یەکێتی لە بەرەی گەلدایە

09:38 - 2024-03-17
هیوا محەمەد
190 خوێندراوەتەوە

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، ئەو دەستەواژەیە بووە کە سەرۆک مام جەلال لە وتارەکانیدا ناوی هێناوە، کۆمەڵان خۆی مانایەکی فەلسەفی هەیە، ئەو بەو دەستەواژەیە ئەو مانایەی دەربڕیوە کە یەکێتی لەناو کۆمەڵە جیاوازەکانی خەڵکدا هەیە، بە چین و توێژی جیاجیاوە. 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە دروستبوو، هەر ئەوەندە ناوی کەوتە بەرگوێی خەڵک، لە هەر کۆڵانێک، گوزەرێکی پیشەوەران، زانکۆکان، خوێندنگەکان، گوند و شارۆچکەکانەوە خەڵک رووی تێکرد، ئەوانەی تینووی خەبات و ئومێد بڕاو بوون لە هەرەسهێنانی شۆڕش، عەوداڵ بوون بە شوێن بنە و بارەگاکانی یەکێتیدا لە دۆڵ و چیاکان و چەکی خەباتیان هەڵگرت و بوونە پێشمەرگە. 

هەر سەنگەر گرتنێکی تر لە یەکێتی، بەتایبەتی لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی داهاتوودا، بە ئامانجی تێکدانی کەشی بانگەشە و تێکدانی سەقامگیریی سلێمانی و دەوروبەرییەتی، ئەمەش پیلانێکی داڕێژراوە و دەبێت رێگریی لێبکرێت

هەرچی لاوە خوێن گەرمەکانی ناو زانکۆ و ناوەندەکانی دیکەی کارکردنیش بوو، بە سەدان زنجیرەی رێکخستنیان دروستکرد و ناویان نا رێکخستنە نهێنییەکانی ناوشار، ئەمە و هێزی پێشمەرگە بوونە هەوێنی هاندەری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و یەکێتییان کردە حزبی گەل.
ئەوەی لە بانگەشەی دوا هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عیراق لە شاری کەرکوک بینیمان، ئەو دەیان هەزار کەسەی لەسەر شەقامەکان بە لۆگۆی یەکێتییەوە توانییان زۆرترین کاندیدی یەکێتی سەر بخەن بۆ ناو ئەنجومەنەکە، هەموویان لەبەرەی گەلدا بوون، ئەوان کرێکار و جوتیار، مامۆستا، پزیشک، خوێندکار، پیشەوەر، رۆژنامەنووس و نووسەران، فەرمانبەران، پێشمەرگە و پۆلیس و ئاسایش، لە ژن و پیاو لاو و پیر بوون، کەوابوو هەموویان لەبەرەی گەلدا بوون و یەکێتییش پێشڕەویان بوو.
بەو پێیەی ئەمڕۆ لەسەردەمی سیستمی هەڵبژاردن و چوونە ژێر باری پەیڕەوکردنی دیموکراسیداین، دەبێت بڵێین، ئەو حزبەی کە زۆرترین دەنگ و کورسی دەهێنێت، ئەوا ئەو لەبەرەی گەلدایە، چونکە ئەو دەنگانە لەناو گەلەوە پێی دراوە، دوا نموونەش ئەوەی سەرەوە بوو لە کەرکوک کە باسمان کرد.
زۆر ناگەڕێینەوە بۆ مێژووی دوور، تەنها نزیکەی 15 ساڵێک بە نموونە وەردەگرین، ئەوەی بەسەر یەکێتیدا هات، بەمەبەستی لاوازکردنی بوو، نەک بەهێزکردنی، چونکە بەهێزکردن دەکرێت لەناوخۆدا وەک چاکسازی و نوێبوونەوە بکرێت، نەک لە کەشتییەکە دابەزیت و نزای نقوم بوونی بکەیت. 
هەموان دەزانن چی کراو بە چی گەیشت، هەموو فرە مینبەرەکانی ناو یەکێتییش ئێستا نووزەیان لێوە نایەت، کە تێکڕا رەفتار و هەنگاویان بۆ لاوازکردنی یەکێتی بوو بە مەبەست بێت یان بێ مەبەست. 
هەر هەنگاوێکی تر، هەر سەنگەر گرتنێکی تر لە یەکێتی، بەتایبەتی لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی داهاتوودا، بە ئامانجی تێکدانی کەشی بانگەشە و تێکدانی سەقامگیریی سلێمانی و دەوروبەرییەتی، ئەمەش پیلانێکی داڕێژراوە و دەبێت رێگریی لێبکرێت، چونکە ئەمە کردەی یەکێتییەکان نییە.
لەدوای دەرکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییەوە، تا ئەمڕۆ ئەوانەی لە بەرژەوەندییان نەبووە، بەردەوام لێدوانی دژ دەدەن و هەنگاوی دژ هەڵدێنن بۆ رێگری، کە دەشزانن ناتوانن هیچ لە بابەتەکە بگۆڕن، هەنگاوی سزادان و تۆڵەکردنەوە هەڵدێنن، هەر ئەمەش سەرنەگرێت هەوڵی تێکدانی دەدەن، لێرەوە فۆکەس لەسەر سلێمانی و ئەو ناوچانەیە کە لەژێر نفوزی یەکێتیدایە، بۆیە دەبێت خەڵک چاوی بکاتەوە و ئەمڕۆ دەست بە هەڵسەنگاندنی دۆخەکە بکات و داهاتووەکەشی بزانێت چی دەبێت و دەکەوێتە ئەستۆی کێ؟

وتارەکانی نوسەر