زووم

بۆچی هونەرمەندێک ناتوانێت ببێت بە ئەستێرە؟

09:44 - 2024-03-03
رۆزا دڵشاد مەریوانی
165 خوێندراوەتەوە

«کاتت هەیە قاوەیەک لەجێیەکی دوور بخۆینەوە.. داوەتی نوکتەیەکی نوێم بکە..حیسابی پێکەنینەکەش لەسەر من» ئەمە رستەیەکە لە گۆرانییەکی گۆرانیبێژی میسری حەمزە نمرە بەناوی «فاضی شویة- کاتت هەیە» ساڵی 2020 لە نێو شەشەم ئەلبومیدا بڵاویکردۆتەوە و کلیپیشی بۆ کردووە، ئەم گۆرانییە و زۆربەی گۆرانییەکانی ئەم گۆرانیبێژە بەوە ناسراوە ستایلێکی جیاوازی هەیە و پەیوەندییە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکان لە گۆرانییەکانیدا بەرجەستە دەکات، بەشێوازێکی زۆر جوان و کاریگەر بە دەنگە هێمنەکەی پێشکەشی دەکات.
گۆرانی «فاضي شویة» باس لە مرۆڤی ئەم سەردەمە دەکات کە زۆربەمان کاتمان نییە لەگەڵ هاوڕێ و دۆستانماندا یەک ببینین و وەک جاران خۆشیی و خەمەکانمان بۆ یەک باس بکەین، لێرەدا زۆر بە سادەیی، بەڵام پڕ مانا و کاریگەر باس لە دوورکەوتنەوەی مرۆڤەکانی ئەم سەردەمە دەکات بەوەی هەموو سەرقاڵی جەنجاڵییەکانی ژیانین و بەردەوام رادەکەین بەبێ ئەوەی بگەین بە جێیەک بەو رادەیەی بوارێکی وامان بۆ نەماوەتەوە هەواڵی یەکتری بپرسین و پێکەوە کات بەسەر ببەین.
ئەم هونەرمەندە نەک لێرە بگرە لە زۆر وڵاتی عەرەبیش نەناسراوە نەک لەبەرئەوەی کەم بەهرەیە، بەڵکو یەکێکە لەو گۆرانیبێژانەی لە تەمەنێکی زووەوە چۆتە نێو دنیای هونەرەوە لەگەڵ باندە میوزیکییەکەیدا چەندین ساڵ گۆرانی وتووە و میوزیکی ژەنیوە، هەروەها لەڕووی هونەرییەوە کەسێکی رۆشنبیرە و لەتەمەنی حەڤدە ساڵییەوە میوزیک و گۆرانی خوێندووە و زۆربەی ئاراستەکانی میوزیکی ئەو کاتەی لە ئەسکەندەرییە پراکتیزە کردووە، چەندین بەرنامەی میوزیکی و هونەریی پێشکەش کردووە وەک وتنەوەی گۆرانی کەلتوری وڵاتانی دیکە بە دابەشکردنەوەی میوزیکەکەی بە ستایلی میوزیکی خۆرئاوایی تەنانەت لە یەكێک لەو بەرنامانەدا گۆرانی «کاڤوکم لەیلێ» ی بەشێوەیەکی زۆر جوان پێشکەشکرد، واتا هەموو ئەو مەرجانەی کەسێک دەکات بە گۆرانیبێژێکی سەرکەوتوو یاخود ئەوەی پێی دەوترێت ئەستێرە تێیدایە، بەڵام چی وادەکات هونەرمەندێکی بە ئەزموون بەو هەموو سیفاتانەوە نەبێت بە ئەستێرە یاخود بەشێوەیەکی بەرفراوان نەناسرێت؟ بێگومان جگەلە نەبوونی زیرەکیی هونەریی یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان مەسەلە سیاسییەکانە، چونکە حەمزە نمرە بەهۆی ئەوەی ساڵی 2014 یەکێک بووە لەو کەسانەی رەخنەی لە دەسەڵاتی ئەو کاتەی میسر گرتووە ماوەیەکی زۆر گۆرانییەکانی لە میسر قەدەغەکراوە، تەنانەت خۆی میسری جێهێشتووە و تا ئێستا لە لەندەن نیشتەجێیە، ئەمەش ئەو نموونەیە یە زۆرجار کەسێک چەندە بەهرەمەند و بەتوانا بێت، بەڵام ناتوانێت ببێت بە ئەستێرە یان رێگری لێدەکرێت وەک ئەم هونەرمەندە کە ژینگەی وڵاتەکەی و نەبوونی پاڵپشتیی لە چواردەوریدا رێگر بوون لەوەی ببێت بە ئەستێرەیەکی دیار وەک ئەستێرەکانی دیکەی میسر.

وتارەکانی نوسەر