حكومەت و سەربەخۆكان

10:06 - 2022-05-10
ئیدریس جەبار
267 خوێندراوەتەوە

هەندێك پێیانوایە سەربەخۆكان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، دەبنە فاکتەری بەلاداخستنی سەنگی هاوكێشە سیاسییەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو، پاش ئەوەی لەلایەن موقتەدا سەدر رابەری رەوتی سەدرەوە داوایان لێكرا بچنە پاڵ «گەورەترین فراكسیۆن» و لەماوەی 15 رۆژدا حكومەت پێكبهێنن. 
ئەم داوایەی سەدر، لە پاش تەواوبوونی مۆڵەتی 40 رۆژەی  بوو بۆ «چوارچێوەی هاوئاهەنگی»، لەپێناوی پێكهێنانی حكومەت كە لەماوەی دانیشتنەكانی پێشوودا بووە سێیەكی لەگەڕخەر و رێگەی نەدا دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار سازبكرێت. 
سەربەخۆكان كە لەچەند هێزێكی سیاسی و تشرینییەكان پێكدێن، وەك ئەو فاکتەرەی سەنگی قەپانی سیاسی لە عیراقدا بەلایەكدا دەخات تەماشا دەكرێن، راسپاردنیشیان بۆ پێكهێنانی حكومەت لەلایەن رابەری رەوتی سەدرەوە كە خۆی بە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی 10ی تشرینی یەكەمی 2021 دادەنێت، مانۆڕێكی تری سیاسی رەوتەكەیە لەڕووی گرتنەبەری تەواوی رێگەچارەكان بۆ كۆتایی هێنان بەم چەقبەستنە سیاسییەی لە وڵاتدا هەیە. 
سەربەخۆكان دەكرێت وەك ئۆپۆزسیۆنێكی كارا لە ئەنجومەنی نوێنەران لەم خۆلەی ئێستای پەرلەماندا رۆڵی كاریگەرییان هەبێت، پەلكێشكردنیان بۆ نێو حكومەت و كایەی راپەڕاندن، پێناچێت خزمەت بە كاری سیاسییان بكات لەم قۆناغەدا، بەو پێیەی یەكەم ئەزموونی سیاسییانە و ناتوانن دەست بۆ كارێك ببەن كە لە توانایاندا نییە. 
رەوتی سەدر، بەر  لە هەڵبژاردن، بایكۆتكردنی پڕۆسەكەی وەك مانۆڕێك بەكارهێنا، لە دوای هەڵبژاردنەوە دروشمی پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی بەرزكردەوە، بەر لە مانگی رەمەزانی رابردوو مۆڵەتی 40 رۆژی بۆ پێكهێنانی حكومەتی تەوافوقی بۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگی دیاریی كرد، لەئێستاشدا نۆرەی سەربەخۆكانە و 15 رۆژیان لەلایەن رەوتەكەوە بۆ دیاریكراوە، تا حكومەت پێكبهێنن. 
هاوكێشەی سیاسی ئێستای عیراق، لە سایەی مانۆڕە سیاسییەكانی رەوتی سەدر و سێیەكی لەگەڕخستنی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، وەك بەردەكەی سیزیفی لێهاتووە و دواجار دەگەڕێتەوە بۆ هەمان ئەو خاڵەی لێوەی دەستپێدەكات. 
نە سەربەخۆكان و نە ئەوانی تر، توانایان نییە تایەكە بەلایەكدا بخەن و پڕۆسەی سیاسیی عیراق لەم رەوشەی تێیكەوتووە رزگاربكەن، ئەوەی دەمێنێتەوە حكومەتە كاربەڕێكەرەكەی مستەفا كازمییە كە چانسی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی پێبڕاوە و دەتوانێت لەم ماوەیەدا خۆی وەك فریادەڕەس و راستكەرەوەی هەڵەكانی پێشوو، لەڕێی باشكردنی رەوشی ئابووری و ئاستی خزمەتگوزارییەكانەوە، بخاتەڕوو.

وتارەکانی نوسەر