ساڵی وەرچەرخانی دیپلۆماسییەتی یەكێتی

09:36 - 2024-03-31
له‌تیف نێروه‌یی
84 خوێندراوەتەوە

- دەكرێ‌ ئەمساڵ بە ساڵی بەهێزبوونی جووڵە و وەرچەرخانی دیپلۆماسییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ناوی بنێین.
چونكە لەم ساڵەدا لەسەر ئاستی عیراقی، ئیقلیمی، نێودەوڵەتی، یەكێتی جووڵەیەكی فراوان و كاریگەری دیپلۆماسی بەخۆیەوە بینیوە و بازنەی دیپلۆماسییەتەكە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پانتاییەكی فراوانتر و كاریگەرتری بەخۆیەوە بینیووە. بەرلەوەی هۆكار و نهێنییەكانی ئەو جووڵە دیپلۆماسییە بخەینەڕوو، ئاماژە بە هەندێ لەو جووڵە دیپلۆماسیانە دەكەین.
-لە ناوەڕاستی مانگی شوباتی ئەمساڵ، سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی وەكو تاكە سەرۆكی حزبێكی كوردستانی و عیراقی، بەڕەسمی بانگهێشتكرا بۆ بەشداریكردن لە كۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئاسایشی میونشن لە ئەڵمانیا. لە پەراوێزی كۆنفرانسەكەدا زنجیرەیەك دیداری سیاسی لەگەڵ چەندین سەركردە و لێپرسراوی باڵای وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا و ئەمریكا كرد و تیایدا پرسە هەنووكەیی و چارەنووسسازەكانی ناوچەكە تاوتوێكران و سیاسەت و ستراتیژی یەكێتی لەسەر ئەو ئاڵنگاریانە خراونەتەڕوو كە خۆی لە پاراستنی سەقامگیری و دوورخستنەوەی هەرێمی كوردستان و عیراق لە گرژییەكانی ناوچەكە و چەسپاندنی ئاشتی  و پاراستنی سەروەریی هەرێمی كوردستان و عیراق دەبینێتەوە.
- لە رۆژانی رابردوودا بەهەمانشێوە وەكو تاكە سەرۆكی حزبێكی كوردستانی لە مۆسكۆی پایتەختی روسیا و لەلایەن وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەوە و لە رێوڕەسمێكی رەسمیدا پێشوازی لە سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كرا و لە كۆبوونەوەیەكی رەسمیدا چەند پرسێكی گرنگی (سیاسی، ئابووری، ئەمنی و هەنووكەیی) تاوتوێكران، هەردوولا لەسەر سەقامگیری و ئاشتییەكی درێژخایەن و پاراستنی سەروەریی عیراق و هەرێمی كوردستان و پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و عیراق و روسیا هاوڕابوون.
 - لە كۆبوونەوەكانی مۆسكۆدا هاوشێوەی دیدارەكانی میونشن، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پەیام و سیاسەت و ستراتیژی یەكێتی بە لێپرسراوە باڵاكانی ئەو وڵاتە گەیاند و رێوڕەسمی پێشوازی و ئەجێندای كۆبوونەوەكە و بڵاوكردنەوەی  ئەنجامی كۆبوونەوەكە، لەو كۆبوونەوانە دەچێت كە كۆبوونەوە لەنێوان لێپرسراوە باڵاكانی دوو وڵات دەكرێت، نەك لەنێوان لێپرسراوی حزبێكی سیاسی و وەزیری دەرەوەی وڵاتێكی زلهێزی جیهانی. سەركەوتنی كۆبوونەوەكەش خۆی لەوەدا بەرجەستە دەكات كە لە ناوەڕۆكی پەیامی كۆبوونەوەكەی سەرۆكی یەكێتی و وەزیری دەرەوەی روسیادا چەندین خاڵی هاوبەش هەن. بەتایبەتی هەردوولا هاوڕان لەسەر پاراستنی سەقامگیری و ئاشتییەكی درێژخایەن و پاراستنی سەروەریی هەرێمی كوردستان و عیراق و رێگەنەدان كە ناوچەكە ببێتە شوێنی یەكلاكردنەوەی ململانێكان.
خاڵێكی دیكەی بەهێزبوونی جووڵەی دیپلۆماسییەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان خۆی لەوەدا دەبینێتەوە كە ئەمساڵ هەموو ئەو لێپرسراوە باڵایانەی وڵاتانی ئیقلیمی و جیهانی كە سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووە، لە هەولێری پایتەخت، یان لە سلێمانی سەردانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیان كردووە و لەلایەن سەرۆك بافڵ تاڵەبانی، یان لەلایەن هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی سەرۆكی تیمی یەكێتی لە حكومەتی هەرێم پێشوازیی لێكراوە. هەروەك ئەمساڵ لە بەغدای پایتەختی عیراقیش جووڵەی دیپلۆماسییەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سەرنجی میدیا و نوخبەی سیاسی و رۆشنبیران و شەقامی كوردستانی و عیراقی راكێشاوە.
 
هۆكارەكانی بەهێزبوونی جووڵەی
دیپلۆماسییەتی یەكێتی
- یەكێتی هەڵگری پەیامێكی رۆشن و ستراتیژێكی نەگۆڕە كە لە روسیا بێت، یان لە ئەمریكا، لە ئێران بێت، یان لە توركیا، لە وڵاتێكی عەرەبی بێت، یان وڵاتێكی ئەوروپی، هەمان سیاسەت و پەیامی هەیە كە بریتییە لەوەی یەكێتی هەڵگری پەیامی ئاشتی و تەبایی و سەقامگیریی و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدایە لەڕێی دانوستان و پشتبەستن بە دەستووری عیراقی و رێكەوتننامەكان و تەوافوقی سیاسی.
- لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش بە جیاوازی جەمسەرەكان، یەكێتی وەكو هێزێكی سەنگین وێنا دەكرێت و پێشوازی لە سیاسەت و ئەجێندای یەكێتی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دەكرێت.
- لە دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق و ئەو سەركەوتنە گەورەیەی كە یەكێتی بەدەستیهێناوە، وا چاوەڕوان دەكرێت لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیشدا، متمانەی جەماوەری كوردستان بەدەستبهێنێت و سەركەوتنێكی دیكە تۆمار بكات. یەكێك لە سەرۆكایەتییەكانی ئەنجومەنی وەزیران، یان سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان وەردەگرێت. ئیدی یەكێتی دەستكراوەتر دەبێت لە چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی هەرێم و كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و كێشەكانی نێوان هەرێم و وڵاتانی ئیقلیمی لەڕێی دانوستان و هێنانەكایەی دۆخێكی ئارام و سەقامگیرییەكی (سیاسی، ئیداری، ئابووری، ئەمنی) لە ناوچەكە و باشكردنی گوزەرانی هاووڵاتیان.
- وڵاتە زلهێزەكان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی كە بەهۆی سنوورداربوونی دەسەڵاتی یەكێتی لە حكومەتی هەرێم، دۆخی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا ناسەقامگیریی بەخۆیەوە بینیووە و ئەمەش لە بەرژەوەندیی ناوچەكەدا نییە و یەكێتییەكی بەهێز دەتوانێت كۆتایی بەو ئاڵنگاری و كێشانە بێنێت.
- لە دوای كۆنگرەی پێنجەمەوە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پلان و بەرنامە و ستراتیژ و رێكارێكی نوێی لە هەموو بوارێكدا داڕشتووە، یەكێك لەو بوارانە بەهێزكردن و فراوانكردنی خەباتی دیپلۆماسییە. بۆیە دیپلۆماتكارانی جیهانی پێشوازی لە سیاسەت و خەباتی دیپلۆماسییەتی یەكێتی دەكەن.

وتارەکانی نوسەر