له هه‌وادارانی لاساییكردنه‌وه‌ی كاری بانگخوازیی فكری و راسپارده‌كردن نیم بۆ هیچ یه‌كێك له كه‌سایه‌تییه‌كان، یان دامه‌زراوه‌كان، یان هێزه‌كان به بیانووی باوه‌ڕبوون، یان ده‌ستگرتن به هه‌ندێ له‌و ئه‌ركه كلاسیكییانه‌وه كه هه‌ندێ له تیۆرسێنانی كۆمه‌ڵناسی ده‌یخه‌نه ئه‌ستۆی ئه‌و توێژه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه كه پێی ده‌وترێت رۆشنبیر.
هه‌ر لەزووه‌وه و تا ئێستاش باوه‌ڕم به پره‌نسیپه‌كانی بیركردنه‌وه‌ی رۆشنگه‌رانه‌یه Enlightenment Thinking، كه بانگهێشتت ده‌كات بۆ به‌كارهێنانی عه‌قڵی خۆت و ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی كه ئه‌ویتر شێوازه‌كانی بیركردنه‌وه‌و رێبازه‌كانی هه‌ڵسوكه‌وتمان له ئاست هه‌ر كاروبارێكدا كۆنترۆڵ بكات كه په‌یوه‌ندیی به ژیانی تایبه‌تی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه هه‌يه.
له‌م رووه‌وه، مافی كه‌س نییه كه به ناوی فه‌لسه‌فه‌كردنه‌وه، یان خوێنده‌واری، یان رێنوماییكردن، یان خۆدانان له ریزی كۆمه‌ڵگه‌ی ده‌سته‌بژێر، ئه‌و هه‌سته لای ئه‌وانیتر دروستبكات كه پێویستییان به‌وه‌یه خه‌ڵكی تر له جیاتییان بیر بكاته‌وه، هه‌رچی خۆیانن ئه‌وا نه‌خوێنده‌وارن و شایه‌نی ئه‌وه نین كه ئازاد بن!، چ جای بابه‌ته‌كه په‌یوه‌ندیی به مه‌عشه‌ری سیاسییه‌كانه‌وه هه‌بێت! له كوێ-یش؟ له جیهانی سێ‌دا!، كه تیایدا به‌ده‌گمه‌ن نه‌بێت كه‌سێكی سیاسی به‌دی ناكه‌یت لافی ئه‌وه لێنه‌دات كه كه‌سێكی هه‌ڵبژارده‌یه و تاقه نوێنه‌ری كۆمه‌ڵگایه نه‌ك ته‌نها له كایه‌ی سیاسه‌تدا، به‌ڵكو ته‌نانه‌ت له تایپی ژیان و شێوه‌ی بیركردنه‌وه‌و مامه‌ڵه‌كردنیش له‌گه‌ڵ ژیانی رۆژانه‌دا! هه‌روه‌ك ئه‌مه هه‌ندێ له كه‌ناڵه ئاسمانییه‌كان، له رێگه‌ی چاوپێكه‌وتن له‌باره‌ی ژیانی تایبه‌تیی كه‌سایه‌تییه سیاسییه‌كانه‌وه، ره‌واجی پێده‌ده‌ن!.
كه‌سی سیاسی لێره، هه‌روه‌ك ده‌زانین، زۆرجار وا له‌خۆی ده‌ڕوانێت كه له یه‌ككاتدا زانا‌و تیۆرسێن و په‌یامبه‌ره. ئه‌و له ته‌گبیركردن بۆ كاروباری نه‌ته‌وه‌و دیاریكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیدا، كه‌س نییه شان له شانی بدات، به رای خۆیشی ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییه نه‌ته‌وه‌ییانه كه‌س نایانپارێزێت ته‌نها ئه‌و نه‌بێت!، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه، هیچ فه‌لسه‌فه نواندنێك به‌سه‌رییه‌وه سوودی نییه. ئه‌و بریتییه له‌و دروستكراوه خوداییه‌ی كه له هه‌موو شتێك تێده‌گات ته‌نها ئه‌وه نه‌بێت كه له جیهانی ئه‌ودا كه‌سانی تری دروستكراوی قسه‌كه‌ر هه‌بن كه له‌و باشتر بیربكه‌نه‌وه‌و ته‌گبیر بكه‌ن!. هه‌ر بۆیه‌شه ئێمه به‌وه رازین كه ئیتر ته‌نها تكای لێ بكه‌ین كه بفه‌رمووێت و توانا سنوربڕه‌كانی خۆیمان بۆ كارا بكات و ره‌وشته جوانه‌كانی و زانینه ئینسكلۆپیدییه‌كانیمان به‌سه‌ردا هه‌ڵبڕێژێت بۆ ده‌ربازكردنمان له قه‌یرانێكی مرۆیی، كه په‌یوه‌سته به ژیانی ملیۆنان خه‌ڵكه‌وه.
لێره‌دا – وه‌ك شوێنیش مه‌به‌ستم عیراقه - مه‌به‌ست له قه‌یرانی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستانه، كه ده‌ره‌نجامی كۆمه‌ڵێك هۆكاری سیاسی و بڕو بیانووی یاسایی و كارگێڕییه، كه ئه‌وی سیاسی به‌رپرسیاره له‌وه‌ی كۆتایی پێ بهێنێت.
به‌ڵێ، له پێگه‌ی تكا كردنه‌وه، داوا له سیاسه‌تمه‌داره مه‌زنه‌كانمان! له به‌غداو هه‌ولێر ده‌كه‌ین كه له‌باره‌ی ئه‌م قه‌یرانه‌وه رێك بكه‌و‌ن، ئه‌وه‌ش وه‌ك به‌زه‌یی هاتنه‌وه‌یه‌كیان به ژیانی خه‌ڵكی بێ‌تاوان و خۆلادانیشیان له ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی مێژوو له‌جیاتی باشه، به خراپه باسیان بكات!.
* ئه‌م وتاره له یه‌ككاتدا له كوردستانی نوێ و رۆژنامه‌ی (الزمان)ی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ردوو چاپی له‌نده‌ن و به‌غدا بڵاوده‌بێته‌وه.