یه‌كخستنی كۆمه‌ڵگه، بۆ هه‌موو ده‌وڵه‌تێك، كه له رووی سیاسی و سۆسیۆلۆژییه‌وه، د‌رك به بایه‌خی یه‌كبوون بكات، هه‌میشه وه‌ك ئامانجه نه‌گۆڕ و نه‌بڕاوه‌كان ده‌مێنێته‌وه، ئه‌وه به‌و پێیه‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كه بۆ به‌هێزبوون به خود و رێگایه‌كیشه بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی به‌ربه‌ره‌كانییه‌كان و نه‌یاران.
ئه‌م پرۆسه‌یه له بۆشاییه‌وه نایه‌ت، یان خۆبه‌خۆ پته‌و نابێت، به‌ڵكو پێویستیی به ئاماده‌كردنی به‌رنامه و دانانی پلان و پرۆژه‌ی زۆر و زه‌وه‌ندی پێگه‌یاندن هه‌یه، كه بتوانن هانی ئاراسته‌ی بیركردنه‌وه و ره‌فتاری هاووڵاتی بده‌ن به‌ره‌و كۆمه‌ڵێك مه‌به‌ست كه دیارترینیان: خۆگونجاندن، لێبوورده‌یی، قبووڵكردنی جیاوازی، به‌هێزكردنی به‌های هاووڵاتیبوون و په‌ره‌پێدانی گیانی به‌رپرسیارێتییه له ئاست خود و ئه‌ویتری چوارچێوه‌ی یه‌ك وڵات.
له‌م بواره‌دا، فه‌یله‌سوفی فه‌ره‌نسیی به‌ناوبانگ، جان جاك رۆسۆ (1712-1778ز) وته‌زایه‌كی سه‌رنجڕاكێشی هه‌یه كه ده‌ڵێت: «ئه‌وه‌ی به یه‌كمانه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه به‌هێزتره له‌وه‌ی كه له یه‌كمان ده‌كات» چونكه یه‌كێتیی كۆمه‌ڵگه نایه‌ته ئاراوه ته‌نها به ویستی گشتی نه‌بێت، ئه‌مه‌ش، به‌پێی راڤه‌ی ئێمه، مانای ئه‌وه‌یه هه‌میشه شتێك هه‌یه كه بیرۆكه‌ی یه‌كبوون به باشتر ده‌زانێت له‌وه‌ی كه كۆمه‌كی دابه‌شبوون و په‌رته‌وازه‌یی ده‌كه‌ن، شتێكش له قووڵایی ناخماندا هه‌یه كه پاڵمان پێوه ده‌نێت كه به‌هاكانی یه‌كڕیزی و خۆگرێدانه‌وه به‌یه‌كتر به كه‌م نه‌گرین، ئه‌وه‌ش بۆ هیچی تر نا ته‌نها بۆ كۆمه‌ڵێك ئامانجی قووڵتر و سه‌راپاگیرتر نه‌بێت كه ره‌نگه به‌دی نه‌یه‌ن ئه‌گه‌ر ته‌واو باوه‌ڕمان به پێویستیی زاڵبوون نه‌بێت به‌سه‌ر ئه‌نگێزه و به‌رژه‌وه‌ندییه كه‌سی و گروهی و لایه‌نگیرییه‌كانمان و ئاراسته‌مان رووه و یه‌كخستنی وزه و توانا له‌ده‌ستهاتووه‌كان نه‌بێت و هه‌موویان نه‌كه‌ین به جه‌مسه‌رێك بۆ به‌دیهێنانی ئه‌وه‌ی كه ناتوانین به تاقی ته‌نها، یان له دۆخی دابه‌شبوون و گۆشه‌گیری و یه‌كتر دوورخستنه‌وه، به‌دییان بهێنین.
ده‌توانرێت وته‌زاكه‌ی رۆسۆ واش شرۆڤه بكرێت كه ئه‌و وای ده‌بینێت، گرێبه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تی بناغه‌ی یه‌كێتیی كۆمه‌ڵگه‌یه.
هێزی نەتەوە بە سوپا پێوانە ناکرێت
ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌م شرۆڤه‌یه‌داین، پێمانوایه كه گرێبه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و پێوه‌ره‌یه كه هه‌موو ده‌وڵه‌تێكی به‌هێز به دامه‌زراوه‌كانی و هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی به‌هێزیش به تاكه ئازاده‌كانی پشتی پێ ده‌به‌ستێت. له‌م رووه‌وه، هێزی راسته‌قینه‌ی نه‌ته‌وه، هه‌روه‌ك ماهاتما گاندی (1869-1948ز) ده‌یڵێت، به سوپاكه‌ی ناپێورێت، به‌ڵكو به یه‌كڕیزیی گه‌له‌كه‌ی. خۆ ئه‌گه‌ر گه‌ل گرنگی به ئامانجه‌كانی یه‌كبوون و كۆكردنه‌وه‌ی هێزی خۆی نه‌دات، ئه‌وا وه‌ك گه‌لێكی یه‌كگرتوو نامێنێته‌وه، به‌ڵكو ته‌نها ده‌بێته كۆمه‌ڵێك تۆپه‌ڵی مرۆیی شێواو و هیچی تر.
ئه‌م پێشه‌كییه‌م بۆ ئه‌وه بوو ستایشی رۆڵی بواری گه‌شتیاریی له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆیی بكه‌م وه‌ك ئامرازێك بۆ یه‌كخستنی رۆڵه‌كانی گه‌لانی عیراق، ئه‌وه‌ش له رێگه‌ی تێكه‌ڵاوبوونی كەلتوری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاشنابوون به ورده‌كاریی ژیانی پێكهاته جیاجیاكانی كۆمه‌ڵگه، كه هه‌موویان سه‌رچاوه‌یه‌كن بۆ هێزی عیراق و شارستانییه‌ته هه‌مه‌ڕه‌نگه‌كه‌ی.
هێزی راسته‌قینه‌ی نه‌ته‌وه، هه‌روه‌ك ماهاتما گاندی (1869-1948ز) ده‌یڵێت، به سوپاكه‌ی ناپێورێت، به‌ڵكو به یه‌كڕیزیی گه‌له‌كه‌ی
بواری گه‌شتیاریی ناوخۆیی، كه وڵاته‌كه ده‌كاته گۆڕه‌پانێكی كراوه له‌به‌رده‌م هه‌موو هاووڵاتییه‌كدا، ئاسۆی بیركردنه‌وه و مامه‌ڵه‌كردن له‌نێوان رۆڵه‌كانی ئه‌م نیشتمانه‌دا فراوانتر ده‌كات، خه‌ڵك به دابونه‌ریتی جیاواز-ی پێكهاته‌كانی كۆمه‌ڵگه له ناوچه و پارێزگا جیاوازه‌كان ده‌ناسێنێت، كه هه‌موویان هاوینه‌هه‌وار و سه‌یرانگا، یان شوێنی گه‌شتیاریی جوانیان هه‌یه و سه‌رنجی عیراقییه‌كان راده‌كێشن بۆ سه‌ردانیكردنیان و چێژبینین له ئاو و هه‌وا و خزمه‌تگوزاری و جوانییه‌كانیان.
به مانایه‌كی تر، ئه‌م كه‌رته رۆڵێكی سیاسیی كارای له پاڵپشتیكردنی پرۆژه‌كانی یه‌كخستنی كۆمه‌ڵگه‌دا هه‌یه، ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئه‌و كرانه‌وه كەلتوری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وە کە به رووی یه‌كتر كه له نێوان به‌شه‌كانی كۆمه‌ڵگەدا ده‌یڕه‌خسێنێت. ئه‌و رۆڵه سنوورێك بۆ توندی و سه‌ختیی گیانی ناوچه‌گه‌ری و تایه‌فه‌گه‌ری و داخرانی نه‌ته‌وه‌ییش داده‌نێت، به‌تایبه‌تی كاتێك كه ده‌بینین خه‌ڵكی به‌سره و به‌غدا سه‌ردانی هاوینه‌هه‌واره‌كانی سلێمانی و هه‌ولێر و دهۆك ده‌كه‌ن، هاووڵاتیانی كوردستانیش ده‌چن بۆ به‌غدا و شوێنه گه‌شتیارییه‌كانی، یان به‌سره و كۆرنیشه‌كه‌ی یان یاریگا نێوده‌وڵه‌تییه‌كه‌ی، یان زۆنگاوه‌كانی باشوور، یان بابل و ناوچه‌ی تری عیراق. له‌سه‌روو ئه‌وه‌وه، ئامانجێكی تری پاڵپشتیكاریش دێته‌دی كه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، كه‌سی گه‌شتیار، ئه‌گه‌ر به شێوه‌یه‌كی ساده‌ش بێت، فێری شێوه‌زار و زمانی لۆكاڵیی نوێ ده‌بێت و بیروڕا و ئاخاوتنیش له‌گه‌ڵ هاونیشتمانیانی تردا ئاڵوگۆڕ ده‌كات و زیاتر یه‌كتر ده‌ناسن.
دەوڵەت و گرنگیدان بە کەرتی گەشتیاری
به ده‌سته‌واژه‌یه‌كی تر، كه‌رتی گه‌شتیاریی ناوخۆیی، پرۆژه‌یه‌كی گرنگه بۆ یه‌كخستنی كۆمه‌ڵگه به شێوه‌یه‌كی گه‌وره‌تر، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت له چوارچێوه‌ی پرۆژه‌یه‌كی ئاراسته‌كراودا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكات، كه ئامانج لێی به‌هێزكردنی تێكه‌ڵاوبوون و ئاڵوگۆڕی گه‌شتی كەلتوری بێت، به‌رنامه‌گه‌لێكیش دابنرێن بۆ پشتیوانیكردنی ئاره‌زووی هاووڵاتی بۆ ئاشنابوون به هه‌موو ناوچه‌كانی عیراق، یان لانیكه‌م زۆربه‌یان.
راسته كه‌رتی تایبه‌ت له عیراقدا رۆڵێكی ئه‌رێنی له‌م بواره‌دا ده‌گێڕێت ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر پاڵنه‌ری بنه‌ڕه‌تی بریتی بێت له بزنس و قازانجكردن، به‌ڵام ده‌وڵه‌ت ده‌توانێت به شێوه‌یه‌كی باشتر، رۆڵێكی میحوه‌ری له رێكخستنی كه‌رتی گه‌شتیاریدا ببینێت، ئه‌ویش له رێگه‌ی هه‌مواركردنی ئه‌و یاسایانه‌ی كه ئه‌م كه‌رته رێكده‌خه‌ن، واش له‌م كه‌رته بكه‌ن كه خزمه‌تی كۆمه‌ڵێك ئامانجی سیاسی و ستراتیژی بكات كه پاڵپشتی یه‌كخستنی ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگه بێت.
* ئه‌م وتاره، ده‌قه كوردییه‌كه‌ی تایبه‌ته به كوردستانی نوێ و ده‌قه عه‌ره‌بییه‌كه‌شی، رۆژنامه‌ی (الصباح)ی عیراقی كه رۆژنامه‌ی ره‌سمیی حكومه‌ته.