پەتاكەی ئەمجارەش كۆرۆنایە !

11:28 - 2024-04-23
مەریوان مەسعود
81 خوێندراوەتەوە

مەریوان مەسعود

 

لەم دوو هەفتەیەی رابردووی مانگی نیساندا، پەتایەكی ئێجگار قورس و هەراسانكەر لەنێو هاووڵاتیانی شاری سلێمانی و دەوروبەری بەتایبەتی بڵاوبۆتەوە، بەتایبەت تریش لەنێو منداڵان و خوێندكارانی قۆناغی بنەڕەتی.
ئەم پەتایە، كە نیشانەكانی وەك كۆرۆنا وایە: كۆكە، تا، لەش داهێزران، سەرئێشە، نەمانی بۆن و تام و تاڵیی ناو دەم. بێگومان لە یەكێك بۆ یەكێكی تر جیاوازە، بەڵام بە گشتی نیشانەكانی ئەمانەن و لەبەرئەوەی پەتایەكی ڤایرۆسیشە، بۆیە هەم گواستنەوەی خێرایە و هەم چاكبوونەوەشی كاتی زۆر پێویستە، ئەمەش وایكردووە كە نەخۆشخانە حكومییەكان نەخۆشێكی ئێجگار زۆر روویان تێبكات و تائێستاش وەك پێویست وەزارەتی تەندروستی قسەی لەوبارەیەوە نەكردووە و روونكردنەوەی بۆ هاووڵاتیان نەداوە.

بۆچی وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی داوای بودجەی پێویست ناكەن بۆ ئەوەی بەر لە بڵاوبوونەوە و تەشەنەكردنی ئەم پەتایە بگیرێت؟

لەبارەی پەتاكەوە، چەند پسپۆڕێكی هەناوی قسەیان لەسەر كردووە یان رێنماییان بڵاوكردۆتەوە، یەكێك لەو پزیشكانە د.زانیار ئاغالە كە پسپۆڕی هەناوییە و نووسیویەتی: هێشتا بەلامانەوە روون نییە چ میكرۆبێكە، بەڵام بە ئەگەری زۆرەوە كۆرۆنایە ئەمجارەش، بۆ روون نییە؟ چونكە نەك هەر پشكنینی زۆرت دەوێت، بەڵكو پێویستی زۆرمان بە سەدان كارمەند و بودجەیەكی باشە وەكو سەردەمی كۆرۆناكە كە پاڵپشت بێت بۆ پزیشكان و كارمەندان هەتا بزانرێت جۆری میكرۆبەكە چییە؟ هەروەها دوو هۆكار هەیە كە لەوانەیە نەخۆشییەكەی تیا بڵاوكردبینەوە: درەنگ كردنەوەی قوتابخانەكان لە سلێمانی كە جاران پەتاكان تەنها لە پایزاندا هەبوون، دووەمیش گەڕاندنەوەی سەردانكەرانی مەككەی پیرۆزە كە لەوێ ئێستا پەتایەكی بەهێز هەیە.
قسەكە لەسەر ئەوەیە، ئەگەر پەتایەكی وا خراپ و بەهێز و بەربڵاو هەیە، بۆچی وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی داوای بودجەی پێویست ناكەن بۆ ئەوەی بەر لە بڵاوبوونەوە و تەشەنەكردنی ئەم پەتایە بگیرێت، لەوانەش گرنگتر پێویستە وەزارەتی تەندروستی بە هاوكاریی وەزارەتی ئەوقاف چەند رێنمایی و بڕیارێك دەربكەن، كە هەر كەسێك لە عومرە و حەج دەگەڕێتەوە پێویستە كەرەنتینەی كاتی یان پشكنینی وردیان بۆ بكرێت، ئینجا رێگە بدرێت تێكەڵاوی كەسوكاریان ببنەوە، بۆ ئەمەش دەكرێت بڕێك پارە لە عومەرەكارەكە یان حاجیەكە وەربگیرێت و تێچووی كەرەنتینە و پشكنینەكە بە خۆی بدرێت، ئەم هەنگاوەش تەنیا پێویستی بە بڕیار و رێكخستن و هەماهەنگی هەیە، بۆ خوێندنگەكانیش دەكرێت لە رێگەی پەرستارەكانی خوێندنگەكان یان لە رێگەی تەندروستییەوە خێزانەكان هۆشیار بكرێنەوە لە بوونی پەتایەكی لەو شێوەیە و زیاتر خۆپارێزی بكەن بە منداڵەكانیان.

وتارەکانی نوسەر