ئەندامانی حزب چۆن پلە و پۆست وەردەگرن؟

09:33 - 2024-02-27
هیوا محەمەد
308 خوێندراوەتەوە

کەسێک بە شانازییەوە وتبووی من کەبابی باش دەزانم دروست بکەم، چونکە 16 ساڵ شاگردی کەبابچی بووم، ئەوەی بەرامبەری وتبووی باشە خێرە ئەو هەموو ساڵە نەبوویتە وەستا؟
لەکاری حزبیدا کەسەکان دەبنە سیاسی، ئیتر لێرەوە لە هەوڵی ئەوەدان بچنە ناو ناوەندەکانی بڕیارەوە بەپێی شوێنەکانیان، ئەوان بەپێی خەباتەکەیان دەبێت پلە حزبییەکان ببڕن، مەرجیش نییە هەموویان بەو پلانە بگەن، بەڵام دیارترینیان یان ئەوانەی چالاکن و توانای باشیان هەیە، دەگەنە پلە باڵاکان، بەمەرجێک دانان و پێدانی پلە لە رێگەی پێوەرێکەوە بێت کە بۆ هەموان وەک یەک بێت.
چۆن لە دادگادا دادوەر یاساکان بەکار دەهێنێت بۆ حکومدان، ئاواش لە حزبدا پێوەرە جێگرەکان کە بۆ بڕینی پلە حزبییەکان دیاریکراوە، دەبێت بەکاربهێندرێت بۆ بڕینی پلە حزبییەکان بە ئاسایی، بەڵام دەکرێت بە بڕیاری تایبەتیش دەستە حزبییەکە کەسێک بەرز بکەنەوە و لە بری هەنگاوێک، سێ هەنگاو بیبەنە پێش، لەکاتی پێویستدا.
یەک لە شێوازە دیموکراسییەکان لە دەرەوەی هەڵبژاردن و دەنگدان بە کاندیدەکان، پێشکەشکردنی سیڤییە لەلایەن ئەوانەوە کە دەیانەوێت پلەکان بەدەست بێنن و دەستە حزبییەکان بەپێی بوونی مەرجە دیاریکراوەکان پەسەندیان دەکەن.
سیڤی یەکەم بڕیاردەری وەرگرتنی پلەیە، دەبێت پێش دانانی کەسەکە دەستەی بڕیاردەر دابنیشن و ئەو سیفەت و مەرجانە دیاریبکەن کە پێویستە لەو پلەیەدا هەبێت کە دەیانەوێت بیدەن بە کەسێک، لەوانە تەمەنی کارکردنی کە بۆی دەبێتە ئەزموون، رابردووی کارکردنی واتا هەڵسەنگاندنی کارەکانی و جێگە دەستی، هەندێک مەرجی دیکە. 
هەرکەس زۆرترینی ئەم مەرجانەی تێدا بوو، دوای چاوپێکەوتن لەگەڵی، بڕیار لەسەر وەرگرتنی دەدرێت ئیتر هەرکەس بێت و ناوی هەرکێ بێت.
ئەگەر ئەمە کرا ئیتر کەس راکە راکەی نابێت بە شوێن پلە و پۆستدا و ماستاوکردنەکانیش سوودیان نابێت، دەستەی بڕیاردەریش بە ئارەزووی خۆیان کەسەکان دانانێن.
هەندێک بە بیانووی بەدەستهێنانی ماف، داوای پۆست و پلە دەکەن، ئەمە رەنگە بەشێکی راست بێت وەک ئەوەی کەسێک تەمەنێکی لەناو حزبێکدا بەسەر بردبێت و پێی وابێت کە مافی خۆیەتی پلەی بەرز بکرێتەوە، بەڵام ئەگەر بگەڕێتەوە بۆ تەمەنی کارکردنی، رەنگە نەیتوانیبێت هێندەی کەسێکی دیکەی هاوشێوەی خۆی جێگە دەستی هەبووبێت، یان مەرجە پێویستەکان لەوەی دیکەدا زیاتر بێت، چونکە درێژیی تەمەنی حزبی، بە تەنها مەرج نییە بۆ پێشکەوتن و گەیشتن بە پلە حزبییەکان، هەیە دەیان ساڵە لەگەڵ حزبێکدا کار دەکات، بەڵام توانای نییە سەرپەرشتیی دەستەیەک لە ئەندامان بکات، ئەگەرچی خۆی لە هزری خۆیدا دەوڵەمەندە و باوەڕی تەواویشی بە حزبەکەیەتی و قوربانیشی بۆ داوە.
مەکینەی حزب کادرەکانییەتی کە هەریەک لای خۆیەوە ئەرکەکان بەجێدەگەیەنێت لە پێگەیاندنی ئەندامان و دۆستانی حزبەکەی و ئامادەیان دەکات کە رۆژێک بێنە جێگەکەی ئەوان، چونکە حزب هەر دەمێنێت، ئەوەی دەگۆڕێت ئەندامەکانییەتی کە تەمەنێک بەڕێدەکەن، یان ماندوو و نەخۆش دەبن، یان کۆتایی بە ژیانیان دێت.
لێرەوە دەبێت دەستە باڵاکانی حزب رەچاوی ئەوە بکەن کە ئەندامەکانیان بە پلە حزبییەکاندا بە یەکسانی و لە روانگەی تواناکانیانەوە پێیبگەن، دەنا جەستەی حزب سست دەبێت و ناکرێت هەر لە دەستەی سەرکردایەتیدا گۆڕانکاری بکرێت و خوارەوەش وەک خۆی بمێنێتەوە یان بە سستی گۆڕانکاریی تێدا بکرێت.

وتارەکانی نوسەر