لە روانگەی یاساوە

سۆشیال میدیای کوردی و بەڵا

10:20 - 2024-07-17
شۆخان‎ عەبدوڵڵا ‌ سەمین
105 خوێندراوەتەوە

شۆخان عەبدوڵڵا سەمین

 

تاوانەکانی سۆشیال میدیا سات بەسات دەبینرێن و قانوونیش هەیە بۆ ڕێگری و بەسزاگەیاندنی چەوتەکان

سۆشیال میدیا کە لە سادەترین ناساندنیدا بریتییه لە تۆڕێکی شێوە جاڵجاڵۆکەیی هەمەجۆر و هەمەڕەنگ کە لە کورتترین مەودا و خێراترین کاتدا زۆرترین زانیاری و پەیام لە تەواوی جیهاندا دەخاتە بەردیدە و فکری بەکارهێنەرانی.
لە دیارترین ئەو ئەپانەی کە سۆشیال میدیایی لێ پێک دەهێنرێت و زۆرترین بەکار هێنانی هەیه بریتییە لە (تیکتۆک و  x و ئینستاگرام و پەیج و فیسبوک و گروپاتی ڤایبەر و مەسنجەر و ئیمۆ و ...هتد).
روونە پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و بەکارهێنانی یەکێکە لە پێداویستییە سەردەمییەکان، ناتوانین و ناکرێت دەست بەرداری بین و دەتوانین لێی سوود مەندبین و زۆرترین پێدراوی ئیجابیمان لێوەی دەست بخەین ببێتە مایەی ئاوەدانی و رەحمەت بۆ کۆمەڵگە و خێزان.
بەڵام ئەوەی  لە ئێستادا و لە سۆشیال میدیای کوردییدا دەبینرێت بەگشتی  لێرە و لەوێ رێگەمان تێی دەکەوێت  نە ڕەحمەتەو نە ئاوەدانی بەڵکو زۆر بار زەحمەتەو بووەتە هۆی وێرانی ...
ئەوەی دەگوزەرێت شکاندنی بەهای باڵای کۆمەڵایەتییە بە تایبەت بنەمای خێزانی، گاڵتەکردن و بێ نرخ کردنی ئاشتی و ئاسایشی کۆمەڵایەتییە، ئێمە لە سۆشیال میدیای کوردیدا گەیشتووینەتە گاڵتە جاڕییەک کە هەر لەوێدا یەک دەشکێنن، هاوسەرگیریی دەکەن، هەڵی دەوەشێننەوە، پەیوەندیەکی تر و دەیەهای تر ڕادەگەیەنن، هەر لەو ماڵ وێرانەدا، جنێو دەدرێت، ناودەزڕێنرێت، هێرش دەکرێت، تۆمەت و هەرچی تاوانە ئەنجامدەدرێت.
لەوەش مەترسیدار تر لە پێناو ڤیو و دەست کەوتنی ماددیی، مرۆڤ بوون  دەکرێتە سینەما.
ئیدی شتێک نەماوە بەناوی خۆشەویستی، ئارامی و یەکتر قەبوڵکردن و پێکەوە بوونی تەندروست.
هەڵبەت ئەوەی وتم رووە گشتییەکەیە لە ئێستادا، ئەوانەی کە تەندروست دەژین  لەبەر ناشیرین بوونی  ژینگەکە، کەمتر بەکارهێنەری سۆشیال میدیان و بێ دەنگیان کردۆتە وەڵام بۆ دووربوون لەو فەوزایە.
تاوانەکانی سۆشیال میدیا سات بەسات دەبینرێن و قانوونیش هەیە بۆ ڕێگری و بەسزاگەیاندنی چەوتەکان، بەڵام ڕوونە نەیتوانیوە بیپێکێت چونکە گەیشتووینەته ئاستێک، کارکردنێکی گروپی لایەنی حکومی و نا حکومی پێویستە.
دەستێک و هیمەتێکی توندی هەمەلایەنەی دەوێت بۆ جێبەجێکردنی ئەم ماددە قانوونیەی کە لە قانوونی ژمارە6ی قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی کردن لە ماددەی دووەمدا هاتووە و دەڵێت:
«ئەگەر هەرکەسێک بە خراپی تەلەفۆنی خانەیی (موبایل)، یان ئامێرێکی پەیوەندیی کردنی تەلدار، یان بێ تەل، یان ئینتەرنێت، یان پۆستی ئەلیکترۆنی بۆ مەبەستی هەڕەشەکردن، یان تۆمەت هەڵبەستن (قذف)، یان جنێودان، یان بڵاوکردنەوەی هەواڵی هەڵبەستراو بەکارهێنا کە ترس پەیدا دەکات، یان دزەی بە گفتوگۆ کردن کرد، یان وێنەی چەسپاو، یان جووڵاو، یان کورتە نامەی بڵاوکردەوە کە لەگەڵ خووڕەوشتی گشتیدا ناگونجێ، یان بەبێ رووخسەت و مۆڵەت وێنەی گرت، یان کاروبارێکی وا کە شەرەف بریندار بکات، یان هانی ئەنجامدانی تاوان، یان کاری بەدڕەوشتی، یان بڵاوکردنەوەی زانیاریی پەیویست بە نهێنی ژیانی تایبەت، یان خێزانی بۆ تاکەکان بڵاوبکاتەوە کە بەهەر رێگایەک بێت چنگی کەوتبێت هەتا ئەگەر راستیش بن، ئەگەر بە هۆی بڵاوکردنەوەیان و دابەشکردنیان سوکایەتی یان زیانیان پێ بگەیەنێت، ئەوا بۆ ماوەیەک بەند دەکرێت» کە لە (6) مانگ کەمتر نەبێت و لە (5) ساڵیش زیاتر نەبێت و بە غەرامەیەکیش سزا دەدرێت کە لە(1000000) یەک ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە (5000000) پێنج ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێت یان بە یەکێک لەو 
دوو سزایە سزادەدرێت.

وتارەکانی نوسەر