شەقام بە شەقام

10:07 - 2022-08-16
ئیدریس جەبار
362 خوێندراوەتەوە

ماوەی هەفتەیەك بۆ هەڵوەشاندنەوی پەرلەمان دادەنێت و هەڵبژاردنێكی تری پێشوەختەی دەوێت، دەوروبەری ئەنجومەنی نوێنەرانیش چۆڵ ناكات و لە كاتی پێویستدا رێنمایی نوێ‌ دەداتە لایەنگرانی، نەسرەوتنی هەڵبژاردووە تا بەدیهێنانی تەواوی داواكاریی و ئامانجەكانی، ئەمەی دەیكات بە هەمان ئەو كاروانەی دەزانێت كە ئیمام حسێن «د.خ» لەسەری رۆیشتووە. 
خەڵكی پارێزگاكان جۆش دەدات و گردبوونەوەی لایەنگرانی چڕدەكاتەوە، ئەمجارەش خۆی بۆ خۆپیشاندانێكی تری ملیۆنی لە بەغدا ئامادە دەكات، سازش لەسەر داواكارییەكانی ناكات و دیالۆگ و دانوستان لەگەڵ لایەنی بەرامبەر رەتدەكاتەوە.
چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە دوای «پاشەكشەكردنی فراكسیۆنی سەدری لە پەرلەمان و پڕۆسەی سیاسی»خۆی بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی خزمەتگوزاریی تەوافوقی تاودا، لەئێستاشدا «بەرگری لە شەرعیەت و دەوڵەت و دامەزراوە دەستورییەكان» دەكات و خۆی بە سوپەری پاراستنی یاسا لەقەڵەم دەدات. 
دەوروبەری ناوچەی سەوز بە لایەنگرانی دەتەنێت و پەیامی رووبەڕووبوونەوە دەگەیەنێتە ركابەرەكەی، «بەپێی دەستور لەم وەختەدا گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانە و مافی پێكهێنانی حكومەتی هەیە»، هەموو رێڕەوێكیش بۆ گەیشتنە مەبەست دەگرێتەبەر و جێگەیەك هەر دەدۆزێتەوە بۆ سازدانی دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و راسپاردنی كاندیدەكەی بۆ پێكهێنانی حكومەت. 
وەك سەردەمی قەومییەكان و شیوعییەكانیان لێكردووە، شەقام لەیەكتر دەگرن و هەریەك لە شەقامێكەوە هەوڵ بۆ بەدیهێنانی ئامانجە سیاسییەكەی دەدات، لایەنێك بە ناوی «چاكسازی» و لایەنەكەی تر «پاراستنی شكۆی دەوڵەت»، هەموو ئامرازە دیموكراتی و نا دیموكراتییەكان بە شیاو دادەنێن بۆ بەكارهێنان. 
پشێوی لە گۆڕەپانی سیاسی عیراقدا گەیشتۆتە ئاستێكی نەخوازراو، هەموو دەرگاكان بەڕووی دیالۆگ و دانوستاندا داخراون، هەریەك لە ئاوازێك دەخوێنێت و شێوازیی تایبەت بە خۆی هەیە بۆ وتنەوەی مارشەكان، ئەوانەی دەوروبەری بارەگای پەرلەمان چۆڵ ناكەن، خۆپیشاندەرانی چواردەوری ناوچەی سەوز بە پشتكردنە حسێن و پشتگیریی لە سوپاكەی یەزید دادەنێن، بەپێچەوانەوە لایەنەكەی تر بە پێشێلكردنی یاسا و رێكارە دەستورییەكان تۆمەتبار دەكرێت.  
شەقام بە شەقامە، هەریەك شەقامی تایبەت بە خۆی هەیە بۆ گردبوونەوە و خۆپیشاندان، هەریەك دروشم و ئامانجی خۆی، بەرژەوەندی باڵا و خزمەتی هاووڵاتی و پاراستنی سەروەریی و جێبەجێكردنی پرۆژە ستراتیژییەكان و هتد، بۆ دوای «هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنێكی پێشوەختەی تر» و «پێكهێنانی حكومەتی خزمەت» دوادەخرێن و پاشان دەخرێنە خانەی «خبر كان».   

وتارەکانی نوسەر