د.عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا
پێشه‌كی
ئایا سیستمی فیدراڵی، به فه‌لسه‌فه و ئه‌زموونیش، بریتییه له سیستمێكی سیاسیی كۆكه‌ره‌وه، یان پڕۆژه‌یه‌ك بۆ قوتدانی مافی یه‌كتر له‌نێوان ده‌سه‌ڵاته فیدراڵییه‌كان و فه‌رمانڕه‌وایی هه‌رێمه‌كان و كانتۆنه‌كاندا؟ ئه‌گه‌ر كەلتوری دیموكراسی له ئه‌زموونی وڵاتانی خاوه‌ن سیستمی دێرینی فیدراڵیدا، رۆڵێكی له سه‌رخستنی سیستمه‌كه‌دا هه‌بێت، ئه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه چی بكه‌ن كه بۆشایی کەلتورێكی وه‌هایان هه‌یه، یان له قۆناغی گواستنه‌وه‌ن به‌ره‌و دیموكراسی؟ ئایا ده‌ستوور كه له گشتپرسییه‌كی دیموكراسییانه‌دا په‌سه‌ند بكرێت، هیچ رۆڵێكی ده‌بێت له پاراستنی سیستمی فیدراڵیی ئه‌و وڵاتانه‌دا كه تازه ئه‌زموونی ئه‌م سیستمه ده‌كه‌ن؟
ئایا ئه‌زموونی عیراق، له‌م بواره‌دا، چۆنه؟ دادگای فیدراڵی و بڕیاره‌كانی له چه‌ند ساڵی رابردوودا، تاچه‌ند میكانیزم و رێكاری داكۆكیكردنن له سیستمی فیدراڵیی وڵات و تا چه‌ندیش ده‌رهاویشته‌كانیان، له ململانێ و به‌ریه‌كه‌وتنه‌كانی ناو پڕۆسه‌ی سیاسیی عیراقدا، ده‌قۆزرێنه‌وه؟ ئه‌و په‌ره‌سه‌ندنانه چین كه له‌م ماوه‌یه‌دا كراونه‌ته پێوه‌ر و پێودانگ بۆ رۆڵ و پێگه‌ی ئه‌و دادگایه له چاره‌سه‌ركردن و یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ده‌ستوورییانه‌ی ئه‌و گرژی و ناكۆكییانه‌ی كه په‌یوه‌ستن به سنووری ده‌سه‌ڵاته فیدراڵییه‌كانی عیراق و ده‌سه‌ڵاتی لۆكاڵیی هه‌رێمی كوردستانه‌وه؟ ئه‌و هه‌ڵوێست و سیاسه‌تانه چین كه ده‌شێت به‌شدار‌بن له داڕشتنه‌وه‌ی تێگه‌یشتنێكی فراوانتر له رۆحی سیستمی فیدراڵی و به‌ربه‌ره‌كانییه‌كانی له ئه‌زموونی عیراق و هه‌رێمدا؟
ئه‌م په‌یپه‌ره، به‌شدارییه‌كه بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره ئاڵۆزانه كه ئه‌مڕۆ بابه‌تی گه‌رمی ناو ناوه‌ندی سیاسی و میدیایی هه‌رێمی كوردستان و عیراقن.
چی رووده‌دات و چی ناخوێنرێته‌وه؟
پێش وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره‌كان، پێویسته ئاماژه بۆ ئه‌وه بكه‌ین كه ماوه‌یه‌كه له زۆر ده‌زگای راگه‌یاندنی هه‌رێم و عیراقیشدا، شیكاری و هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ كاریگه‌ریی بڕیاره‌كانی دادگای باڵای فیدراڵیی عیراق ده‌كرێت له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك پرسی جیاواز، له‌وانه: په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم - به‌غدا، ئه‌و پابه‌ندییانه‌ی كه بڕیاره‌كان بۆ هه‌ردوولای دروست ده‌كه‌ن، قۆناغی نوێی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، شوێن و رێكاری وه‌رگرتنی و مانا و ئاماژه‌كانی، پرسی به‌شه بودجه‌ی هه‌رێم و هه‌مواركردنی یاسای بودجه‌ی عیراق و ئه‌گه‌ره‌كانی، له‌وانه‌ش گرنگتر چاره‌نووسی قه‌واره‌ی هه‌رێم، یان ره‌هه‌ندی سیاسیی بڕیاره‌كانی دادگا و كاریگه‌ریی ناوه‌نده سیاسییه‌كان له‌سه‌ری.
له‌دیدی ئێمه‌دا، ئه‌وه‌ی له راوه‌ستان له‌سه‌ر ئه‌و پرس و دۆسییانه‌دا شوێنی خۆی له گفتوگۆ و دیبه‌ته سیاسی و میدیاییه‌كاندا نه‌گرتووه، پرسی ئاڵۆزیی سیستمی فیدراڵی خۆیه‌تی، به‌تایبه‌تی بۆ وڵاتانێكی وه‌ك عیراق كه بۆ ئه‌و، سیستمێكی ته‌واو نوێیه، پێشتر و له‌هیچ قۆناغێكیدا په‌یڕه‌و نه‌كراوه و نه‌بووه، به‌تایبه‌تی كه ئه‌م سیستمه له ساڵی (2005)ه‌وه و دوای گشتپرسی له‌سه‌ر ده‌ستووری هه‌میشه‌یی، دێته سه‌ر میراتی ده‌وڵه‌تێك كه- لانیكه‌م – له مێژووی نوێیدا، له ساڵی (1921)ه‌وه بۆ ساڵی (2003)، خاوه‌ن ده‌ستووری هه‌میشه‌یی نه‌بووه، ده‌وڵه‌تی گوزارشتكردنی راسته‌قینه‌ش نه‌بووه له ئیراده‌ی سیاسیی هه‌موو پێكهاته‌كانی وڵات.
له‌وانه‌ش خراپتر، له قۆناغی كۆمارییه‌وه (1958)، ده‌وڵه‌تی كوده‌تا سه‌ربازییه‌كان و باڵاده‌ستیی ئایدیۆلۆژیا رادیكاڵ و فراوانخوازه‌كانی وه‌ك كۆمۆنیزم، یان ناسیۆنالیزم بووه، له (1968)یشه‌وه تۆتالیتارییه‌تی به‌عسیزم. واته له‌هه‌موو دۆخێك‌دا ده‌وڵه‌تێك له‌كایه‌دا بووه كه به بیر و په‌یڕه‌و و ئه‌زموونیش، دیموكراسی نه‌بووه. له باشترین حاڵ‌دا، بریتی بووه له نوێنه‌ری كه‌مینه‌یه‌ك له كۆمه‌ڵگه‌ی عیراقی كه نوخبه سیاسییه‌كه‌ی به ده‌سه‌ڵاتێكی سێنتراڵی خاوه‌ن مشتی پۆڵاین فه‌رمانڕه‌وایی پێكهاته‌كانی تری كۆمه‌ڵگه‌ی كردووه، ئه‌مه‌ش بۆخۆی میراتێكه، ته‌واو پێچه‌وانه‌ی زه‌مینه و مه‌رجه‌كانی راهێنانی كۆمه‌ڵگه‌ی سیاسیی عیراقه به سیستمی فیدراڵی، كات و ماوه‌ی دوورودرێژی مێژوویی و بگره ململانێ و به‌ریه‌ككه‌وتنی سیاسی و كێشمه‌كێشی ئابووری و كارگێڕیی گه‌وره گه‌وره‌شی ده‌وێت تا بتوانرێت، سیستمه‌كه، قۆناغ به قۆناغ، له پڕۆسە‌ی فه‌رمانڕه‌واییدا جێ بگرێت و ببێته به‌شێك له هۆشیاریی كۆمه‌ڵایه‌تییش.
دژ به‌یه‌ك نه‌بوون
له ئه‌زموونی وڵاته فیدراڵییه‌كاندا، به‌پێی ئه‌و ده‌ستووره‌ی كه به ده‌نگدانی گشتیی دانیشتووان ده‌كرێته بناغه‌ی یاساكانی وڵات، حكومه‌تی فیدراڵی و حكومه‌تی هه‌رێمه‌كان و كانتۆنه‌كان، یان ویلایه‌ته‌كان، خۆیان وه‌ك قه‌واره‌ی دژبه‌یه‌ك و پێك ناكۆك نابینن. مادده‌یه‌كی ده‌ستووری، یان یاسایه‌ك لەئارادا نییه و رێی پێ‌نادرێت كه مه‌ترسی بۆ سه‌ر پێكه‌وه‌ژیانی سیاسی و یه‌كێتییه‌كی دڵخواز دروست بكات كه هاووڵاتیانی وڵات خۆیان بڕیاریان لێ دابێت، یاخود چەند یاسا و رێسایەك هه‌بن كه هه‌رێمه‌كان هان بده‌ن رێز له ده‌ستوور و یاسا فیدراڵییه‌كان نه‌گرن، یان حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاته فیدراڵییه‌كان له پێگه‌ی ویلایه‌ت و كانتۆنه‌كان بده‌ن و بیانخه‌نه‌وه ژێر جڵه‌وی ره‌های خۆیانه‌وه.
فه‌لسه‌فه‌ی فیدراڵی خۆیشی، هه‌روایه، ته‌نانه‌ت ره‌گی لاتینیی وشه‌كه كه بریتییه له (Foedus) گوزارشته له جۆرێك له رێكه‌وتن و متمانه له نێوان دوو لایه‌ندا، یان بریتییه له هاوپەیمانی Alliance، یان سیستمێكی كۆكه‌ره‌وه، یان ئه‌وه‌ی پێی ده‌وترێ فه‌ده‌ره‌یشن/یه‌كێتی Federation، خۆ ئه‌گه‌ر زۆر فروانتریش بێت، ئه‌وا به ده‌سته‌واژه‌ی وڵاتانی رێككه‌وتوو له‌گه‌ڵ یه‌ك، یان یه‌كێتییه‌كی سه‌ربه‌خۆ گوزارشتی لێده‌كرێت، كه له ئه‌ده‌بیاتی سیاسی‌دا پێی ده‌وترێت: Confederation.
قووتنه‌دانی مافی یه‌كتر
واته، له بنه‌ڕه‌تدا ئاماژه‌یه‌كە نه له فه‌لسه‌فه و چه‌مك، نه له ئه‌زمووندا، لانیكه‌م ئه‌زموونی – بۆ نموونه- وڵاتانی فیدراڵی وه‌ك وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، ئه‌ڵمانیا، سویسرا، كه‌نه‌دا، نه‌مسا، ئوسترالیا و... هتددا نییه كه تیایاندا، ناهارمۆنییه‌ت، یان قوتدانی مافی یه‌كتر له نێوان ده‌سه‌ڵاته فیدراڵییه‌كان و حكومه‌ته لۆكاڵییه‌كاندا هه‌بێت، یان پێشێلكارییه‌كی گه‌وره و هه‌ژێنه‌ر كه شایه‌ن به چاره‌سه‌ر نه‌بێت و سه‌قامگیریی سیستمه‌كه بخاته مه‌ترسییه‌وه، به‌ڵكو زۆرجار ئه‌وه‌ی كه هه‌یه، ئه‌وه‌ی كه گره‌نتیی په‌یوه‌ندییه‌كی كارلێككاری Interactive نێوان ناوه‌ند و هه‌رێمه‌كان ده‌كات، ئه‌وه‌ی مه‌رجه‌عه بۆ ئۆرگانیزه‌كردنی ماف و ئه‌ركه‌كانیان، یان كۆنترۆڵكردنی جیاوازی و ته‌ماحه‌كانیان، كۆمه‌ڵێك ماده‌ی ده‌ستووریی وڵاته، كه باڵاترین ده‌قی كۆكه‌ره‌وه و هێزێكی پابه‌ندكار و رێكخه‌ری سیاسی و یاساییه.
له‌م رووه‌وه، راسته، له‌و جۆره ئه‌زموونانه‌ی ناومان بردن، کەلتوری سیاسی، كه بریتییه له دیموكراسی، رۆڵێكی به‌رچاوی له رامكردنی ئه‌نگێزه‌ی تاكڕه‌وانه یان ئاراسته‌ی جیاخوازانه هه‌یه، به‌ڵام فاكته‌رێكی مه‌عنه‌ویی نه‌گۆڕ، كه له ده‌ستووری هه‌موو وڵاتێكی فیدراڵیدا هه‌بێت، خودی ماده په‌یوه‌ندیداره‌كانی ده‌ستووره كه تیایاندا بنه‌ما ده‌ستوورییه‌كانی یه‌كێتیی دڵخوازانه‌ی نێوان دانیشتووانی وڵات و ده‌سه‌ڵاته جیاوازه‌كانی، ده‌ستنیشان كردووه.
نه‌خشه رێی ده‌ستووری
ده‌ستوور لێره‌دا، فه‌لسه‌فه‌ی سنوور و مه‌ودای ئه‌و ماف و ئه‌رك و و ده‌سه‌ڵاته بنچینه‌ییانه داده‌ڕێژێت كه هه‌م ده‌سه‌ڵاته فیدراڵییه‌كان و هه‌م هه‌رێمه‌كانیش، به‌رامبه‌ر به به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانی وڵات و مافی هاووڵاتیان پابه‌ند ده‌كه‌ن، هه‌ر خۆیشی نه‌خشه‌ڕێی ده‌ستووری داده‌نێت كه ئاسایش و چاره‌نووسی ده‌وڵه‌ت له ئاسایشی و ره‌زامه‌ندیی دانیشتوواندا كۆبكرێنه‌وه، سه‌قامگیریی وڵات ببه‌سترێته‌وه به جێبه‌جێكردنی ئه‌و بنه‌ما و سه‌ره‌تا و بڕیار و به‌هایانه‌ی كه له سایه‌ی ده‌ستووردا ده‌بن به یاسا و دواتریش پایه و كۆڵه‌که بۆ پاراستنی سیستمی فیدراڵی.
به‌مانایه‌كی روونتر، ئه‌گه‌ر کەلتوری دیموكراسی له ئه‌زموونی وڵاتانی خاوه‌ن پاشخانی دێرینی فیدراڵیدا، هێزی جێبه‌جێكردنێكی نه‌رم Flexible و سیستماتیكییانه‌ی ده‌ستوور بێت و هه‌ر خۆی گره‌نتیی سه‌قامگیری و به‌ره‌و پێشبردنی سیستمه‌كه‌ش بكات، ئه‌وا له ئه‌زموونی وڵاتانی تازه فیدراڵ‌دا، یان وڵاتانێك كه له قۆناغی گواستنه‌وه‌دا‌ن به‌ره‌و دیموكراسی، ماده ده‌ستوورییه‌كانن كه ده‌بنه رێبه‌ر و نه‌خشه‌ڕێ بۆ دیموكراتیزه‌كردنی سیستمی سیاسی و راهێنانی كۆمه‌ڵگه‌ی سیاسی-یش Political society له‌سه‌ر كرانه‌وه به‌ڕووی چاره‌سه‌ره ده‌ستوورییه‌كاندا.
ئه‌گه‌ر له نموونه‌ی یه‌كه‌مدا دیموكراسی، وه‌ك كۆمه‌ڵناسی فه‌ره‌نسی، ئالان تۆرین (1925-2023ز) ده‌ڵێت: بریتیی بێت له کەلتورێكی تایبه‌ت و زاده‌ی هۆشیاریی كۆمه‌ڵگه و پارێزه‌ری ده‌ستوور، ئه‌وا له نموونه‌ی دووه‌مدا، ده‌ستوور خۆی ده‌بێته جێگره‌وە و وه‌ك ده‌قێكی په‌سه‌ندكراو، وڵات له ئه‌نگێزه‌ی فراوانخوازی و تاكڕه‌ویی ده‌سه‌ڵاته فیدراڵییه‌كان، یان جیاخوازی و سه‌ركێشیی هه‌رێمه‌كان و كانتۆنه‌كان، دوور ده‌خاته‌وه.
پاراستنی سیستمی فیدراڵی
بێگومان راسته، ئه‌زموونی گه‌لان، له‌م بواره‌دا، چوونیه‌ك نین، راسته شاره‌زایی و كه‌له‌پوری سیاسیی ده‌وڵه‌تان، له كۆمه‌ڵێك ئاستدا ناچنه‌وه سه‌ریه‌ك. له‌گه‌ڵ پرۆفیسۆر، (S.I. Strong) ئه‌وه ده‌سه‌لمێنین كه سیستمی فیدراڵی له وڵاتێكه‌وه بۆ وڵاتێكی تر و له سه‌رده‌مێكه‌وه بۆ سه‌رده‌مێكی تر، جیاوازه. چه‌ندین گۆڕاو-یش Variable وه‌ك سیستمی سیاسی، پایه‌ی ئابووری، هه‌لومه‌رجی کەلتوری و ئاینی، ته‌نانه‌ت تایبه‌تمه‌ندێتیی جوگرافیای سیاسی Geopolitics و زۆر گۆڕاوی تریش كاریگه‌ریی خۆیان له‌سه‌ر شێوازی مامه‌ڵه و راده‌ی جێبه‌جێكردنی ده‌ستووری وڵات به‌جێده‌هێڵن، به‌ڵام گره‌نتی هێشتنه‌وه‌ی ده‌ستوور وه‌ك مه‌رجه‌عێك بۆ پاراستنی سه‌قامگیریی وڵات و مافه ده‌ستوورییه‌كانی هاونیشتمانیان و دوورخستنه‌وه‌یان له هه‌ر مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك، زۆرجار ته‌نها گره‌وێكی نیشتمانی نییه، به‌ڵكو بریتییه له دوو سه‌رچاوه‌ی جیاواز و له هه‌مانكاتدا هاوبه‌شیش كه سیستمه فیدراڵییه‌كان له جیهاندا مه‌حكوم ده‌كه‌ن و سوودیشیان لێ ده‌بینن:-
یه‌كه‌میان: دامه‌زراوه‌ی قه‌زائیی باڵا و تایبه‌تمه‌ند له‌ناو وڵاته‌كه خۆیدا كه به شێوه‌یه‌كی ته‌قلیدی ئه‌ركی به‌رگریكردنه له رۆحی ده‌ستوور و كاری بریتییه له شرۆڤه و راڤه‌كردنی ماده‌كانی، به‌تایبه‌تی له هه‌لومه‌رجی جیاوازیی شرۆڤه و خه‌مڵاندن و مامه‌ڵه‌كردنی بژاره‌كاریی (إنتقائی) كۆمه‌ڵگه‌ی سیاسی له‌گه‌ڵ یاسا و ماده ده‌ستوورییه‌كاندا.
دووه‌میان: هێزی مه‌عنه‌ویی ئه‌زموونی وڵاتانی خاوه‌ن پاشخانی فیدراڵه، كه ده‌بنه پێوه‌ری به‌راوردكاری و چاولێكه‌ری هه‌موو وڵاتێكی بێ كه‌له‌پور له به‌ڕێوه‌بردنی سیستمی فیدراڵیدا كه ئێمه ناومان لێناون وڵاتانی تازه فیدراڵ.
ئه‌و دوو سه‌رچاوه‌یه، كه یه‌كێكیان مادییه و لۆكاڵ و ئه‌ویتریان مه‌عنه‌وییه و گڵۆباڵ، هه‌ر خۆیان، له‌ناو مێژوودا و له ئه‌نجامی به‌ریه‌ككه‌وتن و ململانێ سیاسی و ئیدارییه‌كاندا، پله به پله، هۆشیاری سیاسی و ئارگیۆمێنتی ده‌ستووری له گوتاری پێكهاته‌كانی كۆمه‌ڵگه و نوێنه‌ره سیاسییه‌كانیاندا ده‌خوڵقێنن، پاشه‌كشه به بژارده‌كانی ململانێی چه‌كداری و سیاسی ده‌كه‌ن له وڵات‌دا، ئه‌و دیارده‌یه داده‌هێنن كه فه‌یله‌سوفی ئه‌ڵمانی، یۆرگن هابرماس (93 ساڵ) پێی ده‌ڵێت: فه‌زای گشتی Public sphere، به‌تایبه‌تی له مشتومڕی دۆزه هه‌ستیار و چاره‌نووسسازه‌كاندا، هاوكات ره‌خساندنی بازنه‌ی گه‌وره‌تری عه‌قڵانییه‌تی په‌یوه‌ندیگرتن-یش Communication له ناوه‌نده سیاسی و ده‌وڵه‌تی و مه‌ده‌نی و میللییه‌كاندا.
له‌وانه گرنگتر، ئه‌و دوو سه‌رچاوه‌یه، ده‌بنه ئامراز و میكانیزمی سه‌ره‌كی و پشت پێبه‌ستراو بۆ پاراستنی سیستمی فیدراڵی خۆشی، ته‌نانه‌ت هه‌ندێجار تا ئاستی به نێوده‌وڵه‌تیكردنی هه‌ندێ كێشه و به‌ریه‌كه‌وتن و ململانێیش ده‌چن كه ده‌شێت له نێوان ده‌سه‌ڵاته فیدراڵییه‌كان و ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم و كانتۆنه‌كاندا رووبده‌ن. (ره‌نگه سكاڵای عیراق، له دۆسییه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم و گرێبه‌سته‌كانی له دادگای ناوبژیوانیی پاریس و، پێچه‌وانه‌كه‌شی ره‌خنه‌ی نێرده‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له حكومه‌تی عیراق له ئه‌نجومه‌نی ئاسایش‌دا له ئاست پرسی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم، دوو نموونه‌ی زه‌قی ده‌رفه‌تی ده‌ستێوه‌دانی نێوده‌وڵه‌تی بن، كه بنه‌ماكه‌ی په‌یوه‌سته به ره‌هه‌نده گڵۆباڵ و مه‌عنه‌وییه‌كه‌ی سیستمی فیدراڵی و كاریگه‌رییه‌كانییه‌وه له‌سه‌ر ره‌هه‌نده مادییه‌كه‌ی لایه‌نی به‌رپرس له سه‌قامگیریی ئه‌م سیستمه، كه بریتییه له‌و ده‌سه‌ڵاته قه‌زائییه لۆكاڵه‌ی كه خۆی له دادگای باڵای فیدراڵی و بڕیاره‌كانیدا ده‌بینێته‌وه).
ئه‌زموونی عیراق و كاردانه‌وه‌كان
ئه‌م پرسه، لێره‌دا، به دیاریكراوی، هه‌لومه‌رجی ده‌وڵه‌تێكی تازه فیدراڵی وه‌ك عیراقمان بیرده‌خاته‌وه، به‌تایبه‌تی له په‌یوه‌ندیدا به كێشه‌كانی نێوان به‌غداو هه‌رێم، كه به گوێره‌ی هه‌ردوو مادده‌ی (110) و (117)ی ده‌ستوریی هه‌میشه‌یی عیراقه‌وه كه تایبه‌تن به دیاریكردنی ده‌سه‌ڵاته فیدراڵییه‌كان و ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم، مۆرك و دووراییه‌كی ده‌ستووریشیان هه‌یه.
له‌م بواره‌دا، ئه‌مڕۆ ئێمه هه‌موو ده‌بینین كه ده‌نگێكی زۆر له هه‌رێمی كوردستاندا هه‌ن كه بڕیاره‌كانی دادگای فیدراڵی سه‌باره‌ت به به‌شێكی به‌رچاوی كێشه و دۆسییه هه‌ڵواسراو، یان هه‌نووكه‌ییه‌كانی نێوان عیراق و هه‌رێمی كورستان، به سزادانی چاوه‌ڕوانكراو و پێشبینیكراو ده‌بینن بۆ ئه‌و بڕیار و رێكه‌وتن و گرێبه‌ست و یاسا و هه‌ڵوێستانه‌ی كه هه‌رێم، به‌بێ ره‌زامه‌ندیی ده‌سه‌ڵاتی فیدراڵی، پیاده‌ی كردوون، به‌تایبه‌تیش پرۆژه‌و هه‌نگاوه هه‌ستیاره‌كان كه دیارترینیان له‌ڕابردوودا بریتی بوون له‌سه‌ركێشیی ئابووری (ئابووریی سه‌ربه‌خۆ- 2013) و ریسكی سیاسی (ریفراندۆم 2017) كه تا ئه‌مرۆش ئاسه‌واره مادی و مه‌عنه‌وییه‌كانیان له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا ماون.
له‌به‌رامبه‌ردا ده‌نگانێكیش هه‌ن كه ئه‌و بڕیار و سزایانه‌ی دادگای باڵای فیدراڵی، وه‌ك سه‌ره‌تایه‌ك بۆ كه‌مكردنه‌وه لهبه‌های قه‌واره‌ی ده‌ستووریی هه‌رێم ده‌بینن، به‌تایبه‌تی له سایه‌ی چه‌ند هه‌لومه‌رجێكی نائاساییدا كه بوونه هۆی لێشاوێك له ناڕه‌زایی مه‌یدانی و نووسراو، یان تۆماركردنی تانه‌و سكاڵا له به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌رێمدا، چ له‌لایه‌ن كاراكته‌ر و گروپی سیاسییه‌وه بێت له عیراق، چ له‌لایه‌ن چالاكوان و هێزه به‌رهه‌ڵستكاره‌كان و به‌شێكی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم خۆیه‌وه.
هه‌لومه‌رجه نائاساییه‌كانی هه‌رێم
ئه‌و هه‌لومه‌رجه نائاساییانه‌ش زۆرن كه هه‌رێمی كوردستانی تێكه‌وتووه، له‌وانه:-
-نه‌بوونی په‌رله‌مانێك كه به‌ناوی دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه هه‌ڵوێستی ره‌سمی ده‌ستنیشان بكات و بڕیار بدات.
-بوونی حكومه‌تێكی كاربه‌ڕێكه‌ر كه كورتهێنانی له داهاتدا هه‌یه‌و به‌بێ پاره‌داركردنی له به‌غداوه ناتوانێت مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم دابین بكات.
-ململانێ ناوخۆییه‌كانی نێوان پارته سیاسییه‌كانی هه‌رێمه‌كه كه تائێستاش به‌رده‌وامن.
-پاشه‌كشه‌ی گه‌وره‌ی متمانه‌ی شه‌قام به دامه‌زاوه‌كانی هه‌رێم كه بتوانن قه‌یرانه ئابووری و دارایی و كارگێڕی و خزمه‌تگوزارییه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن.
بێگومان ئه‌مڕۆ هه‌ردوو ئه‌م وێناكردن و تێگه‌یشتنه بۆ بڕیاره‌كانی دادگای فیدراڵی، كه‌م و زۆر، لایه‌نگری خۆیان هه‌یه، به‌ڵام به حوكمی هۆكاره‌كان و ده‌ره‌نجامه‌كانی دۆخی ئێستای هه‌رێم و عیراق، هاوسه‌نگ نین، به‌تایبه‌تی له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك كه دیارترینیان ئه‌مانه‌ن:
یه‌كه‌م: ئاراسته‌ی بڕیاره‌كانی دادگای فیدراڵی، له‌كۆتاییدا توانی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی گشتی له هه‌رێمی كوردستاندا یه‌كلابكه‌نه‌وه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به یاسایه‌كیش بێت جێی دڵخوازی هه‌موو هێزه سیاسییه‌كان نه‌بێت.
دووه‌م: بڕیاره‌كانی دادگای فیدراڵی، له قازانجی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمدا كه‌وتوونه‌ته‌وه و پشتیان به یاسای خزمه‌تی شارستانیی ساڵی (1960) و یاسای مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی ساڵی (2008) به‌ستووه و گره‌نتی مافی ئه‌م چینه فراوانه‌یان كردووه، بگره هه‌ردوو حكومه‌تی فیدراڵ و هه‌رێمیان خستۆته به‌رده‌م به‌رپرسیارێتییه‌كی نیشتمانییه‌وه و ناچاریان كردوون میكانیزمی ئیداری و هونه‌ری بۆ جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كان بدۆزنه‌وه.
سێیه‌م: له‌دوای راگرتنی هه‌نارده‌ی نه‌وت، حكومه‌تی هه‌رێم خۆی، توانای دابینكردنی سه‌رچاوه‌ی بژێویی دانیشتوان و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمه‌كه‌ی نه‌ماوه، بۆیه راسته‌وخۆ له‌ژێر فشاری ئه‌و به‌شه فراوانه‌ی كۆمه‌ڵگای هه‌رێمه و له به‌غدا زیاتر مه‌حكومه كه به‌ده‌م جێبه‌جێكردنی ئه‌و دۆسییه‌یه‌وه بچێت و له‌به‌رامبه‌ر داواكارییه‌كانی حكومه‌تی عیراقیشدا نه‌رمی بنوێنێت.
چواره‌م: به‌هۆی ناكۆكیی هێزه سیاسییه‌كانی هه‌رێمه‌وه له‌سه‌ر یاسای هه‌ڵبژاردن و تۆماری ده‌نگده‌ران، نایاساییانه ته‌مه‌نی په‌رله‌مان درێژكرابووه‌وه و هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانیش له‌كاتی یاسایی خۆی دواخرابوو، ئه‌مه‌ش هه‌ر خۆی بووه هۆی پێشوازییه‌كی تر له بڕیاره‌كانی دادگا كه بیانووه‌كانی نه‌كردنی هه‌ڵبژاردنی گشتییان له هه‌رێمدا نه‌هێشت.
پێنجه‌م: له‌وانه‌ش زیاتر، دادگا كۆمسیۆنێكی سه‌ربه‌خۆتریشی بۆ گره‌نتیكردنی پاك و بێگه‌ردیی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی هه‌رێم راسپاردووه كه كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراقه، ئه‌مه‌ش جێی ره‌زامه‌ندیی زۆربه‌ی ئه‌و هێزه سیاسییانه‌ی هه‌رێمه كه گومانیان له نه‌زاهه‌ت و بێلایه‌نیی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنی هه‌رێم هه‌یه.
به مانایه‌كی تر، هه‌موو ئه‌وانه‌و زۆر ئیعتیباری تریش، به‌شدارن له‌وه‌ی كه له‌مڕۆدا بڕیاره‌كانی دادگای فیدراڵی ده‌رهه‌ق به‌هه‌رێم، له كۆی ئه‌و پرس و دۆسییه گرنگانه‌دا، وه‌ك جۆرێك له پاڵپشتی بن بۆ ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان و فه‌رامانبه‌ران و دانیشتووانه‌كه‌ی نه‌ك زیاندان بن له هه‌رێمه‌كه، به‌تایبه‌تی كه له ده‌قی بڕیاره تازه‌كانی دادگادا سه‌رله‌نوێ جه‌خت له‌سه‌ر مادده‌ی (117)ی ده‌ستووری هه‌مشه‌یی عیراق كراوه‌ته‌وه كه ناساندنه‌وه‌ی هه‌رێمه‌كه‌یه وه‌ك قه‌واره‌یه‌كی ده‌ستووری، ئه‌مه ده‌ڵێین به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌مانای ره‌وینه‌وه‌ی هه‌موو گومانێك بێت له ده‌رهاویشته جیاجیاكانی بڕیاره‌كانی ئه‌و دادگایه، به‌تایبه‌تی له سایه‌ی باڵاده‌ستیی كۆمه‌ڵگایه‌كی سیاسی‌دا له عیراق كه ره‌نگه به‌شێكی زۆریان، ئه‌وه‌نده‌ی خه‌می وه‌به‌رهێنانی سیاسییانه‌ی بڕیار و یاساكانیان هه‌بێت، ئه‌وه‌نده په‌رۆشی دادپه‌روه‌ری و چاره‌سه‌ری ده‌ستوورییانه‌ی ناكۆكی و ململانێكانی وڵات نه‌بن.
دوو په‌ره‌سه‌ندنی جێی سه‌رنج
له‌م رووه‌وه، ره‌نگه دوو په‌ره‌سه‌ندنی ئه‌م دواییانه‌ی گۆڕه‌پانی هه‌رێمی كوردستان جێی سه‌رنج و له‌هه‌مانكاتدا گه‌واهیش بن بۆ ئه‌وه‌ی كه ده‌یڵێین!.
په‌ره‌سه‌ندنی یه‌كه‌م: بریتییه له پێشوازی و ئاهه‌نگگێڕانی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌به‌رامبه‌ر بڕیاره‌كانی دادگای فیدراڵیدا سه‌باره‌ت به مووچه، كه بێگومان ئه‌و په‌ره‌سه‌ندنه ئه‌وه‌نده‌ی ده‌ربڕی ئومێدی دابینكردنه‌وه‌ی بژێوی و مافی چینێكی فراوانی هاووڵاتیانه، ئه‌وه‌نده په‌یوه‌ست نییه به خواستێكی سیاسیی خه‌ڵكی هه‌رێم خۆی بۆ لێدان له پێگه‌ی هه‌رێمه‌كه‌یان، هه‌ر لێره‌وه‌ش، زۆرجار ده‌ڵێین، هه‌ر جۆره زمانێكی (تخوین)كردن له‌ئاست ئه‌م پرسه‌داو به‌رامبه‌ر به‌م په‌ره‌سه‌ندنه، له‌بنه‌ڕه‌تدا جۆرێكه له نه‌زانیی سیاسی و ده‌ستووری له ئاست روحی سیسته‌مه فیدراڵییه‌كان و چۆنیه‌تی پاراستنی هاوسه‌نگییه‌كانی ناوی، كه بریتین له ده‌ستوه‌ردانی ده‌ستووری له به‌رژه‌وه‌ندیی دانیشتوانی وڵات به‌گشتی، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ناكرێت ئه‌وه فه‌رامۆش بكرێت كه سكاڵاكانی تایبه‌ت به مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران سكاڵا نه‌بوون ته‌نها له حكومه‌تی هه‌رێم، به‌ڵكو سكاڵابوون له‌حكومه‌تی به‌غداش.
په‌ره‌سه‌ندنی دووه‌م: هه‌وڵی دیبلۆماسیی حكومه‌تی هه‌رێم خۆیه‌تی بۆ ئاگاداركردنی كونسڵگه‌ریی وڵاتان و له سه‌رویانه‌وه وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا چ وه‌ك زلهێزێكی خاوه‌ن نفوز له عیراق و چ وه‌ك وڵاتێكی فیدراڵ له‌به‌رامبه‌ر مه‌ترسیی هه‌ندێ ده‌ره‌نجامی گریمانه‌یی بڕیاره‌كانی دادگای فیدراڵیی عیراق، كه ئه‌مه‌شیان، له وڵاتێكدا كه سیسته‌مه فیدراڵییه‌كه‌ی نوێیه و سه‌قامگیر نییه و كۆمه‌ڵگه‌ی سیاسییش تیایدا كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی پڕ له ململانێیه، جوڵه‌یه‌كی ره‌واو بابه‌تییه، به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌وه‌ی بڕیاره‌كانی دادگای فیدراڵی نه‌بنه هه‌لێك بۆ ئه‌و هێزه سیاسییانه‌ی عیراق كه به تایبه‌تمه‌ندێتیی قه‌واره‌ی هه‌رێم ئاسووده نین و چاویان له هه‌مواركردنی ده‌ستووره بۆ ئه‌وه‌ی پێگه و ده‌سه‌ڵاته‌كانی بچووك بكه‌نه‌وه، رێگه‌ش له به‌دیهاتنی دروستبوونی هه‌رێمی تری فیدراڵ له عیراقدا بگرن، چ له‌لایه‌ن پێكهاته‌ی سوننه‌ی عیراقه‌وه بێت، چ وه‌ك بیرۆكه‌و كه‌ڵكه‌ڵه‌یه‌ك له خه‌یاڵدانی سیاسیی چه‌پێنراوی كۆمه‌ڵێك كاراكته‌ر و ره‌وتی سیاسیی شیعه‌كانی عیراق خۆیشیان.
دیدێكی فراوان و فره بژارده
به باوه‌ڕی ئێمه، ئه‌وه‌ی له ناو ئه‌م دیمه‌نه سیاسییه ئاڵۆزه‌دا، ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌م دوو په‌ره‌سه‌ندنه سه‌رنجڕاكێشه‌داو له دوو سێ ساڵی رابردوودا، وه‌ك هێزێكی سیاسیی هه‌رێم، جوڵه‌و رۆڵی جیاوازی گێڕابێت و به رێوشوێنی سیاسی فراوانتر و فره بژارده‌وه ئیشی له‌سه‌ر دۆسییه‌كان و ناكۆكی و ململانێكانی ناوخۆی هه‌رێم و كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم – به‌غدادا كردبێت، ئه‌و هێزه‌یه كه له به‌ڕێوه‌بردنی ململانێكانی ناو عیراقدا، كاریگه‌ره به كه‌له‌پوری سیاسیی سه‌رۆك كۆماریی پێشووتری عیراق، مام جه‌لال (1933-2017).
له‌م په‌ره‌سه‌ندن و گۆڕانكارییانه‌دا، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، له ئه‌نجامی گرتنه‌به‌ری ئاراسته‌ی جیاوازی ململانێكانییه‌وه بێت له ناوخۆی هه‌رێمدا، یان به گه‌مه‌ی هاوپه‌یمانێتییه سیاسییه‌كانی له‌سه‌ر ئاستی عیراق و هه‌رێمایه‌تی، توانی له‌یه‌ككاتدا هه‌م لایه‌نگری هه‌ر بڕیارێكی فیدراڵی بێت كه مافی بژێوی هاووڵاتیانی هه‌رێم و ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن به یاسایه‌كی دادپه‌روه‌رتر بپارێزێت، هه‌م هاوبه‌ش و هاو وه‌فدی هه‌ر جوڵه‌یه‌كی دیبلۆماسیی حكومه‌تی هه‌رێمیش بێت كه ئامانج تیایدا به‌رگری بێت له بوونی هه‌رێم وه‌ك قه‌واره‌یه‌كی ده‌ستووری و دوورخستنه‌وه‌ی له تارمایی هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی سیاسی له قۆڵی عیراقه‌وه.
تێگه‌یشتنه له روحی سیسته‌مه‌كه
ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی یه‌كێتی، كه له یه‌ككاتدا هێزێكی كوردستانی و عیراقیشه، له جه‌وهه‌ردا، ناودژییه‌كی دیاریكراوی تێدا نییه، لایه‌نگیری نییه بۆ به‌غداو پشتكردن له هه‌رێم، یان داكۆكی له هه‌موو هه‌نگاو و رێكارییه‌كی هه‌رێم و ره‌تكردنه‌وه‌ی هه‌موو مامه‌ڵه‌یه‌كی به‌غدا، به‌ڵكو له ساده‌ترین بینین‌دا جۆرێكه له به‌رپرسیارێتی سیاسی و گه‌مه‌ی پاراستنی هاوسه‌نگییه‌كان له‌ناو پرۆسه‌ی سیاسیی عیراق و هه‌رێمدا، تێگه‌یشتنه له روحی سیسته‌می فیدراڵییش وه‌ك سیسته‌مێكی كۆكه‌ره‌وه له‌گه‌ڵ به‌غدادا نه‌ك پرۆژه‌یه‌ك بۆ سه‌نگه‌ربه‌ندی و نه‌یارێتی، وه‌ك مه‌رجه‌عێكیش بۆ راگرتنی باڵانسی سیسته‌مه‌كه له‌ڕێی پره‌نسیپی جیاوازیی و هاوبه‌شییه‌وه، كه ته‌واو نزیكه له‌و تێگه‌یشتنه‌شه‌وه كه - بۆ نموونه - تیۆرسێنێكی سویسریی وه‌ك دینس دی روجمانت (1906-1985) له‌باره‌ی فیدراڵییه‌وه ده‌یڵێت و وای گریمانه ده‌كات كه بریتییه له چوار پره‌نسیپی سه‌ره‌كی كه ئه‌وانیش: هه‌مه‌جۆری، پێكه‌وه‌به‌ستن، به‌رپرسیارێتی، لێوه‌شاوه‌یی-ن.
له‌مه‌دا ره‌نگه یه‌كێتییه‌كان، له ئاست ناوخۆی هه‌رێمدا، شتێك شوێن پێی ئاراسته‌ی سیاسیی نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردووی خوالێخۆشبوو تاڵه‌بانی باوك كه‌وتبن كه بریتی بوو له به‌ڕێوه‌بردنێكی پراگماتییانه‌ی دوالیزمی ململانێ و رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستاندا، له ئاست به‌غداشدا سوودیان له وانه سیاسییه‌كانی سه‌رده‌می سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی (2005-2012) وه‌رگرتبێت كه هه‌رسكردنی جیاوازیی ده‌سه‌ڵاته سیادی و فیدراڵییه‌كانه له چاو ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمه‌كان و ره‌چاوكردنی واقعییانه‌ی ته‌رازووی هێزیشه له‌ناو پرۆسه‌ی سیاسی و له ناوچه‌كه و جیهاندا، ئه‌مه جگه له په‌ندوه‌رگرتنی ئه‌م هێزه سیاسییه ماڕانگه‌سته‌یه له‌وه‌شدا (به‌تایبه‌تی دوای كورتهێنانی له چه‌ندین هه‌ڵبژاردنی ناوخۆییدا)، كه ئیتر له هه‌موو دۆسییه و پر‌سه‌كاندا، وه‌ك رابردوو، شوێنكه‌وته‌ی ریسكه سیاسییه‌كان و سه‌ركێشییه ئابوورییه‌كان نه‌بێت و سه‌ربه‌خۆیی بڕیاری سیاسیی خۆی بپارێزێت، ئاراسته‌یه‌ك كه به تاقیكردنه‌وه ده‌ركه‌وتووه كۆمه‌ڵێك ده‌ره‌نجامی ئه‌رێنیی به‌دوای خۆیدا هێناوه، كه هه‌ندێكیان ته‌نانه‌ت له سه‌رو سه‌قفی پێشبینی و چاوه‌ڕوانیه‌كانیشه‌وه بوون!، له‌وه‌ش زیاتر، سیاسه‌تێكی گونجاو بووه بۆ به‌رهه‌مداركردنی ململانێی سیاسیی ناوخۆیی له به‌رژه‌وه‌ندیی هاووڵاتیان و ده‌رفه‌تی گێڕانه‌وه‌ی قۆناغ به قۆناغی ته‌رازووی هێزیش له هه‌رێمی كوردستاندا.
سیاسەتەکانی مام جەلال رێنیشاندەرە بۆ سەرکردایەتی ی.ن.ک لە هەرێم و بەغدا