(41)
به كێ بڵێین هونه‌رمه‌ند؟ كامه‌یه ئه‌و سیفه‌ت و خاڵانه‌ی پێمانوایه ده‌بێت له كه‌سێكی به‌هره‌مه‌نددا هه‌بێت، ئینجا پێی بوترێت هونه‌رمه‌ند؟!.
به‌رله‌وه‌ی بۆچوونی خۆم به‌یان بكه‌م و پاساویشی بۆ بێنمه‌وه، حه‌ز ده‌كه‌م وته‌ی چه‌ند نووسه‌رێكتان له‌مباره‌یه‌وه بۆ بهێنمه‌وه، یه‌كه‌م وته سه‌رنجی راكێشام، وته‌ی نووسه‌ر و شاعیرێكی میسرییه، كه ناوی مسته‌فا مەنفەلوتییە، ئه‌م نووسه‌ره هه‌رچه‌نده رۆشنبیرییه‌كه‌ی زۆر به‌رز بووه، به‌ڵام به شكڵ له پیاوێكی صه‌عیدی ده‌چێت، كه خاوه‌ن سمێڵێكی گه‌وره و جلوبه‌رگی لادێكانی میسرییه، له وته‌كه‌یدا ده‌ڵێت: هه‌رگیز پێموانییه باشترین گۆرانیبێژ ئه‌وانه بن شاره‌زاییان له هونه‌ری ئاواز و ئیقاع هه‌یه، به‌ڵكو باشترینیان كه من پێموایه ئه‌وانه (هونه‌رمه‌ند)ن ئه‌و گۆرانیبێژانه‌ن كه به (دڵ) گۆرانییه‌كانیان ده‌ڵێن و خۆشه‌ویستی په‌خش ده‌كه‌ن لای وه‌رگر.
هه‌ر نزیك له‌م بۆچوونه، وته‌یه‌كی كورت و پڕ مانای نووسه‌ری گه‌وره دۆستۆيڤسكی هه‌یه، كه ده‌ڵێت: من رۆشنبیر نیم، به‌ڵام ده‌توانم هه‌ست و سۆزم هه‌بێت. به‌و مانایه‌ی رۆشنبیربوون سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو پێناسه و مانایانه‌ی بۆی ده‌كرێت، به‌ڵام دۆستۆيڤسكی هه‌ست و سۆزێكی راستگۆیانه‌ی لای مرۆڤه‌كان پێ باشتر و له پێشتره تا شاره‌زابوون و پسپۆڕی له كایه‌كی ئه‌ده‌ب و هونه‌ردا!.
پێموایه، مه‌رج نییه، ئه‌و كه‌سانه‌ی شاره‌زاییه‌كی زۆر و پسۆڕییان هه‌یه له بوارێكی دیاریكراوی هونه‌ردا ته‌نیا ئه‌وان هونه‌رمه‌ند بن و ئه‌وه‌ی بۆ نموونه ئاستی خوێنه‌واری به‌رز نه‌بێت، یان له ژینگه‌یه‌كی هه‌ژارانه گه‌وره بووبێت، ئیتر بۆی نییه پێی بوترێت هونه‌رمه‌ند، به‌ڵكو ده‌سته‌واژه‌ی تری ئاستنزمیان بۆ به‌كاربێنین و پێمانوابێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی فڵانه گۆرانیبێژ شاره‌زایی ئاواز و ئیقاع نییه، ئیتر پێی ناوترێت هونه‌رمه‌ند، نه‌خێر زۆرجار ئه‌و هه‌ست و سۆز و رۆحه‌ی له گۆرانی، گۆرانیبێژێكی نه‌خوێنه‌وار و نه شاره‌زا له نۆته و كلیله‌كانی میوزیك هه‌یه، زۆر خۆشتر و به‌رزتره له‌كه‌سێكی تر كه ته‌واو شاره‌زای بواری هونه‌ری میوزیك و گۆرانییه!.
بۆیه، من ته‌واویی له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه‌م هه‌ر كه‌سێك هونه‌ره‌كه‌ی له‌ناخه‌وه هه‌ڵقوڵابێت و پشت به‌ستوو بێت به هزرێكی جوان، ئه‌وه ئه‌و كه‌سه هونه‌رمه‌نده و مه‌رج نییه هه‌موو كون و كه‌له‌به‌رێكی میوزیك بزانێت، خۆ نموونه‌شمان ئێجگار زۆره، كه به‌رزترینیان له‌وانه نه‌مر حه‌سه‌ن زیره‌ك بێت، كه نه میوزیكی خوێندبوو، نه شاره‌زا و پسۆڕیش بوو، ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ست و رۆحی به‌به‌ر گۆرانییه‌كانه‌وه ده‌كردو وه‌كو ئاماژه‌م پێكرد به(دڵ) ده‌یچڕی، بۆیه هه‌تا هه‌تایه بۆته جێگای شانازی میوزیك و گۆرانی كوردی.