یەکسانی بە چ مانایەك؟

11:47 - 2022-05-14
رۆزا دڵشاد مەریوانی
1766 خوێندراوەتەوە

هەندێ وتەی فیمینستانەی وا هەیە زۆرجار ناتوانم لەگەڵیدا هاوڕابم و بۆ دۆخ و کۆمەڵگەی ئێمە ناگونجێت و بە رای من بەدەستهێنانی مافی ژنان واتای ئەوە نییە ژن مێینەبوونی خۆی بیرچێتەوە و جێی پیاوبگرێتەوە، بەتایبەتی لە کۆمەڵگەیەکی وەکو کۆمەڵگەی ئێمەدا، من ناڵێم ژنی ئێمە زەعیفەن و ناتوانن بێ پیاو بژین، نەخێر ژنی ئێمە زۆر لەوە بەهێزترە کە وێنا دەکرێت و دەتوانێت زۆر بە باشی بێ پیاو بژی، بەڵام ژیانێکی زۆر قورس، چونکە بە داخەوە ئاشکرایە تائێستا کۆمەڵگەکەمان کۆمەڵگەیەکی پیاوسالارە و زۆر قورسە ژنێک بێ پیاو لەم کۆمەڵگەیەدا بەتەنیا بژی و رووبەڕووی ئەو هەموو عەقڵییەتە پیاوسالارە بێتەوە، بەڵکو هەمیشە دەبێت نێرینەیەک جا باوک بێت یان برا و مێرد هەبن پشتی بگرن و لەهەر کێشەو ناخۆشیەکی ژیانیدا هاوکار و پارێزەری بن.
لەسەرشانی قورس دەبێت
هەروەها زۆرجار ئەوانەی چواردەوری ژنێک کە بەتەنیا دەژی لەبەرئەوەی ژنە و تەنیایە، لەبری ئەوەی ژیانی باشتر بکەن و یارمەتی بدەن ژیانی قورستر دەکەن، بەتایبەتی ئەگەر ژنەکە منداڵی هەبێت و بێ باوک گەورەیان بکات، راستە هەموو ئەو قسەیە دەکەن کە چەندە پیرۆزە دایکێک بە تەنیا منداڵەکانی گەورەبکات، بەڵام هەر لە مامۆستای خوێندگەکەیەوە غەدریان لێدەکات تا نزیکترین کەسی ژیانیان تەنیا لەبەرئەوەی بێ باوکن و پیاوێکیان نییە لێی بترسن و حیسابی بۆ بکەن.
راستە ژن دەتوانێت پارێزگاری لە منداڵەکانی بکات و دیفاعیان لێبکات بەڵام کاتێک ئەوە دەکات، ئەو کارە زۆر قورس دەبێت لەسەر شانی و کاریگەری لە هەست و دەروونی دەکات و هەر جارێک ئەوە رووبدات هەستدەکات بێ پشت و پەنا و دڵشکاوە.
یەکسانیی نێوانیان
لەلایەکی دیکەوە من رام وایە یەکسانبوونی نێوان ژن و پیاو بریتییە لەوەی وەکو دوو مرۆڤ یەکسان بن و هەردووکیان کاتێک بڕیاریاندا پێکەوە بژین بەو مانایە نەبێت یەکێکیان پێویستی بەوی تریانە، بەڵکو بەو مانایە بێت هەردووکیان پێویستیان بەیەکترییە و حەزدەکەن پێکەوە لەو ژیانە بەردەوام بن وەک لەوەی بەتەنیا بن، هەروەها بەدەستهێنانی مافەکانی ژنان بەو مانایە نەبێت جێگەی پیاو بگرێتەوە و کار و ئەرکەکانی پیاویش بکات، بەڵکو بوارەکانی ژیان بۆ هەردووکیان بەیەکسانی رەخسابێت و بتوانن بێ جیاوازی بیکەن، جگەلەوەی یەکسانی نێوانیان بە مانای پێکەوە ژیان و هاوژینی بێت و کاتێک ژن لایەکی ئەو ژیانە هەڵدەگرێت پیاو لایەکی دیکەیان هەڵبگرێت و هەر ناهاوسەنگییەک لە لایەکدا دەبێتە هۆی تێکچوونی ژیانی ئەو ژن و پیاوە و بگرە کۆی ژیان بە گشتی، لەبەرئەوەی ئەگەر ژن لە بارگرانی ژیاندا یارمەتی پیاو نەدات هەروەها پیاویش بەهەمانشێوە هەموو ئەرکە قورسەکانی ژیان بدات بەسەر ژنەکەیدا ئەو ناهاوسەنگی و نایەکسانییە دروستدەبێت و ئەوەیە پێیدەوترێت نایەکسانی لە ماف و ئەرکدا لە نێوان ژن و پیاودا، کەواتە چارەسەر بەوە نییە وەکو ئەوەی «چەند ماسی پێویستی بە پاسکیلە ئەوەندەش ژن پێویستی بە پیاوە» رەنگە مەسەلەکە پێویستیی نەبێت بەیەکتر، بەڵکو بوونی ئەو هەڵبژاردەیە بێت بەوەی وەکو مرۆڤێک دەمەوێت بە واتا راستەقینەکەی خۆی ئەم ژیانە لەگەڵ تۆدا بەشبکەم نەک بە تەنیا بەڕێی بکەم.  

وتارەکانی نوسەر