مەریوان مەسعود
(42)
هونه‌ر به گشتی، هونه‌ری میوزیك و گۆرانی به تایبه‌تی هه‌رده‌م یه‌كێك بووه له‌و هۆكارانه‌ی كه پێش شۆڕش و دوای شۆڕش، له شكستی شۆڕش و له سه‌ركه‌وتنی شۆڕشدا رۆڵی به‌رچاوی هه‌بووه، چونكه زمانی میوزیك و گۆرانی زمانێكی گشتگیره و به ئاسانی و به خێرایی له ناو ئاپۆره‌ی جه‌ماوه‌ری ئامانجداردا بڵاوده‌بێته‌وه، بۆیه زۆربه‌ی ئه‌و شۆڕشانه‌ی خه‌ڵكانی هونه‌رمه‌ند و ناودار پشتگیری‌یان كردبێت، چ به میوزیك و گۆرانی شۆڕشگێڕی، چ به به‌شداربوون له ناڕه‌زایی و خۆپیشاندان و كۆبوونه‌وه جه‌ماوه‌رییه‌كان، زۆربه‌ی كات ئه‌و شۆڕشانه سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ستهێناوه.
دیاره ئه‌گه‌ر شۆڕشه‌كه‌ش شكستی هێنابێت، ئه‌وا هه‌ر ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه، به‌رهه‌می نه‌مر-یان پێشكه‌شكردووه بۆ دڵنه‌وایی شۆڕشگێڕان و قه‌ناعه‌تی ته‌واویشم به‌وه هه‌یه، كه پشتگیریی هونه‌رمه‌ندێكی گۆرانیبێژ جا ئه‌گه‌ر بۆ پاساو هێنانه‌وه‌ش بێت بۆ شكستی شۆڕشێك، ئه‌وا خێراتر و كاریگه‌رتره لای جه‌ماوه‌ری وه‌رگر، تا وته‌ی باق و بریق و بێ به‌ڵگه و لاوازی سیاسییه‌ك بۆ شكسته‌كه!.
دیاره له‌م بواره‌دا، نموونه ئێجگار زۆره، له‌وانه‌یه نزیكترینیان له ئێمه شۆڕشی یولیوی 1952ی میسر بێت، كاتێك به شێوه‌یه‌كی خێرا زۆربه‌ی گۆرانیبێژه ناوداره‌كانی ئه‌و وڵاته پشتگیریی خۆیان بۆ شۆڕش ده‌ربڕی دژی شا فاروق و پشتگیریی جه‌مال عه‌بدولناسر-یان كرد، ته‌نانه‌ت له مێژووی ئه‌و وڵاته‌دا كاتێك باسی ئه‌و شۆڕشه سه‌ركه‌وتووه ده‌كرێت، ناوی عه‌بدولحه‌لیم حافز و ئوم كه‌لسوم و محه‌مه‌د عه‌بدولوه‌هاب دێت، كه چه‌ندین گۆرانی شۆڕشگێڕیان وت بۆ پشتگیریی شۆڕش و به‌شداری خۆپیشاندانه‌كانیان كرد و بوون به سیمبولی شۆڕشه‌كه، دواتر سیاسییه‌كان هاتنه ده‌سه‌ڵات!.
بێگومان چه‌ندین نموونه‌ی تریش له وڵاتانی ئه‌وروپا هه‌یه، كه له‌وانه‌یه زۆرمان له‌سه‌ر بیستبێت، كه چ هونه‌رمه‌ندان چ رووناكبیران هه‌رده‌م ئه‌وان پێشه‌نگ بوون بۆ شۆڕشه‌كان.
به‌داخه‌وه‌م ده‌بێت ئه‌وه بڵێم كه ئێمه‌ی كورد له‌وانه‌یه ئه‌و ئه‌دیب و شاعیر و هونه‌رمه‌ندانه‌ی به‌رهه‌میان هه‌بووه بۆ شۆڕشه‌كانمان، زۆربه‌یان به‌رهه‌می دوای شكستی شۆڕشن، به ده‌گمه‌ن هه‌مانه هی سه‌ركه‌وتنی شۆڕش بێت!.
نزیكترین نموونه، له‌وانه‌یه گۆرانییه به‌ناوبانگه‌كه‌ی هونه‌رمه‌ند شڤان په‌روه‌ر بێت (هاواره فه‌رمانه دیسان له‌سه‌ر كوردانه!!)، بیرمه له كۆتایی هه‌شتاكان و دوای كیمیابارانكردنی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید و پرۆسه‌كانی ئه‌نفال و جینۆساید، ئه‌م گۆرانییه له ئێزگه‌كان و به كاسێتی قاچاغ ده‌هێنرا و شه‌وان له ماڵه‌كان لێده‌درا و گه‌وره و بچووك به دیارییه‌وه ده‌ستیان ده‌كرد به گریان، كه ناخی هه‌موو تاكێكی كوردی پڕ كردبوو له مه‌شخه‌ڵی شۆڕش!.
بۆیه، به بۆچوونی من، هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێك هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندان پشتگوێ بخات، عاقیبه‌ته‌كه‌ی باش نابێت، پێویسته له سه‌ركه‌وتنه‌كانیش ئه‌وانمان بیربێت نه‌ك ته‌نیا بۆ دڵنه‌وایی له شكسته‌كان هانایان بۆ به‌رین!