تیكتۆك تۆڕێكی كۆمەڵایەتییە لەلایەن كۆمپانیای (بایت دانس)ی چینییەوە خاوەندارێتی دەكرێت، ئەم (ئەپ)ە لە ساڵی2016 دەركەوت، لەسەر هەردوو سیستمی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس كاردەكات، تەنیا پارچە ڤیدیۆی كورت نەبێت بڵاوی ناكاتەوە، ركابەری راستەوخۆی ئینستگرامە، زیاتر لەوەی ركابەریی یوتیوب بێت.
لە كۆتایی ساڵی 2018دا لە رووی داونلۆدكردنەوە لەسەر ئاستی جیهان پلەی سێیەمی بەدەستهێنا، وردە وردە ناوبانگی دەركرد. ئەم تۆڕە كۆمەڵایەتییە جگە لە چین، لە وڵاتانی ئاسیا و ئەوروپا و ئەمریكا پێشوازییەكی زۆری لێكرا و لە ساڵی 2020 دوو ملیار كەس بەكارهێنەری بوون.
بەهێزبوونی تیكتۆك بووە جێی ترسی ئەمریكا، هەر زوو دەستیكرد بە شەڕفرۆشتن بەم ئەپە بە تۆمەتی هەڕەشەی راستەقینە بۆسەر ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەكەی و كۆكردنەوەی زانیاری بۆ چین. یەكەم هەنگاو دژی تیكتۆك لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی پێشووی ئەمریكا بوو، كە هەوڵیدا قەدەغەی بكات، بەڵام سەری نەگرت. ئەم شەڕفرۆشتنە بەردەوام بوو تا ناوەڕاستی ئەم مانگە، ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا پڕۆژە یاسای قەدەغەكردنی تیكتۆكی پەسندكرد بەجۆرێك دەبێت تیكتۆك لەلایەن كۆمپانیایەكی ئەمریكییەوە بەڕێوەببرێت، نەوەك چینی، ئەگەرنا ئەو ئەپە لە ئەمریكا قەدەغە دەكرێت.
دەزگا هەواڵگرییەكانی ئەمریكا هۆشدارییان داوە لەوەی تیكتۆك كاریگەریی لەسەر رای گشتی ئەمریكا دەبێت و بۆ سیخوڕیكردن بەسەر خەڵك و حكومەتەوە بەكاربهێنرێت، بەتایبەتی كە ئێستا نزیكەی 170 ملیۆن ئەمریكی بەكاریدەهێنن، بەڵام چین ئەو تۆمەتانە رەتدەكاتەوە و قەدەغەكردنی ئەپەكە بە پێشێلكردنی ئازادیی رادەربڕین دادەنێت.
دەكرێت بڵێین ئەم كارانەی ئەمریكا دەیكات بەشێكە لەو ململانێ فراوانەی كە پێی دەوترێت جەنگی داتاكان كە ئەم جەنگە هێڵی پێشەوەی پەیوەندییەكانی ئەمریكا و چینی گرتووە بۆئەوەی یەكێكیان سەروەریی خۆیان بەسەر جیهانی دیجیتاڵیدا بسەپێنن لە چوارچێوی هەژموون بەسەر جیهاندا.
ململانێكەی ئەمریكا و چین لەسەر تیكتۆك لاپەڕەیەكی ترە لە ململانێكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە لەسەر چۆنێتی بەڕێوەبردن و پاراستن و بەكارهێنانی داتاكان لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، هەریەكەیان هەوڵدەدات ژێرخانی پەیوەندییە ئەلەكترۆنییەكان كۆنترۆڵ بكات، بەتایبەتی كە كێبڕكێی توند هەیە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ژێرخانی دیجیتاڵیی جیهان وەك تۆڕی نەوەی پێنجەم (5G) تا كاریگەریان لەسەر رەوتی رووداوەكان هەبێت ئەوەش بە روونی دەركەوت كە تیكتۆك بۆتە سەرچاوەی هەواڵ بۆ ئەمریكییەكان بەتایبەتی لەسەر جەنگی غەززە. جولەكەكانی ئەمریكا ئەپەكەیان تۆمەتباركرد بەوەی لایەنگری فەلەستنییەكانە نەك جولەكە.
نیگەرانییەكی دیكەی ئەمریكا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو داهاتە زۆرەی كە تیكتۆك لە ئەمریكا هەیەتی. بەپێی ئامارەكان داهاتەكەی لەساڵی 2023 گەیشتۆتە 16 ملیار دۆلار بە بەراورد بە ساڵی رابردوو 40 % زیادیكردووە، ئەوەش داهاتێكی زۆرە كە كۆمپانیاكە دەستی دەكەوێت، هەربۆیە حكومەتی چین رەتیدەكاتەوە بە زۆرەملێ ئەم ئەپڵیكەیشنە لە ئەمریكا بفرۆشرێت، ئێستا بڕیارەكەی ئەنجومەنی نوێنەران كۆمپانیا چینییەكەی خستۆتە دۆخێكی سەختەوە، حكومەتی چینش دەیەوێت یاری بەو دۆسێیە بكات، تا دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمریكا كە بڕیارە لە كۆتایی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.