بەیەكگرتوویی سەردەكەوین

10:36 - 2024-03-14
حاكم قادر حەمە جان
216 خوێندراوەتەوە

حاكم قادر حەمە جان 

ئاشكرایە هەردوو فاكتەری ناتەبایی و پەرتەوازەیی، هەمیشە دەردی تاڵی گەلی كورد بوون و پەتای سەرەكی و هۆكاری پلەیەكی نەگەیشتن بوون بۆ بەدەستهێنانی دەستكەوت و ئامانجە رەواكانی گەلەكەمان، هەروەك بەردەوام ئاستەنگی بەردەم دۆزە رەواكەی بوون و هەنگاوەكانی راگوزەر بەرەو ئازادی و رزگارییان خاوكردۆتەوە و  پاشەكشەیان پێكردووە. 
گومانی تێدا نییە بەدرێژایی مێژووی خەبات و تێكۆشانی گەلی كورد لەهەردوو سەردەمی رابردوو و هاوچەرخی شۆڕشی نوێی دوای نسكۆ، دووبەرەكی و ناتەبایی نێوان لایەنەكان و پەرتەوازەیی ریزەكانیان بەشێوازی جۆراوجۆر سەریان هەڵداوە، پەرش وبڵاوی لە راوبۆچوونی جیاواز و فرە ئایدیۆلۆژیایی لایەنەكان لەلایەك و درێغی نەکردنی دوژمنانی گەلەكەمان بە داڕشتنی پلانی هەمەجۆر بۆ لاوازكردن و لەباربردن و لاوازكردنی شۆڕشەكانی رزگاریخوازیی گەلەكەمان بەلاكەی تردا، بە نانەوەی پشێوی و دووبەرەكی لەڕێی بەكرێگیراوانی دەوڵەتە داگیركەرە هاوهەڵوێستە دژ بە داوا رەواكانی گەلەكەماندا كەمتەرخەم نەبوون كە دواجار سەرجەمیان بەداخەوە بەسەرهەڵدانی شەڕی قێزەونی ناوخۆ لەنێوان لایەنە شۆڕشگێرەكان كۆتایی پێدەهات و تیایدا ژمارەیەك لە رۆڵەی خەباتگێڕی گەلەكەمان لەنێوان ناكۆكەكاندا دەبوونە قوربانی و لەئەنجامدا ماڵوێرانی و كاولكاری لێدەكەوتەوە.

ئێستاش پەرتەوازەییمان پێوە دیارە 
ئێستا لە نوێترین پەرتەوازەیی لایەنەكانی هەرێمی كوردستانیشدا، ناتەبایی و فرە هەڵوێستی و یەكتر نەخوێندنەوە و هەڵنەكردنی پێكەوەییە لەبەرامبەر شێوازی ئەدای سیاسی و مامەڵەكردن لەگەڵ بەغدا، هەروەك لەسەر چۆنێتی دەربازبوون لە دۆخی چەقبەستووی سیاسی و داراییە كە چەند ساڵێكە بەرۆكی گەلەكەمانی گرتووە و شێوازی مامەڵەكردن و بەهێزكردنی ئەو قەوارە سیاسییەی هەرێمی كوردستانە كە بە قوربانیدانی رۆڵەكانمان بەدەستهاتووە. گومانی تێدا نییە، پرسی ئابووری و نەناردنی شایستە داراییەكانی هەرێم بە تەنیشت چەقبەستوویی دۆخی سیاسییەوە، خەڵكی بەش مەینەتی رووبەڕووی بارگرانی گەورە كردۆتەوە و دواخستنی مووچە لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا، وەك سادەترین مافی فەرمانبەران، جێی ناڕازیبوونی خەڵکە.

گوزەرانی خەڵک نەبەسترێتەوە بە کێشە سیاسییەکان
بەداخەوە، نەدەبوو باشتركردنی حاڵ و گوزەرانی خەڵك بەگشتی، بخزێنرێتە چوارچێوەی ململانێی نێوان لایەنەكانەوە، بەڵكو بەپێچەوانەوە دەبوو حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان، چارەنووسی خەڵك و مووچەخۆران بەتایبەتی، بە كێشە سیاسییەكانەوە گرێ نەدا و بواری بیانووی بۆ حكومەتی فیدراڵی نەهێشتایەتەوە تا بتوانێ‌ یاری بە قووتی خەڵكی بەش مەینەتی هەرێم بكات. 
ئەگەرچی رووداوە مێژووییەكانی گەلەكەمان سەلمێنەری ئەو راستیەن كە هەركاتێك كورد یەك دەنگ و یەك رەنگ و هاوهەڵوێست و یەك بڕوا و تەبا و یەكدەست بووە، بەپێچەوانەی ناتەبایی و پەرتەوازەییەوە، دۆزە رەواكەی بەرەو پێش هەنگاوی خێرای ناوە و ئامانجە دوور و نزیكەكانی زیاتر هاتوونەتە پێش. كەواتە بە وانە وەرگرتن لە ئەزموونەكانی رابردوو، تا ئایندە لە ئێستا گەشتربكەین.
 پێویستە ئاوڕی جدیتر لەگەلەكەمان بدەینەوە و بەرژەوەندیی گشتی باڵای خەڵك ببپاێزین، لە كاتی روبەڕوبوونەوەی هەر ئەگەرێك و هەوڵێك كە نەتەوەكەمان و قەوارە سیاسییە دەستوورییەكەمان بە ئامانج بگرێ، پێویستە هاوهەڵوێست بین، بەتایبەتی لەپاش دەركردنی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی عیراق لەبارەی هەردوو پرسی مووچە و پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە.

بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی
پەیوەستكردن و پابەندكردنی هەردوو حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستان بەدابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران و ناردنی شایستە داراییەكان لەكاتی دیاریكراوی یاسایی خۆیدا، پارێزگاریكردن لە مافەكانی فەرمانبەران و خانەنشینان. 
هەروەك لە چوارچێوەی پاراستنی سیاسی قەوارەی هەرێمی كوردستانیشدا ناساندنی پەرلەمانی كوردستان بە رێژەی (100) كورسی لەچوارچێوەی (چوار) بازنەی هەڵبژاردندا،  بەمەرجی پابەندبوونی حكومەتی فیدراڵ بە ناردنی شایستە داراییەكان بە گشتی و مووچەی مووچەخۆران بەبێ‌ جیاوازی. 
لە داهاتوودا هەموو ئەو دەستكەوتانە بەهەند وەرگرین و هەلە رەخساوەكان بۆ بەرژەوەندیی خەڵك بقۆزینەوە و دوور لە پەرتەوازەیی، بەتەبایی و یەكگرتوویی و پێكەوەژیانی ئاشتیانە و پەیڕەوكردنی سیاسەتی حەكیمانە، خۆشگوزەرانی بۆ خەڵك فەراهەم بكەین.

وتارەکانی نوسەر