لە روانگەی یاساوە

مادەی هۆشبەر تیرۆری سەردەم

10:21 - 2024-03-28
شۆخان‎ عەبدوڵڵا ‌ سەمین
450 خوێندراوەتەوە

شۆخان عەبدوڵڵا سەمین*

 
لەم گۆشەیەدا باس لە ناوەڕۆکی قانوونی ژمارە(1)ی ساڵی (2020) (قانوونی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان  لە هەرێمی کوردستان)   پەسەندکراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردسان بە بڕیاری ژمارە (7)ی ساڵی(2020) دەکەین.
ئەم قانوونە پێکدێت لە(50) مادە و (11) خشتەی هاوپێچ و لە رۆژی (18/1/2021)ەوە لە هەرێمی کوردستان کاری پێدەکرێت.
دەرچوونی قانوونەکە لەم ساڵانەی داهاتوو و بەو هێزیەی لە ناوەڕۆکەکەیدایە، هەنگاوێکی شایستەپێکراو بوو بۆ ئەم سەردەمە، چونکە قانوونەکە توانیوێتی لەڕووی جۆری و چۆنایەتی و چەندایەتیی سەرجەم دیوەکانی مادەی هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان شەن بکات و سزای توندو توندتر بەسەر بکەر و تاوانباراندا بسەپێنێت و چاوترسێنیان بکات و بەرگریکارێکی باشی ئاسایشی ئابووریی و کۆمەڵایەتی بێت،   بەتایبەتی ئێستا کە بابەتی مادە هۆشبەرەکان بۆتە دیاردەیەکی جیهانیی مەترسیدار بۆ ئێستا و ئایندەی مرۆڤایەتی، بۆ قەڵاچۆکردن و رێگریی لەو دیاردە مەترسیدارە، قانوونی بەهێز و پلان و بەرنامەی تۆکمەی پێویستە.
قانوونی ئاماژەپێکراو  سزاکانی ئەو کەسانەی بازرگانی بە مادە هۆشبەرەکانەوە دەکەن و بەکاری دەهێنن، زۆر زیادکردووە تا سزای (لەسێدارەدان ) و (زیندانی هەتاهەتایی) و غەرامەکردن بە بڕی زۆر و تەنانەت (حیجزکردن) و (دەستبەسەرداگرتنی) ماڵی گواستراوە و نەگواستراوەی ئەوانەی لە مادەی (25 و 26)ی قانوونەکە روونکراوەتەوە   و دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و سامانی گواستراوە و نەگواستراوەی هاوسەر و منداڵ و هەموو ئەو بەدەستهاتووانەی  کە لەڕێگەی مادە هۆشبەرەکانەوە دەستیان کەوتووە، کە یەکێکە لە مادە و هەنگاوە پێویستەکانی ناو قانوونەکە .
ئامانج لە دەرچواندنی ئەم قانوونەش، هەر لەناو قانوونی ئاماژەپێکراودا لە مادەی دووەمدا هاتووە کە بریتییە :
«خۆپاراستن لە تووشبوون بە مادەی هۆشبەر و چارەسەرکردنی ئالوودەبوانی مادەی هۆشبەر و  پەرەپێدانی ئەو دامودەزگایانەی کە لەبواری روبەڕوبوونەوەی مادەی هۆشبەردا کاردەکەن، هەروەها کارکردن بۆ نەهێشتن و سنووردارکردنی بازرگانیکردنی ناڕەوا بە مادەی هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان. یەکێکی تر لە ئامانجەکان، بریتییە لە کارکردن بۆ جێبەجێکردنی ئەو پەیماننامە نێودەوڵەتییانەی کە تایبەتن بە مادەی هۆشبەر و عیراق تیایاندا ئەندامە  و دابینکردنی بازاڕێکی یاسایی بۆ کڕین و فڕۆشتنی مادەی هۆشبەر کە لەبواری چارەسەری پزیشکیدا بەکاردێن» .
بەشێکی تری قانوونەکە تابیەتە بە پێناسەکردنی چەند چەمکێکی بڵاو کە ئێمە باس لە دیارترینیان دەکەین کە تایبەتن بە مادەی هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان و لەپێناوی تەشکیلکردنی تاوان پێویستە مادە و کردارەکەش بکەونە چوارچێوەی پێناسەکانەوە، بۆ نموونە ئاماژە بە مادەی هۆشبەر کراوە و پێناسە کراوە بە هەر مادەیەکی سروشتی یان پێکهێنراو دەگرێتەوە کە لە خشتەکانی یەکەم و دووەم و سێهەم و چوارەمی قانوونەکەدا هەیە و هاوپێچ کراوە بە ناوی بڵاو و گشتی بە زمانی کوردی لەگەڵ ناوە زانستییەکەی .
گۆشەکانی تایبەت بە مادەی هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان بەردەوامە و لە ژمارەکانی داهاتوودا باس لە جۆری تاوانەکان و قانوونەکە و سزاکانیان دەکەین.

 

*پارێزەری راوێژکار و چالاکوانی نێودەوڵەتی 

وتارەکانی نوسەر