ژیان تام و چێژی جارانی نه‌ماوه و هه‌موو شتێك گۆڕاوه و خۆزگه به رابردوو ده‌خوازین. رۆژانه كه‌م كه‌س هه‌یه گوێی له‌م گله‌یی و گازاندانه نه‌بێت.
له راستیدا تام و چێژی كه دوێنێ هه‌بوو، په‌یوه‌ندیی به كاته‌كه‌وه نییه، به‌ڵكو په‌یوه‌ندیی به ئینسانه‌كانه‌وه هه‌یه. تام و چێژه جه‌سته‌ییه‌كان هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ن و هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ش بڕ ده‌كه‌ن، ئه‌ویش وه‌كو رابردوو ماوه‌ته‌وه و نه‌گۆڕاوه، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی تام و چێژه رۆحییه‌كان نه‌ماوه، تام و چێژه مادیی و جه‌سته‌ییه‌كان تێرمان ناكه‌ن.
ئه‌مڕۆ جه‌سته‌مان تێره له هه‌موو روویه‌كه‌وه، تێر نانین و درێغیش له هه‌وه‌سبازی ناكه‌ین، به‌ڵام حه‌ز و ئاره‌زووه جه‌سته‌ییه‌كان تام و چێژیان هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یه و زیاتر نابن، كه حه‌ز و ئاره‌زوویه‌كی ئاژه‌ڵانه‌ن، خۆ ئاژه‌ڵیش هه‌ر ئه‌وه‌نده چێژ له ئالیك و هه‌وه‌سبازی وه‌رده‌گرێت، ئه‌مه مانگا بێت یان به‌راز، سه‌گ بێت یان رێوی.
بۆ رزگاربوون له‌و بێ تام و چێژییه‌ی سه‌رتاپای ژیانمانی گرتۆته‌وه و بۆ گه‌یشتنمان به ئاسووده‌یی، پێویستمان به سه‌فه‌ری رۆحه له جه‌سته‌ماندا، كه به هۆیه‌وه دووباره له دایك ده‌بینه‌وه، ئه‌ویش به ئازادكردنی رۆحمان ده‌بێت له‌و كۆیلایه‌تییه‌ی هه‌وه‌سه‌كانی جه‌سته و حه‌ز و ئاره‌زوه‌كانی ژیان سه‌پاندوێتی به‌سه‌رماندا، له رێگای مه‌عریفه و زانین و كۆنتڕۆڵكردنی هه‌وه‌س و تووڕه‌یی و رق و كینه‌وه.
رۆژێك دادێت ئازار و مه‌ینه‌تییه‌كان، ده‌بنه ژانی له دایكبوونێكی تازه، ئه‌مه یاسایه‌كی گه‌ردوونیه، به‌ڵام سه‌ره‌تا ده‌بێت ئینسانه‌كان له خۆیانه‌وه ده‌ست پێ بكه‌ن، خۆیان له كۆیلایه‌تی حه‌ز و ئاره‌زووه جه‌سته‌ییه‌كان رزگاربكه‌ن، تا له تاریكی و نه‌هامه‌تی رزگاریان ببێت و به خۆری مه‌عریفه و رۆحی ئازادیان، رووناك ببنه‌وه. ئه‌مه سروشتی سه‌رله‌نوێ له دایكبوونه‌وه‌یه، كه تاكه رێگەی گه‌یشتنه به حه‌قیقه‌ت و پێشینانمان له‌سه‌ری رۆیشتوون، له‌به‌رئه‌وه ژیانیان به تام و چێژ و مانادار بوو، ئاسووده‌بوون.
مرۆڤ ناتوانێت دووباره له دایك ببێته‌وه، ئه‌گه‌ر بڕوای به‌وه نه‌بێت، كه ئه‌و ته‌نها جه‌سته نییه، به‌ڵكو رۆحیشه. سه‌فه‌ری رۆح له جه‌سته‌دا، پڕۆسه‌یه‌كی ته‌واو عه‌قڵانیه و هه‌ڵكشانی قۆناغ به قۆناغه به‌ره‌و كه‌مال و جه‌مال و جه‌لال له رێگای وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره ئه‌زه‌لییه‌كانه‌وه. له‌م پڕۆسه‌یه‌شدا حیكمه‌ت و بێده‌نگیی و ره‌فتار زۆر گرنگن: حیكمه‌ت، ره‌حم و منداڵدانی دووباره له دایكبوونه‌وه‌یه، سكپڕیه‌كه‌یشی بێ ده‌نگیی و تۆوه‌كه‌یشیی چاكه‌یه.