بۆچی هەولێر سکاڵا لەسەر بەغدا تۆمار ناکات؟

09:45 - 2024-03-19
هیوا محەمەد
238 خوێندراوەتەوە

لەبری ئەوەی لەدوای بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییەوە سەبارەت بە مووچە، ئیتر پێدانی مووچە لەکاتی خۆیدا جێبەجێبکرایە، بەڵام بە پێچەوانەوە پێداگرییەکان چ لە هەولێرەوە و چ لە بەغداوە توندتر دەبن.
بیانووەکانی بەغدا تا دێت زۆرتر و چڕتر دەبنەوە، پێداگریی و ملنەدانی هەرێمیش و بەستنەوەی بە بچووکردنەوەی دەسەڵات و قەوارەی هەرێمەوە سەختتر دەبێت.
چەند رۆژێکە دەڵێن کە پارەی تەواو نەنێردراوە بۆ هەولێر، تا دەستبکات بە دابەشکردنی مووچە و کورت دەهێنێت، ئەگەر ئەمە راستبێت، ئەوا دەڵێین: دەتوانن دەستبکەن بە دابەشکردنی مووچە، ئەوەندەی لەبەردەستاندا هەیە، هیچ نەبێت با چەند وەزارەتێک وەریبگرێت تا کێشەکە چارەسەر دەبێت، چونکە بەمە دەتوانن بڕێک لە خراپیی باری ئابووریی خەڵکی هەرێم و بازاڕ چاک بکەنەوە.
بێباکی حکومەت لەبەرامبەر کێشەی مووچەخۆران، لە رادە بەدەرە، سەیرە کە مشوورخۆر نییە و بەستوویەتیەوە بە کێشە سیاسییەکان و سنووری کەمکردنەوە یان زیادکردنی دەسەڵاتەکانییەوە.

 

بیانووەکانی بەغدا تا دێت زۆرتر و چڕتر دەبنەوە، پێداگریی و ملنەدانی هەرێمیش و بەستنەوەی بە بچووکردنەوەی دەسەڵات و قەوارەی هەرێمەوە تادێت سەخت تر دەبێت

 

خەڵک حکومەتیان دەوێت ئیدارەیان بدات و بیانپارێزێت لە چوارچێوەی یاسادا، حکومەتیان دەوێت وەک هەر وڵاتێک دەوری باوک ببینێت و سەرپەرشتییان بکات، نایانەوێت گرفتیان بۆ دروستبکات و ئازارەکانی خەڵكی بەلاوە گرنگ نەبێت.
ئێمە دژی خۆمان نین، هەرچی حکومەتە لەم گەلەیە، بەڵام لەناو تاکەکانماندا باش و باشتر هەیە، لە حکومەتەکانی جیهانیشدا چاک و چاکتر هەیە، ئەگەر وانەبوایە هەر چوار ساڵ جارێک حکومەتەکان گۆڕانکارییان بەسەردا نەدەهات. 
دەبێت حکومەتی هەرێم ئەوەی لەبەرچاوبێت کە هەڵبژاردنێک بەڕێوەیە، هەرچی هەنگاوی باش بنێن، رەنگدانەوەی دەبێت بۆ سەر کەسەکان و حزبەکانیان لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا، باشتریش وایە ئەگەر دڵنیان لەوەی جارێکی تر ئەو دەسەڵاتە بەدەستناهێننەوە، ئەوا بە سەربەرزی و بە ئیشی جوانەوە تەسلیمی ئەوەی دوای خۆیانی بکەن، تا خەڵکیش سوپاسی ئەو رابردووەیان بکات.
بەداخەوە ئێستا بە بیانووی هەژماری من و چۆنێتی بەکارهێنانی ئەو ژمارەیە و وەرگرتنی مووچە و  کەمی پارەوە، مووچە راگیراوە، هەرچی بەغداشە دەڵێت لیست و زانیاری تەواو نەنێردراوە، ئەمەی بەغدا دەمێکە باسی دەکات و هەرێمیش هەر دەڵێت ناردوومانە.
گومانمان نییە لەوەی هەرێم دەیڵێت، بەڵام بۆ رەوینەوەی گومانەکان ئەگەر هەبێت، فەرموون ئێوەش لە رێگەی دادگای فیدراڵییەوە سکاڵا لەسەر ئەوانە بکەن کە کەمتەرخەمن لە ناردنی بەشە بودجە لەکاتی خۆیدا، ئەگەر ئەمە ناکەن، خەڵکیش پێتان دەڵێت: بەغدا راست دەکات و ئێوەن کە ناینێرن.

وتارەکانی نوسەر