سەرمایەداری نیشتمانی و کوێخاکانی سەردەم!؟

09:46 - 2024-02-26
هێمن مەنسور
146 خوێندراوەتەوە

هێمن مەنسور


(جوانکردنی وڵات، پێشکەوتنی زانستیی ژیان، نەهێشتنی بێکاری، جووڵاندنی بازاڕ، باشکردنی داهاتی تاک، خۆشگوزەرانیی خێزان و زۆر شتی جوانتر پەیوەست بە ژیانی کۆمەڵگە، گرێدراوە بە باش بەڕێوەبردنی دەسەڵاتەوە، بە هەردوو رووەکەیەوە، کە ئەویش، کەرتی گشتی و تایبەتە).
ـ لە ساڵی (1984) لە کەرتی رێکخستنی خانەقین لە ئاوایی ژاڵەی سەفەری ناوچەی گەرمیان، پێشمەرگە بووین، مامۆستا عیماد ئەحمەد لێپرسراوی کەرتی رێکخستن بوو، زۆربەی کاتەکانمان بە تایبەتی شەوان، بە کۆڕ و سیمیناری فیکری بەسەر دەبرد، لە پێناوی دروستکردنی کەسایەتی کادری نموونەیی، لەبیرم دێت، لە سیمینارێکدا، کە تایبەت بوو بە شۆڕشی ئوکتۆبەر بە رابەرایەتی لینین و پارتی بەلشەفیک لە یەکێتیی سۆڤیەتی ئەو سەردەمە، سیمینارەکە لەلایەن کاک عیمادەوە دەگێڕدرا، تێیدا باسی لە گرنگی رۆڵی سەرمایەداری نیشتمانی دەکرد، لە پێشخستنی ژێرخان و سەرخانی وڵات و کۆمەڵدا بەگشتی، لەو رۆژەوە هەتا ئەمڕۆ وتەکانیم لەبیرنەچووە و ناچێ، کە تێیدا دیوت: کاتێک بەلشەفیکەکان سەرکەوتن بەسەر دەسەڵاتی قەیسەردا، هەموو سەرمایەدارە نیشتمانییەکانی روسیای قەیسەری وا تێگەیشتبوون کە بە هاتنە سەر دەسەڵاتی کۆمۆنیستەکان، ژیانیان دەکەوێتە مەترسییەوە، دەسەڵات دەست دەگرێت بەسەر هەموو سەرمایەکانیاندا، بۆیە زۆربەی زۆری سەرمایەداران وڵاتیان بە جێهێشت و روویان کردە وڵاتانی ئەوروپا، لە دوای ئەم هەڵوێستەی سەرمایەداران، کارگەکان لەکارکەوتن، بازاڕ شڵەژا، رۆژ لە دوای رۆژ، ژیانی کۆمەڵگە بەرەو خراپتر دەچوو، هەواڵی ئەو دۆخە خراپە گەیشتە (لینین) رابەری شۆڕشەکە، هەر بۆیە، لینین بۆ چارەسەری دۆخی شێواوی خەڵک و ترسی لەبەرپابوونی شۆڕشی پێچەوانە، دەستیکرد بە نووسین و ناردنی نامە بۆ سەرمایەدارە هەڵاتووەکان لە دنیای دەرەوەی یەکێتیی سۆڤیەت،  نامەکە داواکاری لینین بوو لە سەرمایەدارەکان، بەوەی بگەڕێنەوە بۆ نێشتمان بە مەرج و بەڵێنی پاراستنی خۆیان و سەرمایەکانیان. لە کۆتایی نامەکەدا، خودی لینین، ئیمزای کردووە و لەژێر ناو و ئیمزاکە، نوسیووێتی (عبدکم المطیع/ لینین).
ئەمەی سەرەوە ئاماژەم پێکرد، وتەی کاک عیماد بوو.

بەڕێوەبردنی تەندروست بە (فرە کوێخایی و کویخاکانی سەردەم، بە راوڕووتکردن، بە گروپ گروپی چەکداری، بەبێ یاسایی، بە حەز و ئارەزوو) ناکرێت، دەبێ کەشێکی ئارام بۆ بازاڕ و خەڵک بەگشتی بخوڵقێندرێ، خەڵکی پسپۆر لە بوارە جیاجیاکان دابنرێ

 

مەبەستم لەم گێڕانەوەیە چییە؟
لێرەدا دەمەوێ ئەوە بڵێم، گەلی کورد، لە مێژووی خۆیدا، سەدان جار، یاخی بوونی راگەیاندووە، بەناوی شۆڕشەوە، بەڵام بەبڕوای من، هەموو یاخی بوونەکان لە ئەنجامی زۆڵم و زۆر و تێنەگەیشتی ئەو حکومەتانەوە بووە  کە جوگرافیای کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە، لە رەگی جوانییەکانی ژیان و پێکەوەژیانی نەتەوە جیاوازەکانی ناوچەکە، هەربۆیە، لە رێگەی زەبروزەنگ و هەڵگیرساندنی شەڕەوە، ویستویانە پارێزگاریی لە مانەوەی دەسەڵاتەکانی خۆیان بکەن، بەڵام دەسەڵات دوای دەسەڵات سەری یەکیان خواردووە و گەلی کوردیش هەر ماوەتەوە و بەرخودانی بەردەوامی هەبووە و هەیە، لێرەدا ئەگەر واز لە باسکردنی ئەو مێژووە و دەسەڵاتەکان و یاخیبوونەکانی گەلی کورد بێنین و شەن و کەوی پێش و پاشی هەرەسی (1975) نەکەین و بێینە سەر باسی هەلی زێڕینی رەخساو لە دوای رووداوەکانی عیراق لە ساڵی (1991) بەدواوە و رۆڵی سەرکردایەتی کورد، لە بەڕێوەبردنی سێ پارێزگاکەی ناوچەی ئارام، لە هێڵی (36) بە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و بە چاودێریی هێزی ئاسمانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، هەرلە کاتی بەرەی کوردستانی و هەڵبژاردنی پەرلەمانی باشووری کوردستان و پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای هاوبەشی لە دەسەڵاتی (50 بە 50).
پەندێکی جوانی کورد هەیە، دەڵێ (ئەوەی دەتگرێنی دۆستتە، ئەوەی پێت پێدەکەنێ دووژمنتە)، مەبەستم لەم پەندە ئەوەیە، ئەو مرۆڤانەی کەوا خۆیان بە دڵسۆز و خەمخۆری ئەم خاک و گەلە دەزانن، دەبێ راستییەکان وەکو خۆی بە خاس و خراپەوە باس بکەن و بەڕووی دەسەڵاتیدا بدەن، لە پێناوی بەخۆداچوونەوەو چارەسەر، نەک لەگەڵ دەسەڵاتی حزبی و حکومی درۆ بکەن، بەبێ هەستکردن بە لێپرسراوێتی، لە پێناوی ئافەرینی بەرپرسێک و دەستکەوتێکی کەسی. بەندە کەس لە خۆم بە دڵسۆزتر نازانم بۆ خاک و گەلەکەم، بۆ چاککردن یان گرتنەبەری رێگەی دروست و دەربازبوون لەم دۆخە شێواوە، لە ناوەوەی بازنەی دەسەڵاتداری بێت، یان چوونە سەر شەقامی بەرهەڵستکاری.
بۆیە دەڵێم: بەداخەوە نەمانتوانی لەم ئەزموونە زێڕینە، تابلۆیەکی جوان پیشانی جەماوەری خۆمان و دونیای دەرەوە بدەین، بە فەرهودکردن و ئاودیوکردنی مومتەلەکاتی حکومەت کە موڵکی گشتی بوو، دەستمان پێکرد، هەتا دەگاتە ئەم رۆژە نالەبارە، کەوا متمانەی لە نێوان دەسەڵات و خەڵکدا نەهێشتووە، خەڵکیش تووشی نائومێدی بووە، دەسەڵاتیش وەک بڵێی مێش مێوانی نەبێ، رۆژ لەدوای رۆژ لێڵی بەری دیەی خەڵکی گرتووە، ترسیان لە دووبارەبوونەوەی هەرەس و ماڵوێرانییە.
بۆئەوەی لە ناوەڕۆکی بابەتەکە لانەدەم و بچمە سەر مەبەستم لە ناونیشانەکە (سەرمایەداری نیشتمانی و کوێخاکانی سەردەم)..!؟ دەبێ ئەوە بڵێم، ئەم دۆخە شێواوە، زۆر کوێخای سەردەمی دروستکردووە، کە بەبێ ماندووبوون، لەسەر بنەمای ناکۆکیی حزبی و کوتلە و کوتلەکاری نێو حزبەکان بەگشتی، بوونەتە خاوەن سەرمایەی خەیاڵی، بەبێ ئەوەی نە خەڵک، نە حزب، نە حکومەت، سوود لەو دەستکەوتە ناشەرعییانە بینیبێت، کە بوونەتە مایەی ناشیرینکردنی رووی خەبات و تێکۆشانی مێژووی رابردوومان، بە پێچەوانەوە، ئەوانەی سەرمایەداری نیشتمانی و دڵسۆزی راستەقینە بوون، زۆربەیان تووشی داڕووخانی دەروونی بوون و سەرمایەکەیان هەرەسی پێهێنرا و رێگەیان پێنەدرا کە گەشە بە ژێرخانی ئەم هەرێمە بدەن، لە پێناوی بووژانەوەی هەموو بەشەکانی ژیانی کۆمەڵانی خەڵک، ئێستاش نەچووە بچێ، دەکرێت، لە سەرەوە بۆ خوارەوە، کوێخاکانی سەردەم بانگ بکرێن، پرسیاری (من این لک هذا) یان لێبکرێت، بەپێ یاسا و بە ئاشکرا، ریسوا بکرێن.
 لێرەدا دەمەۆێت ئاماژە بە دوو خاڵ بکەم، لەسەر کوێخاکانی کاتی دەسەڵاتی بەعس و کوێخاکانی ئێستای خۆمان.
لەکاتی دەسەڵاتی بەعس (سەدام حسێن)دا، لە کۆبوونەوەیەکی حزبی کە بە ڤیدیۆیی هەیە لە یوتیوب، پرسیار لە رەفیق حزبیەکی گەورە دەکات، ئێستا خاوەنی چیت لە ماڵی دونیا، رەفیق حزبەیەکەش، دەڵێ خاوەنی کۆمەڵێک کارگە و شتی ترم، سەدام حسێن پێی دەڵێت: تۆ لە پێش «شۆڕش!» پێت پەتی بوو، تۆ بەم کارانەت، ناپاکیت لە حزب و شۆڕش کردووە، دەبێ لە ژیان بێ بەشت بکەم، سەدام لەو سەردەمەدا سەرنج و رای خەڵکی بۆ لای خۆی رادەکێشێت.
بۆ چارەسەری «کوێخا»کانی ئێستاش، لای خۆمان، هەرچەند رەگی کێشەکەی دێرین، روون و ئاشکرا نییە لای خەڵک بە تەواوی، بەڵام خەڵک بە گشتی ئەم شێوە بڕیارەی یەکێتییان پێخۆشە، هەرچەندە لایەنە دژبەرەکانی یەکێتیی پڕوپاگەندەی خراپی بۆ دەکەن، بەڵام هیوادارین ئەم رێوشوێنە لەگەڵ باقی کوێخاکاندا بکرێ، بەبێ جیاوازی و ئاهێک بە دەروونی خەڵکی برسی و داماودا بێتەوە.
بەڕێوەبردنی تەندروست بە (فرە کوێخایی و کویخاکانی سەردەم، بە راوڕووتکردن، بە گروپ گروپی چەکداری، بەبێ یاسایی، بە حەز و ئارەزوو) ناکرێت، دەبێ کەشێکی ئارام بۆ بازاڕ و خەڵک بەگشتی بخوڵقێندرێت، خەڵکی پسپۆڕ لە بوارە جیاجیاکاندا دابنرێ، چۆن دەڵێن (نان بۆ نانەوا و گۆشت بۆ قەساب)، ئێمە لەو رۆژەوە، بەشێک لە بەناو سەرکردەکان حزبایەتی و بازرگانیان پێکەوە گرێدا، جوانییەکانی مێژوومان ناشرین کرا، ئێستاش بۆ گێڕانەوەی متمانەی خەڵک، پێویستمان بە فریادڕەسێکی مەزنی سەردەمییانەیە.

وتارەکانی نوسەر