هۆكاری سەرەكی داواكاری دەوڵەتی قوولێ توركیا بۆ چەكدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەكەكە، باهۆزی گۆڕانكارییە حەتمییەكانە، كە ناوچەكەی گرتۆتەوە، ئامانجیش لەو مەسەلەیە كە ناوی «توركیای بێ تیرۆر»ی لێنراوە: بەهێزكردنی بەرەی ناوخۆ و هاوپەیمانی جمهور و دەرهێنانی فایلی كوردە لە دەست ئیسرائیل و ئێران لە بارودۆخی هەستیاری داڕشتنەوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەگەڵ داهێنانی مۆدێلێكی چارەسەری كەلتوریی كێشەی كورد، دژ بە مۆدێلی فیدراڵی هەرێمی كوردستان و دژ بە مۆدێلی رۆژئاڤای كوردستان.
مۆدێلی چارەسەركردنی كێشەی كورد لە عیراقدا زۆر پێشكەوتووە، لە ساڵی 1958وە دان بە بوونی كورددا نراوە، وەكو یەكێك لە دوو نەتەوەی سەرەكی عیراق، ئەمڕۆش دوای رووخانی رژێمی سەددام، هەرێمی كوردستان كیانێكی دەستوورییە لە عیراقدا. لە رۆژئاوای كوردستانیش بەرەو چارەسەرێكی لەو جۆرە هەنگاو دەنرێت.
لەبەرئەوە، یەكێك لە سیناریۆكانی مەترسی ئەو جۆرە چارەسەرییە كەلتوورییە، ئەوەیە ئەنقەرە هەوڵ بدات لە ئایندەدا مۆدێلی چارەسەركردنی كێشەی كورد لە توركیا لە چوارچێوەی كەلتوریدا ئەگەر سەربگرێت، بكاتە مۆدێلێك بۆ پارچەكانی دیكەی كوردستانیش و لە داهاتووشدا لە رێگای هەماهەنگیی و بە شێوازی سەربازیی یان سیاسیی لەگەڵ دەوڵەتی عیراق و سوریادا هەوڵی فەرزكردنی بدات.
یەكێك لە سیناریۆكانی مەترسی ئەو جۆرە چارەسەرییە كەلتوورییە، ئەوەیە ئەنقەرە هەوڵ بدات لە ئایندەدا مۆدێلی چارەسەركردنی كێشەی كورد لە توركیا لە چوارچێوەی كەلتوریدا ئەگەر سەربگرێت، بكاتە مۆدێلێك بۆ پارچەكانی دیكەی كوردستان
لەلایەكی دیكەوە لە داڕشتنەوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، كورد چانسی گەورەی لەبەردەمدا دەبێت بۆ یەكگرتنەوەی پارچەكانی كوردستان و بوون بە كیانێكی تازە لە ناوچەكەدا، لەبەر ئەوە توركیا لەوانەیە هەوڵی گەلەكۆمەکی كردن لە كورد بدات لە رێگای رێككەوتن و نزیكبوونەوەی ئەو دەوڵەتانەی كوردستانیان بەسەردا دابەشكراوە. لەو رووەوە رێككەوتنی ئەم دواییەی عیراق و توركیا دوور نییە بەرەو ئەو ئاراستەیە بڕوات و بە شێوازی جیاجیا هەوڵی نەهێشتنی هەرێمی كوردستان وەكو كیانێكی فیدراڵی بدەن.
تا ئێستاش دیار نییە، ئەم جۆرە هەنگاوانەی كە پەكەكە یەكلایەنە ناویەتی بە چی دەگات، پێشتریش مام جەلال لە سەردەمی تۆرگۆت ئۆزال هەوڵی چارەسەری دا بەڵام لەبار برا. ئەمجارە دەوڵەتی قووڵ دەستپێشخەرە، لەبەر ئەوە رەنگە پشتیوانی ناوخۆ بەدەست بێنێت.
توركیا بەبێ ئەوەی هیچ زەماناتێك بدات و بەبێ ئەوەی یەك دەوڵەت زامنكەر بێت، تەنها داوای چەكدادان و خۆهەڵوەشاندنەوە لە پەكەكە دەكات بەبێ ئەوەی تا ئێستا خۆی یەك هەنگاوی نابێت، لەبەر ئەوە دوور نییە ئەگەر توركیا هەنگاوی دەستووری نەنێت پرۆسەكە هەڵبوەشێتەوە و قۆناغێكی دیكەی شەڕوپێكدادان دەست پێ بكاتەوە، كە تا ئێستا توركیا كۆتایی پێ نەهێناوە و رۆژانە كوردستان بۆردومان دەكات.