سەرۆكێكی دادپەروەر لە وڵاتێكی پڕ كێشەدا

09:45 - 2024-04-07
مەریوان مەسعود
279 خوێندراوەتەوە

رۆژی 6/4/2005، وەكو هەر رۆژێكی تری ئاسایی نییە، چونكە لەو رۆژەدا، شۆڕشگێڕێكی كورد بۆ یەكەمجار لە مێژووی عیراقدا هەڵبژێردرا بە سەرۆك كۆمار، نەك هەر ئەوەندە بەڵكو یەكەم سەرۆك كۆماری هەڵبژێردراوە بە رێگای دیموكراسیانە، كە دوای رووخانی رژێمی بەعس هەڵبژێردرا.
مام جەلال، ئەو كوردە بوو كە لەو رۆژەدا بوو بە مایەی شانازیی بۆ خەڵكی عیراق و كوردستان، چونكە بوونی بەسەرۆک گۆڕانێكی گەورە بوو لە پەیكەری دەسەڵاتی عیراق، لە دروستبوونییەوە تا ئەو ساتە وەختە. 

تەنانەت ئەمریكییەكان و هاوپەیمانانیش بە گشتی متمانەی تەواویان بە سەرۆك تاڵەبانی هەبوو

جگە لەمەش كەسایەتی سیاسیی و دیپلۆماسی و پێگەی مێژوویی مام جەلال، یارمەتیدەری هەموو عیراقییەكان بوو، تا ببنە خاوەن سەرۆك كۆمارێكی راستەقینە، كە لە خەمی هەمووان دابێت بە بێ‌ جیاوازی. بێگومان مام جەلال لە نێو هۆڵی پەرلەمان و بە زۆرینەی رەهای پەرلەمانتارانی گەل هەڵبژێردرا، راستەوخۆ دوای هەڵبژاردنیشی وتارێكی مێژوویی پێشكەشكرد وەكو یەكەم سەرۆك كۆمار لە سەردەمی دیموكراسیدا و بەڵێنی دووپاتكردەوە كە دەستەی سەرۆكایەتی هەوڵی خۆیان بخەنەگەڕ تا هەمیشە لەجێی ئەو متمانەیەدابن‌ و گوێڕایەڵی ئیرادەی گەل بن،‌ بەجدی‌ و چاكی ‌و دڵسۆزییەوە بەشداربن لەگەڵ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نیشمانی ‌و ئەنجومەنی وەزیراندا لەهێنانەكایەی حوکمێكی دیموكراتی كە ئازادییەكان ‌و مافە تایبەتی‌ و گشتییەكانی مرۆڤ بۆ گەل دابین بكات.
جەلال تاڵەبانی، لەو رۆژەوە بوو بە (سەمام ئەمان)ی عیراقییەكان و هەمیشە لە ئاڵنگاریی و ئاڵۆزی و لێكتێنەگەیشتنەكاندا، كلیلی چارەسەری گرێكوێرەكانی لابوو، بۆیە جێگای متمانەی عیراقییەكان بوو بەهەموو پێكهاتەكانییەوە، تەنانەت ئەمریكییەكان و هاوپەیمانانیش بە گشتی متمانەی تەواویان بە سەرۆك تاڵەبانی هەبوو، كە وەكو سەرۆكێكی دادپەروەر لە وڵاتێكی پڕ كێشەدا رابەرایەتییەكی سەركەوتوو دەكات.
ئەو متمانە گەورەیەی سەرۆك مام جەلال، وایكرد چ لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و چ لەسەر ئاستی عیراق بەگشتی بۆ جاری دووەمیش بێ‌ ركابەر لە ساڵی 2010 ببێتەوە بەسەرۆك كۆمار، ئەو دوو خولەی مام جەلال سەرۆك كۆمار بوو، بە سەردەمی ئاشتەوایی لایەن و مەزهەبەكان لە عیراق دادەنرێت، ئەمەش وایكرد تەنانەت رابەری شیعەكانی عیراق ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی بە شانازییەوە نازناوی (سەمام ئەمان)ی بە سەرۆك مام جەلال بەخشی بوو، بۆیە لەزۆربەی كۆبوونەوەكاندا، مام جەلال بڕیاری یەكلاكەرەوەی دەدا و هەمووان پابەند دەبوون پێوەی، چونكە هەمووان دڵنیابوون ئەو بڕیارە لە بەرژەوەندی عیراقییەكان دەدات، نەك لایەنێك و مەزهەبێك.
بەداخەوە، دەبێت ئەوەش بڵێم، لە دوای نەخۆشكەوتنی سەرۆك مام جەلال لە ساڵی 2012، عیراق و عیراقییەكان وەكو پێویست لە ئاشتی و پێكەوەژیاندا ناژین، چەندین جاریش گرژی و ئاژاوە و ماڵوێرانی رووی لە عیراقییەكان كردووە و كەس نەیتوانیوە ئەو رۆڵە میحوەرییە ببینێت كە مام جەلال لە سەردەمی خۆیدا دەیبینی و هیچ كەس و لایەنێكی لە پرۆسەی سیاسی دوور نەدەخستەوە.


مام جەلال، ئەو سەرۆکەی بە هەڵبژاردن سەرۆک بوو نەک کودەتا

وتارەکانی نوسەر