رێـڕەو

دیموکراسی لە هەرێم پیادە دەکرێت؟

09:34 - 2024-04-03
فەرید دڵشاد
86 خوێندراوەتەوە

دەكرێت هەرێمی كوردستان لە رواڵەتدا وەك هەرێمێكی دیموكراسی پۆلێن بكرێت، بەڵام لە ناوەڕۆكدا جەوهەری دیموكراسی و بەها و بنەما سەرەكییەكانی دیموكراسی تا رادەیەک لاوازن و هێشتا لە دۆخی ناكامڵدایە. بەشێوەیەكی گشتی كۆمەڵێك تایبەتمەندی هەن بۆئەوەی بە سیستمی سیاسی بڵێن دیموكراسییە لەوانە:(ئازادیی رادەربڕین، هەڵبژاردنێكی ئازاد و داپەروەرانە، سەروەریی یاسا، سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری، بوونی دەستوور، فرەیی سیاسی و پاراستنی مافە مەدەنی و سیاسییەكان و...هتد) لەسەر ئەم تایبەتمەندییانە دەكرێت هەڵسەنگاندێک بۆ هەرێمی كوردستان بكەین، بەتایبەت کە لە سەروبەندی هەڵبژاردنداین و وادەكەشی دیاریكراوە.
ئێمە پاشخانێكی خراپ وەرناگرین بۆ ئەوەی بزانین هەرێمی كوردستان لە كوێی دیموكراسیدایە، بەڵكو گوزەرێكی خێرا دەكەین بەناو ئەدای ئەم كابینەیەی ئێستادا کە  هەر لە سەرەتای كابینەكەوە بەجۆرێکی بەرچاو ئازادیی رادەربڕین کەوتە ژێر پرسیارەوە بەهۆی دەستگیرکردن و زیندانیکردنی كۆمەڵێك رۆژنامەنووس و چالاكوانی مەدەنییەوە کە سەرەڕای هۆشداریی لایەنە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان بە نوێنەرایەتی و كونسوڵخانەکانیشەوە لە هەولێر، بەڵام ئێستاشی لەگەڵدا بێت هەندێكیان هەر لە زینداندانەکانی دهۆک و هەولێردا ماونەتەوە، ئەمەش گورزێک بوو لە مەسەلەی چەسپاندنی پڕەنسیپەكانی دیموكراسی و دەستەبەرکردنی ئازادی.
 ئەوە جگە لە راپۆرتی رێکخراوە مرۆیی و مەدەنییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان کە باسیان لەو گوشارانە دەکرد کە خراونەتە سەر دەسەڵاتی دادوەری، بۆ دەرکردنی بڕیاری سزادانی رۆژنامەنووساندا، جیا لەوەش زۆربەی راپۆرتەکانی پەیوەست بە سەروەریی یاسا بۆ ساڵی 2021 مایەی نیگەرانی بوون.
سەبارەت بە هەڵبژاردنیش كە كۆڵەکەیەكی سەرەكیی دیموكراسییە و لەپێناوی دەستاودەستكردنی ئاشتییانەی دەسەڵاتدا دەكرێت، لەم كابینەیەدا پەرلەمانی كوردستان لە رێكەوتی9ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2022 بۆ ماوەی یەك ساڵ و سێ مانگ هەڵبژاردن دواخرا و تەمەنی هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی کوردستانی درێژ كردەوە. دواخستنی هەڵبژاردن زیانێكی زۆری بە پڕۆسەی دیموكراسی هەرێم گەیاند. 
ئێستاش كە تەمەنی كابینەكە تەواو بووە، پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاندووە کە ئەگەر مەرجەکانی رەچاو نەکرێت بەشداریی هەڵبژاردن ناكات و چاودێرانی سیاسیش پێیانوایە کە ئەو هەڵوێستە هەوڵێکە بۆ پەكخستنی پڕۆسەکە، ئەوەش ئەگەر سەربگرێت ئەوا بزمارێكی ترە لە تابوتی دیموكراسی هەرێم دەدرێت، چونکە ئەوە بە مانای لەدەستدانی زیاتری پشتیوانییە نێودەوڵەتییەكان و ئەوەش دۆخی هەرێمی كوردستان لە هەموو روویەكەوە دەخاتە تونێڵكی تاریكەوە، جیا لەوەی دەبێتە مایەی بێبەشبوونی هاووڵاتیانی كوردستان لە مافە سیاسی و مەدەنییەكانیان كە دوو تایبەتمەندیی دیکەی دیموكراسین، مەترسی زیاتر لەسەر شەرعییەتی قەوارەی هەرێم دروست دەكات، بەتایبەتی بەدوور نازانرێت پەكخستنی هەڵبژاردن ببێتە هۆی هەڵوەشانەوەی سەرۆكایەتی حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێمەکەش لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە، هەنگاوێکی لەو جۆرەش دوولەتبوونی قەوارەی هەرێم دەکاتە ئەگەرێکی نزیک، بۆیە ئێستا بۆ كورد بەدیلی هەڵبژاردن تەنها هەڵبژاردنە، پەكخستنیشی  بە هەر بیانوویەك و لێكەوتە خراپەكانیشی بەرپرسیارێتییەكی مێژوویی دەخاتە ئەستۆی ئەو لایەنەی دەیەوێت پەکی پڕۆسەکە بخات.

وتارەکانی نوسەر