هەڵبژاردنی هەڤاڵ مام جەلال بە سەرۆك كۆمار؛ ئەرکێکی سەخت،
قۆناغێکی هەستیار، داهێنانێکی مێژوویی
لەتیف نێروەیی
نۆزدە ساڵ لەمەوبەر، لە کاتێکدا هەڤاڵ مام جەلال لە پڕۆسەیەکی
دیموکراسیدا هەڵبژێردرا و لوتكەی دەسەڵاتی گرتەدەست، کە دەوڵەتی نوێی عیراق لە پاش
كەوتنی رژێمی سەدام، لەناو جۆرەها قەیران و ئاڵنگاریە دژوار و مەترسیدارەکاندا دەکوڵا،
لەو سەردەمە ئەرکی سەرۆک کۆمار نەک هەر سەخت بوو، بەڵکو کەمترین دەرفەتی ئەرێنی بۆ
سەركەوتن و زاڵبوون بەسەر ئاستەنگەكان لە بەردەم عیراقی نوێدا هەبوو، چونکە پێکهاتەکان
متمانەیان بەیەکتر نەبوو، سوننە و شیعە ململانێ مەزهەبیە مێژووییەكەی نێوانیان زیندوو
كردەوە و لەناو شاری بەغدادی پایتەخت لە نێوان هەردوولادا شەڕێکی خوێناوی کوڵان بەکوڵان
تەشەنەی کردبوو، هەروەك متمانە لە نێوان کورد و عەرەبدا نەبوو بەتایبەتی لە ناوچە
دابڕێنراوەکاندا، پێکهاتەکانی دیکەی عیراق بەهەمان شێوە خۆیان بە زوڵم و ستەملێکراو
دەزانی.
لەم دۆخەدا و لەو سەردەمەدا ئەرکی سەرۆک کۆمار زۆر سەخت بوو، چونکە کاتێك سەرۆک مام جەلال وەکو یەکەم سەرۆک کۆماری کورد لە پڕۆسەیەکی دیموکراسیدا لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە هەڵبژێردرا، ژێرخانی ئابووری عیراق لە ژێر هێڵی سفردا بوو، لە رووی سەقامگیری و ئەمنییەوە پاشماوەکانی رژێمی بەعسی رووخاو و تیرۆرستانی ئەلقاعیدە، هەموو شار و شارۆچکەکانی عیراقی لە رێی کردەوەی تیرۆرستی و خۆکوژی و تەقاندنەوەی بۆمب و ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراوەوە خەڵتانی خوێنکرابوون، دۆخی ئەمنی ئەوەندە مەترسیداربوو کە ئەرکی پاراستنی پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتەکان لە زۆنی سەوز لە ناو شاری بەغدا لە سەرشانی هێزەکانی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان بوو. سەرجەم پەرلەمانتار و وەزیر و بەرپرسە باڵاکانی عیراق لەناو زۆنی سەوزدا بوون.
راست و دروست لەو سەردەمەدا ئەرکی سەرۆک کۆمار زۆر سەخت
بوو، چونکە عیراق گۆڕەپانی فراوانی ململانێی وڵاتانی ئیقلیمی و نیودەوڵەتی بوو، بەشێک
لەو وڵاتانە دەستیان خستبووە ناو کاروباری عیراقەوە و هەندێ لە پێکهاتەکانی عیراق
رێنماییان لەو وڵاتانە وەردەگرت و راگرتنی باڵانس لە نێوان ئەو وڵاتانەدا ئاسان نەبوو،
مەگەر تەنها بە سەرۆك مام جەلال بکرێت، بەتایبەتی راگرتنی باڵانسی نێوان ئەمریکا و
ئێران.
ئەرکی سەرۆک کۆمار لەو سەردەمەدا زۆر سەخت بوو، چونکە پەیوەندییە
دیپلۆماسی و ئابوورییەکانی عیراق لەگەڵ وڵاتانی ئیقلیمی و عەرەبی و زۆربەی وڵاتانی
جیهانی ناهاوسەنگ بوون، عیراق بەهۆی سەركێشییەكانی سەدام و داگیركردنی كوەیت و گەمارۆی
ئابوورییەوە، لە ریزبەندی هێڵی هەژاریدا بوو، لە رووی دیپلۆماسیشەوە عیراق ببوو دەوڵەتێكی
گۆشەگیر و كەنارخراو.
مام جەلال و داهێنانێکی مێژوویی
لەو سەردەمەدا ئاڵنگارییەکانی بەردەم پڕۆسەی سیاسی و ئیداری
و ئەمنی و حوکمڕانی لە عیراق ئەوەندە زۆرو فرە رەهەند بوون، هەروەک بێ متمانەیی لە
نێوان پێکهاتەکاندا ئەوەندە زۆربوو کە ئەستەم بوو بڕیارێکی هاوبەش لە نێوان پێکهاتەکاندا
بدرێت، ئەستەم بوو دەرفەتێکی هاوبەش بۆ کۆی پێکهاتەکانی عیراق بێتە پێشەوە و ببێتە
فاکتەری گەرەنتی و زامنی فەراهەمکردنی ماف و بەرژەوەندییە باڵا و ستراتیژییەکانی هەموو
پێکهاتەکان. بۆیە لەو سەردەمەدا سەرۆک مام جەلال وەکو کاریزمایەک لە بەردەم ئەو بەرپرسیارێتی
و ئەرکە قورسەدا داهێنانێکی گەورەی مێژوویی کرد و هەرزوو توانی سەرنجی جیهانی سیاسی
و دیپلۆماسی و میدیایی و ناوەند و دامەزراوە نیودەوڵەتییەکان بۆ لای خۆی رابکێشێت،
بۆ ناوخۆی عیراقیش توانی ئەو متمانەیە لە لایەن هەموو پێکهاتەکانەوە دروست بکات کە
ببێتە پارێزەر و نوێنەری هەموو پێکهاتەکانی عیراق، هەروەک داهێنانی کرد چونکە ئەوەی
پێشتر سەرانی رژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عيراق بە ئاگر و ئاسن و داپڵۆسین نەیانتوانی
هەموو پێکهاتە ئایینیی و مەزهەبی و نەتەوەییەکانی عيراق لەژیر یەک چەتر کۆبکاتەوە
، سەرۆک مام جەلال توانی بە عەقل و مەنتیق و لە رێی زمانی دیپلۆماسییەوە هەموو پێکهاتەکان
لەژێر یەک چەتری هاوبەش كۆبکاتەوە.
بۆ هەرێمی کوردستانیش لە سەردەمی سەرۆک مام جەلالدا نەخشەی
پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و وڵاتانی ئیقلیمی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش داڕێژران،
ناوچە سنوورییەکان سەقامگیرییەکی ئەمنی بەخۆیەوە بینی و ژێرخانی ئابووری هەرێمی
کوردستان گەشەکردنێکی زۆری بەخۆیەوە بینی و لە رووی ئاوەدانی و بیناسازی و هەلی
کار و مووچە و بودجە و دامەزراندنەوە زۆر لە پێش هەموو ناوچەکانی دیکەی عیراق کەوت.
بێگومان ئەم گەشەسەندنە، بەهۆی ئەو گرنگییەی کە لەپاڵ ئەرکەکانی
خۆی وەکو سەرۆک کۆمار لە رێی حكومەتی فیدراڵەوە هاوکاری و یارمەتی و کارئاسانی بۆ
حكومەتی هەرێمی كوردستان دەکرد لە هەموو بوارەکاندا. بەهەمانشێوە دەسەڵاتە دیپلۆماسییەکانی
خۆی بەکاردەهێنا بۆ کردنەوەی دەیان کونسوڵخانە و نوێنەرایەتی وڵاتانی جیهانیی لە هەرێم،
بەمەش پەیوەندییەکی راستەوخۆی دیپلۆماسی لە نێوان هەرێم و بەشێکی زۆر لە وڵاتانی جیهان
فەراهەمکرا.
بۆیە بە ماڵئاواییکردنی سەرۆک مام جەلال عیراق و هەرێمی
کوردستان رووبەرووی چەندین قەیرانی سەخت بوونەتەوە و کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا
چەندین ساڵە بە بنبەست یان بەهەڵپەسێردراوی ماونەتەوە و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم
و وڵاتانی ئیقلیمیش ئەو دیزاینەی لەدەستداوە کە لەسەر بنەمای هاوسەنگی و بەژەوەندییە
هاوبەشەکان نەخشەڕێژ کرابوون. هەڵبەت تێکچوونی پەیوەندیی هاوسەنگ و هاوبەشی سەقامگیری
ئەمنی و ئابووری و پڕۆسەی ئاوەدانی ناوچە سنوورییەکانی خستووەتە مەترسییەوە، هەروەک
تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لە هەموو بوارێکدا بارگرانییەکی زۆری
خستوتە سەرشانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان.
سڵاو لە گیانی پاکی سەرۆک مام جەلال، شکۆی نیشتمان و هێمای
ئاشتی و تەبایی و لێبوردەیی و پێکەوەژیانی هەموو پێکهاتەکانی عیراق و هەرێمی
کوردستان.