجی لە ئیماراتەوە بۆ عیراق هاتبوون و بە مەبەستی بەعەرەبکردنی باشووری کوردستان لە شاری موسڵی کوردستانی نیشتەجێ کراون، هەر دوای دەربازبوونی لە دادگای دانمارکی گەڕایەوە سەر ئەسڵی خۆی (دڕندە، نامرۆڤ، شۆڤینی، دژ بە کورد، کاولکەری کوردستان و بەعسی)، لە یاداشتەکانی خۆیدا سەدا سەد چیڕۆکی لێوان لێو لە درۆی داڕشتووە بۆ بێتاوان نیشاندانی دیکتاتۆر سەدام حوسێن، عەلی کیمیایی و خۆی وەکو سەرۆک ئەرکانی سوپای رژێم و حزبی بەعسی عروبی و بەرپرسە شۆڤینییەکانی عیراق.
رووی راستەقینەی خەزرەجی
نزار خەزرەجی، دوای سێانزە ساڵ، لە لاپەڕەکانی (382-384)ی یاداشتەکانی خۆی لەژێرناوی (الحرب العراقیة – الإیرانیة 1980 – 1988 مذکرات مقاتل)دا، رووی راستەقینەی شۆڤینی، عروبییەت، بەعسێتی و بێویژدانی خۆی دەرخستووە، زۆر بێشەرمانە، درۆزنانە و نامرۆڤانە نکۆڵی تەواوی لە قسەکانی پێشووی خۆی کرد، کە پێشتر و لەکاتی داواکردنی مافی پەنابەرێتی لە دانیمارک بۆ بەڕێوەبەرێتیی پەنابەرێتی دانیمارک کردبووی و ژمارەی قوربانیانی ئەنفالی بە (250) هەزار گوندنشین دانابوو، هەروەها لەو دیمانە تەلەفزیۆنییەی كهناڵی (ئێم. بی. سی)، بهرنامهی گفتوگۆی ههفته (حوارالاسبوع )، کە له رۆژی (10.11.2001)دا، لەو کەناڵە عەرەبییە پەخش کرابوو، کە هەم بۆ دەسەڵاتدارانی دانیمارکی و هەم بۆ کەناڵی (ئێم. بی. سی)، دانی بەوەدا نابوو کە حکومەتی سەدام و هێزی ئاسمانی عیراق کیمیابارانی شاری هەڵەبجەیان کردووە، کەچی لە یاداشتەکانیدا نووسیوێتی: (لە کۆبوونەوەی ئێوارەدا لەگەڵ جێگری فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و وەزیری بەرگری عەدنان خەیروڵڵا، لە بارەگای کاتیماندا لە سلێمانی، دوو رۆژ دوای کەوتنی هەڵەبجە، ئەفسەرێکی هەواڵگری سەر بە ئەرکانی گشتیی هاتە ژوورەوە و ئاگاداری کردینەوە لەوەی کە چەند چالاکییەک لەسەر ئامێرە بێتەلەکانی دوژمنی ئێرانی و چەکدارە کوردەکان هەیە کە مایەی سەرنج و تێڕامانن سەبارەت بەوەی کە لە هەڵەبجە و ئەو هێرشەی ئەمڕۆکە روویداوە. وەزیری بەرگری عەدنان خەیروڵڵا پەیوەندی بە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە کرد و پرسیاری ئەو بابەتەی کرد. وەڵامیان دایەوە کە ئامێرەکانی گوێگرتنی ئەوان زانیاری جۆراوجۆری وەرگرتووە سەبارەت بەو بابەتە و رووداوەکە. هێشتا راستییەکانی ئەو بابەت و رووداوە بۆ ئەوان روون نەبۆتەوە. دوای چەند رۆژێک ئێرانییەکان و چەکدارە کوردەکان بانگەشەی ئەوەیان بڵاوکردەوە کە فڕۆکەکانی عیراق لە هەڵەبجەیان داوە و زیانی زۆریان گەیاندووە. دواتر چاوم کەوت بە ژمارەیەک لە فەرماندەکانی هێزی ئاسمانی کە بەرپرس بوون لە بنکەکانی ئەوکاتی هێزی ئاسمانی، ئەوان هەر هەموویان جەختیان لەوە کردەوە کە هیچ فڕۆکەیەک لە بنکەکانی ئەوانەوە بۆ کارێکی لەم شێوەیە نەفڕیون و لە بنکەکان دەرنەچوونە. دوای وەستانی شەڕی نێوان عیراق و ئێران، چەند لیژنەیەکی نێودەوڵەتی تایبەت بە پشکنین و شیکردنەوەی پاشماوەی کیمیاباران لە تاقیگەکانیان، گەیشتنە ئەو باوەڕەی کە ئەو کیمیاییەی کە لە هەڵەبجە بەکارهاتووە لای ئێرانییەکان هەیە و عیراق تا ئەوکاتەش ئەو کیمیاییەی نەبوو. من دڵنیام کە رۆژێک دادێت و راستییەکان رادەگەیەنرێت بەوەی کە لایەنی ئێرانی هەڵەبجەی بە گازەکانی سیانیدی هایدرۆجین، کلۆریدی سیانۆجین و ئارسین کیمیاباران کردووە، کە بریتین لە گازی ناجێگیری جوڵەکەر، کە عیراق بەرهەمی نەدەهێنا).
منیش دڵنیام کە نزار خەزرەجی درۆزنە، شۆڤینییە، دژ بە کورد و کوردستانە.
لە کتێبی (ئینسکلۆپیدیای تۆمەتبارانی ئەنفال) و لە بابەتی (کیمیاباران کردنی هەڵەبجە)دا ئەو پرسیارەم کردووە: (گەر حکومەتی سەدام و کۆیلەکانی بەعس و عروبە پێیان وایە ئێران هەڵەبجەی کیمیاباران کردووە، ئەی بۆ هیج بەیانێکی سەربازی و رۆژنامەکانی الثورة، الجمهوریة و العراق ئاماژەیان بە کیمیابارانی هەڵەبجە نەکردووە لەلایەن ئێرانەوە؟ ئاماژە پێنەکردن و خۆبێدەنگ کردنیان بەڵگەی سەدا سەدی ئەوە دەسەلمێنێت کە حکومەتی بەعس خۆی هەڵەبجەی کیمیاباران کردووە). رۆژنامەکانی رۆژی 17ی ئازاری 1988م لە ئەرشیفەکەمدا پاراستووە، کە تەنانەت ئاماژەیان بە سنوور بەزاندنی فڕۆکەی ئێرانیش نەکردووە لە رۆژی 16ی 3ی 1988دا کە ئەمەش بەڵگەیەکی ترە بۆ ئەوەی کە حکومەتی بەعسی عروبە کیمیابارانی هەڵەبجەی کردووە نەک ئێران کردبێتی.
نزار خەزرەجی نامرۆڤە، دۆستی سەرکردەکانی کورد نەبووە و نییە (ئەوان راستیان نەکرد کە گوتیان: نزار خەزرەجی دۆستی کوردە و پێوەندی بە ئێمەوە هەبوو، ئەویش لە مذکرات مقاتل، بە دوژمن، چەتە، رێگر و موخەڕیب ناوی سەرانی کوردو پێشمەرگە دەبات، هەروەها لە یەکێک لە کتێبەکانی خۆیدا شاری کەرکوکی کوردستانی بە شاری تورکمان دادەنێت و بە دڵێکی پڕ لە رق و کینەوە باسی دەکات، هەروەکو ئەوەی کە کورد لەم شارەدا بوونی نەبێ، بۆ نموونە لە لاپەڕە (29)ی مذکرات مقاتل، نووسیوێتی: لە ساڵی 1944، باوکم کرایە فەرماندەی یەکێک لە فەوجەکانی سەر بە فیرقەی دوو لە کەرکوک، لەوێ لە خوێندنگای مەلیک غازی سەرەتایی خوێندم، ئەوکاتە کەرکوک شارێک بوو کە تورکمان و ژمارەیەکی کەم عەرەب و کریستانی تێدا دەژیا)، ئەم کەسە بەعسیی، داعش، دڕندە و مرۆڤکوژ و بێویژدانە، چونکە لە دانیمارک راستییەکانی گوت و دواتریش بەهۆی بیری (عروبی، شۆڤینی بەعسێتی) پەنای بردە بەر درۆ و هۆنینەوەی چیرۆکی پڕ لە بوختان و ناڕاستی بۆ شاردنەوەی راستییەکان و تاوانەکانی (سەدام، بەعس و عروبەی سوپای سەدام).
رۆڵی خەزرەجی لە شاڵاوەکانی ئەنفال
ئەو نزار خەزرەجییەی، کە بەناو سەرکردەکانی کورد داکۆکیان لێی دەکرد و نامەی غوفرانیان بۆ دادگای دانیمارکی دەنووسی و ناوبراویان بێتاوان نیشان دەدا لە تاوانەکانی ئەنفال و کیمیاباران کردنی هەڵەبجە، بەڵام دوای روخانی رژێمی سەدام و حکومەتی بەعس کاتێ کە بەڵگەنامەکان کەوتنە دەست، بە گوێرەی چەندان بەڵگەنامە و ڤیدیۆ دەرکەوت کە نزار خەزرەجی رۆڵی باڵای هەبووە لە شاڵاوەکانی ئەنفال و کیمیاباران کردنی باشووری کوردستان و شاری هەڵەبجە.
بۆ بەدرۆخستنەوەی نزار خەزرەجی و بەعسییە رەگەزپەرست و شۆڤینیستەکانی دژ بە کورد و کوردستان، ئاماژە بەو سەردانەی دکتۆر بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری ئێستای عیراق دەدەم، کە کاتی خۆی رۆژنامەی ئاسۆ بڵاوی کردەوە. کاتێک دکتۆر بهرههم ساڵح، جێگری سهرۆک وهزیرانی عیراق (2004) سەردانی ئهو زیندانهی کرد که سهدام، عهلی کیمیاوی و پیاوه ترسنۆکهکانی سهدام-ی تیادا زیندانی کرابوو، دوای ئهوهی دکتۆر بهرههم وهکو جێگری سهرۆک وهزیرانی ئەوکاتی عیراق و کوردێکی شاری ههڵهبجهی کیمیاباران کراوی دهستی ئهو خۆی به عهلی حهسهن مهجید دهناسێنێ، عەلی کیمیایی لە ترسان دەمی تێک دهئاڵێ و به پهشۆکاوی دەڵێ: (نزار خهزرهجی بهرپرسی بۆردومانکردنی شاری ههڵهبجهیه نهک من؛ سەرچاوە: (رۆژنامهی ئاسۆ، ژماره (25)، سێشهممه، (28.9.2004)، ل1). عەلی حەسەن مەجیدی ناسراو بە عەلی کیمیایی، لە بەردەم دکتۆر بەرهەم ساڵح بەرپرسێتی کیمیاباران کردنی شاری هەڵەبجەی خستۆتە ئەستۆی نزار خەزرەجی سەرۆک ئەرکانی ئەوکاتی سوپای عیراق، کە لە راستیدا (سەدام حوسێن، عەلی کیمیایی، نزار خەزرەجی، سابیر عەبدولعەزیز ئەلدوری و سوڵتان هاشم ئەحمەد) رۆڵی سەرەکییان هەبووە لە تاوانی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە لە رۆژی (16.3.1988)دا.
چاوپێکەوتنەکەی کەناڵی ئاسمانی (ئێم. بی. سی)، لەگەڵ نزار خەزرەجی، لای خۆم لەسەر دوو کاسێتی ڤیدیۆدا پاراستوومن. هەروەها رائیدی ئەمن سەباح یەحیا ئەلحەمدانی، لە رۆژی (21.3.2021)دا ڤیدیۆی یادی (33) ساڵەی کیمیاباران کردنی شاری هەڵەبجەی لە کەناڵی (یوتیوب) داناوە، بەگوێرەی زانیاری راست و دروستی ئەو، ناوبراو لە نزیکەوە ئاگادارە و بە بەڵگە دەیسەلمێنێ، کە سوپای عیراق بەهۆی (هێزی ئاسمانی، فڕۆکە، هەلیکۆپتەر، راجیمە، تۆپی دوورهاوێژ و ئاڕپیجی) شاری هەڵەبجەی کیمیاباران کردووە، هەروەها باسی ئەوە دەکات هێزەکانی سوپای عیراق لە رێگەی فڕۆکەی (مێک 23)، سی و شەش (36) بۆمبی (250) کیلۆگرامی (خەردەڵ، سارین و کیمیایی تایبەتیان) فڕێداوەتە سەر هەڵەبجە
سەباح ئەلحەمدانی، لەو بەرنامەیەدا ئاماژە بە نامەیەکی نزار خەزرەجی دەدات کە بۆ رۆژنامەنووسێکی ناسراوی عەرەبی ناردووە بەناوی ئیبراهیم ئەلزوبەیدی ناسراو بە باوکی لیقاء (أبو لقاء)، لە نامەکەدا باسی ئەوە دەکات کە فڕۆکەکانی عیراق لە رۆژی (16.3.1988)دا کیمیابارانی شاری هەڵەبجەیان کردووە. ئەو نامەیەی کە خەزرەجی بۆ ئیبراهیم زوبەیدی ناردووە، هەمان ئەو قسانەی نزار خەزرەجی سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەوکاتی سەدام و بەعسە، کە لە رۆژی (10.11.2001)دا بۆ کەناڵی (ئێم. بی. سی) کردوویەتی و پێشتریش بۆ دەسەڵاتدارانی دانیمارک.
خەزرەجی لە کاتی سەرپەرشتیکردنی پرۆسەی ئەنفال