بایدن چی پێ وتین و ئێستا چۆن مامەڵە دەکات؟

10:17 - 2024-02-21
هێمن مەنسور
141 خوێندراوەتەوە

 لە زانستی لۆژیک(علم المنطق) ئەو راستییە باوە و پێچەوانەش هەڵناگرێ، هەموو دەرەنجامێک لە ئەنجامی هۆکارە، هەموو بیر و گوفتار و کردارێکی لۆژیکی، ژیانی خۆش بەرهەم دێنێ، پێچەوانەکەش ماڵوێرانی دەبێ، مڕۆڤ بەبێ هەڵسوکەوتی لۆژیکی، لە خانەی مڕۆڤی تەواو دەرئەچێ و دەبێتە کۆیلەی لۆژیکداران.
 ـ کتێبی(درەوشانەوەی مێژوو) بە قەوارەی (316) کە لەلایەن بەڕێز (عیماد ئەحمەد)وە نووسراوە، پێکهاتووە لە کۆمەڵێ بابەتی جیا جیا، ژیانی کەسی و سیاسی ناوبراو، ئەزموونەکانی رێکخستنی ناو شار و زیندان، دۆخی خەباتی چەکداری و کێشەکان، راپەڕین و حوکمەتداریی باشووری کوردستان و کۆمەڵێ وێنەی یادگاری جۆرا و جۆر، چێژ بەخش لە خوێندنەوەی.
لێرەدا نامەوێ بڕۆمە ناو قسەکردن لەسەر هەموو بابەتەکانی ئەو کتێبە، تەنها ئەوەی سەرنجی راکێشام، لە لاپەڕە(250) بە ناونیشانی(بایدن چی پێ وتین و ئێستا چۆن مامەڵە دەکا)؟ ئەم بابەتە، قسە و شیکاری زۆر هەڵدەگرێ، بەندەش دەمەوێ چەند وشەیەک لە سەری بنووسم وەکو رای خۆم.
ناوبراو لەو بابەتەدا نووسیویەتی، لەمیانەی ئامادەکاری بۆ لێدانی رژێمی ئەوسای عیراق، رۆژی (2002/12/7) لە هاوینەهەواری سەڵاحەدین وەکو وەفدی هاوبەشی یەکێتیی و پارتی، لەگەڵ جۆ بایدن کۆبووینەوە، کە ئەوکات بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆنگرێس بوو، دەڵێ لە کۆتایی کۆبوونەوەکە، من لە بایدنم پرسی، لە شۆڕشی ئەیلوولەوە تا ساڵی(1975) بە گەرمی پشتیوانیتان لە گەلی کورد کرد، بەڵام دوایی لەبەر خاتری رژێمی ئەو کاتی ئێران پشتتان لە ئێمە کرد، ئەی ئێستا ئەمریکا تاکوێ پشتیوانی لە کورد دەکا؟ ئایا ئەمجارەش لەبەر دڵی تورکیا پشتمان تێناکات؟
نووسەر دەڵێ: بایدن زۆر بە راشکاوی وەڵامی دامەوە، وتی، ئەمریکا نکۆڵی لە رەوایی مەسەلەی کورد ناکات، تا ئەو شوێنە پشتیوانی سەرڕاستی کورد دەبێت کە خاوەن سیاسەتێکی عەقڵانی و مەنتیقی بێت.
بەندە لێرەدا دەڵێم: هەم پرسیارەکە مەنتقی بووە، هەم وەڵامەکە، ئێستاش دڵنیام زۆرینەی گەلی کورد، بەدوای وەڵامی ئەو پرسیار و وەڵامەدا دەگەڕێن، ئایا لایەنە کوردستانییەکانی باشوور و دەسەڵاتی حوکمڕانیان، تاچەند لە سیاسەت مەنتقی بوون و تاچەند لە حوکمڕانی عەقڵانی؟ لە شار و شاخ، لە کاتی رووخانی رژێمی بەعس، هەتا ئەمڕۆ؟
بۆیە لێرەدا دەتوانم ئەوە بڵێم، ئەگەر بەرپرسانی هەرێم، ئەو پرسیار و وەڵامەیان بەهەند وەربگرتایە، رۆژمان بەم رۆژی نائومێدییە نەدەگەشیت، کە بەداخەوە سیاسەت و بەڕێوەبردنی نامەنتیقی هەرەسی بە هەموو جوانییەکان هێناوە، کارەساتێکی گەورەیە، تاکی کورد لە باشووری کوردستان باوەڕی بە کەسایەتی خۆی نەمێنێ و بە نائومێدییەوە لە داهاتوو بڕوانێ، ئەمەش لە ئەنجامی نامەنتیقیی سیاسی و بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی بێ سیستمی لە ئەزموونی هەڵی زێڕینی کورد، ئێستاش ئەگەر لایەنەکان، بە تایبەت، پارتی و یەکێتی، کە دوو لایەنی سەرەکی حوکمڕان و خاوەن هێزو پارەن، لەسەر نامەنتیقی، نێوان خۆیان، نێوان خۆیان و خەڵک بڕۆن، قازانج سەری مایە دەخوا، کەسیش تاوانبار نییە جگە لە خۆیان.

 

وتارەکانی نوسەر