هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا زامنی پاراستنی قەوارەی هەرێمە

09:35 - 2024-03-26
حاكم قادر حەمە جان
87 خوێندراوەتەوە

حاکم قادر حەمەجان


وەک یەکێتییەکان پێمانوایە کە پێویستە هەڵبژاردن لە وادەی بڕیارلێدراوی خۆیدا بەڕێوەبچێت، ئەگەر هەر تێبینی و سەرنجێکیش لەسەر ئەو پرسە هەبێت، پێویستە لە نێوان  لایەنە سیاسییە کوردستانییەکاندا بەگوێرەی یاسا و بە رێکەوتنی نێوان خۆیان چارەسەری بکەن، ئەگەر پێیانوایە بەغدا لە هەموو وردەکارییەکاندا دەستوەردان بکات، سەنگ و پێگەی هەرێم لاواز دەبێت، بەڵام ئەوەی هەیە، دەرەنجامە، چونکە ئەگەر لایەنە کوردستانییەکان لەسەر بەرنامەیەکی ناوخۆیی بسازانایە، پەنا نەدەبرایە بەر دادگای فیدراڵی، کە پێموایە لەو تەنگژە و ئاڵنگارییەی هاتبووە ئاراوە تەنها ئەوە رێگە راستەکە بوو، نەک تەشهیر و تەخوینکردنی یەکتری لە میدیاکان و سۆشیال میدیا و پەیج و سایتەکانەوە.
ئێمە وەک یەکێتی هەمیشە پێمانوابووە کە سەرەڕایی ئەوەی ھەڵبژاردن یەكێكە لە بنەماكانی دیموكراسی و دەستاودەستکردنی ئاشتییانەی دەسەڵات، ھۆكاریشە بۆ زامنكردن و پاراستنی قەوارەی ھەرێمی كوردستان، بەمەرجێك ھەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بێت و دوور بێت لە ھەموو جۆرە دەستوەردانێك، چونكە تەنها بە هەڵبژاردنێکی لەوجۆرە دامەزراوەكانی ھەرێم شەرعییەت وەردەگرنەوە و دوور دەبین لە بۆشایی یاسایی و كارگێڕی.
ئەوەی ئێستا پێویستە ئەوەیە کە لەو وادەیەی دیاریكراوە بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن، نەهێڵرێت لەوە زیاتر دوابخرێت و سەرجەم لایەنەكان بگەنە رێكەوتن و ئیتر رەخنە و سەرنج و تێبینیەكان بڕەوێنرێتەوە و هەموان خۆمان بۆ واقیعی حاڵی نوێ  ئامادە بکەین و لە ئێستاشەوە هەموومان پەیمانی لێبڕاوانە بدەین کە پابەند دەبین بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەوە و رێز لە ئەنجامەکان دەگرین.
دیارە وەک سیاسەتی هەمیشەیی یەکێتیش سەرباری هەر سەرنج و تێبینییەک جەخت لەسەر یەکڕیزیی و یەکگرتوویی پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی گەلی كوردستان دەکەینەوە بە هەموو پێکهاتەکانییەوە و چونکە قۆناغەكە وا دەخوازێت سەرجەم لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان و گەلی كوردستانیش یەكگرتوو و یەكڕیز بن تا زامنی سەركەوتنمان بكەین دژ بە هەر پیلانێك كە پێمانوایە لە دژی گەلی کوردستان لە ئارادایە، ھەروەک پێویستیشە ململانێی لاوەکی  وەلابنێین و هەموومان خۆمان بە دوور بگرین لە ھەموو جۆرە تەخوێنێك لە سوشیاڵمیدیا و میدیاکاندا، لەجیاتی ئەوە پێویستە بە زووترین كات كۆبوونەوەی لایەنەکان لەسەر ئاستی باڵا بکرێت بۆ ئەوەی بگەنە رێكەوتن لەسەر پاكێجێكی ھاوبەشی نیشتمانی و ستراتیژی بۆئەوەی پێکەوە رووبەڕووی ھەموو ئەو ئاڵنگارییانە ببنەوە كە لە ئێستا و داھاتوودا روودەدەن  و بەرژەوەندییە باڵاکانی میللەتەکەمان پارێزراوبێت.

وتارەکانی نوسەر