گۆزەكە بە ساغی لە کانی ناگەڕێتەوە

12:02 - 2022-08-09
ئیدریس جەبار
429 خوێندراوەتەوە

لەگەڵ قوڵبوونەوەی ناكۆكییەكان و هەڵوێستە دژ بە یەكەكانی نێوان رەوتی سەدر و هەندێك لایەنی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی، پێناچێت لەمجارەدا گۆزەكە بە ساغی لە كانی بگەڕێتەوە. 
ئەوەی دەمانگەیەنێتە ئەو بڕوایەی كە گۆزەكە بە ساغی ناگەڕێتەوە، سوربوونی موقتەدا سەدر رابەری رەوتی سەدرە لەسەر هەڵوێستەكانی سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختە، پێداگری لایەنەكانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگیش  كە»پارێزگارییە لە دەستور و دامەزراوە دەستورییەكان» هەڵوێسیتێكی پێچەوانەیە.     
هاوكێشەكانی ئێستای پڕۆسەی سیاسی عیراق دژ بە یەكن و بە ئەستەم لە هەندێك كاتدا یەكسان و هاوتەریب دەبن، خۆپیشاندان و مانگرتنی سەدرییەكان و تشرینییەكان لە بارەگای پەرلەمان و گۆڕەپانەكانی بەغدا، خۆپیشاندانی لایەنگرانی مالیكی و خەزعەلی و عامری لەبەرامبەرییاندا قوتدەبێتەوە. 
بەرەكانی ئێستای نێو گۆڕەپانی سیاسی عیراق بەرابەرنیین و زۆرجار لەنێو بەرەیەكیاندا بۆچوونی جیاواز دروست دەبێت و پشتیوانی لە هەڵوێستی بەرەی بەرامبەر دەكات، هەڵوێستی حكومەتی كاربەڕێكەریش هێوربوونەوە و پەنابردنە بۆ دانیشتن لەسەر مێزی دانوستان و  دیالۆگی عەقڵانی، ئەمەش بە تەنیا بە رووكەش پشتیوانی لێدەكرێت. 
لەدوای هەڵبژاردنی تشرینی یەكەمی 2021 كە هەندێك پێیانوایە دوایین پڕۆسەی هەڵبژاردنە لە عیراق، وڵات بە چەقبەستنێكی سیاسی نائاساییدا تێدەپەڕێت، بەبێ‌ ئەوەی دەستەواژەیەكی روون بۆ دەرچوون و كرانەوە لە ئاسۆوە دیاربێت، هەرچەندە زۆربەی لایەنەكان لەگەڵ پێكهاتن و ئاسایی كردنەوەی رەوشەكەدان و دژ بە هەڵچوونی زیاتر و بەرگرتنن لە داڕمان و پشێوی.
پشتیوانی لە دەستپێشخەرییەكانی هێوربوونەوە و هەنگاونان بەرەو دانوستانێكی هەمەلایەنەی نیشتمانی، تائێستا لە قۆزاخەی بەیاننامە و لێدوان و قسەی سەرپێی دەرنەچووە و هەر تەنیا خۆی لە هەڵوێستی كاتی و خۆجوانكردن و ناشیرینكردنی بەرامبەردا دەبینێتەوە. 
سەدرییەكان، تا بەدیهێنانی داواكارییەكان سورن لەسەر داخستنی دەرگای پەرلەمان و درێژەدان بە خۆپیشاندان و مانگرتن «رزگاركردنی عیراق لە گەندەڵی و شوێنكەوتەیی و راستكردنەوەی رێڕەوی پڕۆسەی سیاسی و دووركەوتنەوە لە دیالۆگی بێ‌ كەڵك و سازشنەكردن و داخستنی زاری گەندەڵكاران»لەو دروشم و ئامانجانەن كە رەوتەكە بەڕووی نەیارەكانیدا بەرزیاندەكاتەوە،لایەنەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیش «پارێزگاریكردن لە دەستور و دامەزراوە دەستورییەكان» دەڵێنەوە و وەك داردەست بەكاریدەهێنن.
سوربوونی لایەنە سیاسییەكان لەسەر هەڵوێستی خۆیان بەبێ‌ سازشكردن كە ماوەی چەقبەستنی سیاسی درێژتردەكاتەوە، لەگەڵ خراپی خزمەتگوزارییەكان و بڕانی كارەبا لە زۆربەی پارێزگاكانی باشوور لەم چلەی هاوینەدا، پڕۆسەی سیاسی عیراق لەرزۆك تر دەكەن و وادەكەن بڵێین زەحمەتە لەمجارەدا گۆزەكە بە ساغی لە كانی بگەڕێتەوە.

وتارەکانی نوسەر