لە روانگەی یاساوە

مادەی هۆشبەر، تیرۆری سەردەم

10:28 - 2024-03-14
شۆخان‎ عەبدوڵڵا ‌ سەمین
303 خوێندراوەتەوە

شۆخان عەبدوڵڵا سەمین*

 
لەم ئەڵقەیەی گۆشەکەدا باس لە ژمارە و ئامار دەکەین لە جیهان و عیراق و هەرێمی کوردستاندا کە تەنها بە بیستن و بینینیان، روون دەبێتەوە مەترسیەکانی مادەی هۆشبەر تا کوێ هاتوون و بەرەو چ هەڵدێرێک و ئاستەنگیەکیش رێ دەکەین.
ژمارە و ئامارەکان لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە و لە ژینگەیەکەوە بۆ ژینگەیەکی دیکە دەگۆڕرێت، چونکە هۆکار و ئامرازەکانیش دەگۆڕرێن، ئاسانکاریی سنوور و نزیکیی وڵاتانی بەرهەمهێنەری مادەی هۆشبەر، دەبنە هۆی زیادبوون و کەمبوونی بازرگانان و بەکاربەران.
یەکێک لە ترسناکترین کێشەکانی ئێستا کە رووبەڕووی کومەڵگەی ئێمە دەبێتەوە، ئالوودەبوونە بە مادەی هۆشبەر و رۆژ لەدوای رۆژ رێژەکەی لەناو گەنجاندا بەرەو زیادبوون دەچێت. 
سەبارە بە جیهان: بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە ساڵی 2021دا بڵاوکراوەتەوە (275) ملیۆن بەکارهێنەر لە جیهاندا هەن،
بە دڵنیایی ئێستا ئەم رێژەیە زۆر زیادیکردووە. 
لە ساڵی 2021 بازرگانیی مادە هۆشبەرەکان بە نزیکەیی (325) ملیار دۆلار دەخەملێنرێت.
سەبارەت بە عیراق: بەپێی راپۆرتی ساڵی 1990ی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، عیراق پاكترین وڵات بووە كە كەمترین رێژەی مادەی هۆشبەری تێدا بەكارهێنراوە، بەڵام پاش  نزیکەی 35 ساڵ لەو مێژووە، هۆشدارییووەو دەدرێت لە مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەر و داوا لە حكومەت ‌و پەرلەمان دەکرێت ئاگاداربن لە زیادبوونی بازرگانی ‌و بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر!
ئەوەش پاڵپشت بە داتا و ژمارەکان کە بەم جۆرەن:
لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا، نزیكەی (10) تۆن مادەی هۆشبەر و كارتێكەرە عەقڵییەكان دەستی بەسەرداگیراوە، زیاتر لە نیو تۆنی مادەی هۆشبەر و (9) تۆنیش كارتێكەرە عەقڵییەكان بوون.
وە ئاماری ساڵی 2023 پێمان دەڵێت:
(1459) تۆمەتبار دەستگیركراون، (768) كەسیان بە حوكمی جیاواز سزادراون، كە (9) سزای لەسێدارەدان و (16) كەسی دیكەشیان سزای هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێنراوە و (120) پارچە چەكی جۆراوجۆر دەستی بەسەرداگیراوە،  لەگەڵ  (143)ئۆتۆمبیلدا و توانراویشە (121) تۆڕی بازرگانیكردن بەو مادانە لەبەریەك هەڵبووەشێنرێن، كە (13)یان تۆڕی نێودەوڵەتی بوون و (103)شیان تۆڕی ناوخۆیی بوون.
مادەکانی هۆشبەر و کارتێکەر جیاوازن و زۆر و جۆراوجۆرن، بەڵام ئەوەی زۆرترین مەترسین و بڵاوترینن، بریتین لە (تریاك ‌و حەشیش ‌و شیشە).
لە دیارترین هۆکاریش بێكارییە کە بە هۆكاری سەرەكیی
زیادبوونی بازرگانی ‌و بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر ئەژمار دەکرێت. جگە لەوەش كردنەوەی سنووری هەرێمی كوردستان ‌و عیراق بەڕووی وڵاتانی دەرەوە و تێكەڵاوبوونی خەڵكانی بیانی بە هۆكارێکی تر دادەنرێت.
ئەوەی جێی مەترسییە مادە هۆشبەرەکان نە مێشک، نە لەشولار نە جوانی مرۆڤ و خێزان و مرۆڤایەتی هیچییان ناهێڵن و باشترین  پێشنیازیش بۆ بنبڕكردنی مادەی هۆشبەر ئەوەیە بودجە و هێزێكی تایبەت تەرخان بكرێت بۆ روبەڕوبوونەوەی دۆخەکە، چونكە تائێستاش ئەو كەسانەی بازرگانی ‌و بەكارهێنەری مادەی هۆشبەرن، نەبوونەتە مافیا ‌و كەسی بەهێز لەپشتیانەوە نییە، بۆیە كۆنتڕۆڵكردنیشیان ئاسانترە».
قانوون رێکار و رێنمایی و هێزی تایبەتی خۆی هەیە بۆ بازرگان و بەکارهێنەریش کە لە گۆشەکانی داهاتوودا ئاماژەیان پێ دەدەین.

 

*پارێزەری راوێژکار و چالاکوانی نێودەوڵەتی 

وتارەکانی نوسەر