هەوێنی تێکدانی هەڵبژاردن

09:46 - 2024-04-01
هیوا محەمەد
159 خوێندراوەتەوە

هیوا محەمەد

دەڵێن پارتی تا ئەوکاتە مل دەنێت بۆ پڕۆسەیەک کە جێگەی خۆی بە باشی تێدا بووبێتەوە، هەروەک لێدوانەکانی ئەم دواییەی زۆرێک لە بەرپرسانی ئەو حزبە کە تێیدا جەخت لەوە دەکەنەوە ناچنە هەڵبژاردنێکەوە کە حزبەکەیان پێگەیەکی فراوانی تیادا نەبێت، یان دەڵێن دەبێت خواست و مەرجەکانی ئێمە لەبەرچاو بگرن، لەوێشەوە بە بیری ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەت دێننەوە کە ئەوان بۆیە چوونەتە پڕۆسەی بەشداریی کردنی حکومڕانیی عیراق کە دواتر ئەوان چییان ویست بە دڵیان بکەن، ئەگەرچی لەوساتەوە کە ئەو بڕیارەیان داوە دۆستەکانی پارتی لە بەغدا نەیانتوانی کێشەی مووچە چارەسەر بکەن و پارتییش هیچ گلەییەکی لێ نەکردوون، بەڵام لەدوای بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییەوە دۆستەکانی بەغداشیان بە ئاگا هێناوەتەوە و دەیانجووڵێنن، چونکە لەمەیاندا حزبی رکابەر کە یەکێتییە سوودی پێدەگات.
هەڵبژاردنی هەرێم یاسای بۆ دانراوە، یاساش قابیلی دەستکاری و هەموارکردنەوەیە، ئەو یاسایەش کە  دوای راپەڕین دانراوە و دواتر دەستکاریی کراوە، بە تەوافوق لە نێوانی یەکێتی و پارتی و بە بەشداریی لایەنەکانی دیکە کراوە.
کەواتە لایەنێکی سەرەکی گۆڕەپانی سیاسیی هەرێم، بۆی هەیە داوای هەموارکردنەوەی یاساکە بکات، بەندی لێ لاببات یان بۆی زیاد بکات.
ئەمە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە چەند مانگی رابردوودا کردی، زۆرێکیش لە حزبەکان لەگەڵ داواکەی یەکێتی بوون، کە خۆی لە چەند خاڵێکدا دەبینییەوە لەوانە، خاوێنکردنەوەی لیستی دەنگدەران و هەڵبژاردن بەپێی ئەو لیستەی کۆمسیونی باڵای هەڵبژاردنەکانی عیراق، لە یەک بازنەوە بۆ فرەبازنەیی، دابەشکردنی کورسی کۆتاکان بەسەر پارێزگاکاندا.
هەرچی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو، چ خۆی و چ نوێنەرانی پێکهاتەکان، کەوتنە دژایەتی کردنی ئەم داوایە و رەتکردنەوەی، هێندەیان پێداگریی کرد لەسەر ئەوەی دەبێت وەک خۆی بمێنێتەوە، تا کار گەیشتە سکاڵا تۆمارکردن لە رێی دادگای فیدراڵی و دوای تێپەڕینی چەندین دانیشتن، دواجار دادگا بڕیاری دا بە هەموارکردنەوەی یاساکە و ئەوەش کە یەکێتی و لایەنەکانی تر داوایان کردبوو هاتنەدی.
لەدوای ئەمەوە پارتی کەوتۆتە بیانوو گرتن، دەچێتە ژێر باری مەرج و داوای تورکیا سەبارەت بە تورکمانەکانی کەرکوک و چۆنێتی دابەشکردنی پۆستەکان و ئەو مەرجەی کە دەبێت پۆستی پارێزگار لە نێوان سێ نەتەوەی کورد، عەرەب، تورکمان دابەش بکرێت و هەر ماوەیەک یەکێک لەوان ببێتە پارێزگار.
ئەگەر بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لە بەرژەوەندیی پارتی بوایە، ئەوە ملی نەدەنا بۆ خواستی تورکیا سەبارەت بە کەرکوک، چونکە ئەوان دەمێکە ئەو شارەیان وێڵ کردووە و ماوەیەکیش لە پڕۆسەی سیای لەم شارە کشانەوە، بەڵام بەلای ئەمانەوە ئەوەی گرنگە دەستگرنە بەسەر هەرێم و جومگەکانی دەسەڵاتدا، لەمەشیاندا دەزانن کە بەپێی هەموارکردنەوەی یاساکانی هەڵبژاردن ئەو دەنگە پێویستە ناهێنن، بۆیە جارێک بایکۆتی بەشداریکردن دەکەن، جارێکیش لێدوانی جۆراوجۆر لەم بارەوە دەدەن و لە هەندێکیاندا هەڕەشەیە بۆ شێواندنی هەڵبژاردن.
رووداوەکان بۆنی ئەوەیان لێدێت لە رێگەی تورکیاوە دۆخەکە تێک بدرێت تا هەڵبژاردن نەکرێت، چونکە هەڕەشەکانی تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر هەرێم بە بیانووی راوەدونانی پەکەکە، ناکرێت کاریگەریی خراپی نەبێت لە تێکدانی هەڵبژاردن و نەکردنی.
پاشگەزبوونەوەی پارتی لە بڕیاری بایکۆتکردنی هەڵبژاردن، وەڵامێک دەبێت بۆ دەستە دەرەکییەکان و پێیان دەڵێت: ئێمە لەم هەرێمە ئیرادەی ئەوەمان هەیە زاڵببین بەسەر ئەو کێشانەدا کە ئێوە نەخشە رێگەکەیمان بۆ دادەڕێژن.

وتارەکانی نوسەر