پاشەكشە ناكات لە کوێت

11:43 - 2024-08-01
ئیدریس جەبار
162 خوێندراوەتەوە

رەش و رووت و عەوامەكەی پێیانوابوو، پارێزگایەكی تری خستە سەر عیراق و جوگرافیای وڵاتی گەورە كرد و بەیتولمالی پڕكرد

سەرشێتی بوو یان پێیكرا، هاوكێشەكانی بە هەڵە لێكدایەوە، یان پێی وابوو خولانەوەی چەرخی رۆژگار  تا سەر بۆ ئەو دەبێت، زاری بەختی هەڵدا، یان نانی شوانی خوارد و.... هتد. 
دەیویست لە شۆڕەسوار و عەگیدەوە، ببێتە شێخی گەورە و دەستی لە خەزێنەی قارون گیرببێت، لەلایەك دارعاسەكەی موسا و لەلایەكیش بە گەورەیی و دەستڕۆیشتوویی فیرعەونان خۆی بادەدا، بۆیە هەردەم دەیوت سەردەكەوین. 
رەشوڕووت و عەوامەكەی پێیانوابوو، پارێزگایەكی تری خستە سەر عیراق و جوگرافیای وڵاتی گەورە كرد و بەیتولمالی پڕكرد. 
خۆی لە بەرگی نەبوخوزنەسر و سەعدی كوڕی ئەبی وەقاس خزاندبوو، نەیدەزانی هەم خانووەكەی خاپوور و هەم موڵكەكەی تاڵان دەكرێ، نەیدەزانی سوپاكەشی بە شكاوی و بە مل كەچی «رێگەی مەرگ» و پاشەكشە دەگرێتەبەر.  
دەیوت، ئەگەر فەرمانی پاشەكشەكردن دەرچوو، ئەو نییە و كەسانی دیكەن و لاسایی دەنگەكەی دەكەنەوە، چونكە ״لا تراجع، المؤمن یتقدم״، مونازەلەكەی بە شەڕی نێوان خێر و شەڕەنگێزی دادەنا و  پێیوابوو لە مەیداندا پێ دەنێن بەسەر لاشەی دوژمناندا و چەمكی زلهێزەكان لە جیهاندا دەگۆڕن. 
هێندە لەخۆبایی و لووتبەرزبوو كە پێیوابوو، فریشتەكان لە ئاسمانەوە شەڕی بۆ دەكەن و سەربازە شەكەتەكانی شەڕی ئێرانیش كاروانی دروشم و خواستی «و عادت الفرع الی الاصل» دەگەیەننە مەنزڵ. 
لە گردبوونەوە و لەشكركێشی 34 دەوڵەت نەسڵەمییەوە، بە عەقڵێكی بەردین گرێكوێرە سیاسییەكانی دەكردەوە، ئەو «سیف العرب» و «فارس الامة» و «حامی البوابة الشرقیة»یە، ئیدی چۆن چۆك بۆ دوژمنان دادەدا كە دەزانێت «الله معه و الشیطان مع امریكا»؟، بۆیە پاشەكشە ناكات. 

وتارەکانی نوسەر