شریت

كوا ره‌خنه‌گرانی‌ بواره‌كه‌؟!

10:03 - 2024-04-03
مەریوان مەسعود
261 خوێندراوەتەوە

(45)

له‌م رۆژانه‌دا، له‌ سایتێكی‌ عه‌ره‌بی‌ پوخته‌ی‌ توێژینه‌وه‌یه‌كی‌ ئه‌كادیمیم خوێنده‌وه‌ له‌باره‌ی‌ ره‌خنه‌ له‌ بواری‌ هونه‌ری‌ میوزیكدا، به‌راستی‌ زۆر سه‌رنجڕاكێش بوو چونكه‌ كاتێك له‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ ته‌واو بووم، یاده‌وه‌رییم گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ رابردوو، بۆ گه‌ڕان به‌ دوای‌ وه‌ڵامی‌ ئه‌و پرسیاره‌ی‌ ئایا ئێمه‌ی‌ كوردیش ره‌خنه‌مان هه‌یه‌ له‌ بواری‌ میوزیك؟، تا ئێستا چه‌ند توێژینه‌وه‌ و وتاری‌ ورد له‌سه‌ر ئه‌م بواره‌ نووسراوه‌؟ یان چه‌ند كۆڕ و سیمینار له‌باره‌ی‌ به‌رهه‌مێكی‌ میوزیك یان گۆرانی‌ سازكراوه‌؟ راستییه‌كه‌ی‌ من هیچی‌ وام نه‌هاته‌وه‌ به‌ خه‌یاڵ!. چونكه‌ دڵنیام ته‌نیا چه‌ند نووسه‌رێكی‌ بواری‌ میوزیكمان هه‌یه‌، ئه‌وانیش له‌ په‌نجه‌ی‌ یه‌ك ده‌ست تێپه‌ڕناكه‌ن!، بێگومان هه‌مووشیان میوزیكژه‌نن، یان شاره‌زای‌ میوزیك و گۆرانین نه‌ك ره‌خنه‌گربن.
ره‌خنه‌، له‌ بواره‌كانی‌ تری‌ هونه‌ر به‌ تایبه‌ت له‌ شانۆ و سینه‌ما و تاڕاده‌یه‌كیش شێوه‌كاری‌ بوونی‌ هه‌یه‌ و ته‌نانه‌ت توێژینه‌وه‌ی‌ ئه‌كادیمی‌ و ماسته‌ر و دكتۆراشیان له‌سه‌ر هێنراوه‌، كه‌ ئه‌م لایه‌نه‌یان جێگای‌ دڵخۆشییه‌. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌بواری‌ نووسین له‌سه‌ر میوزیك بە تایبەتی مه‌سه‌له‌ی‌ ره‌خنه‌، تا ئێستا ته‌نیا له‌چوارچێوه‌ی‌ چایخانه‌ و مه‌جلیسه‌ تایبه‌تییه‌كان ده‌رنه‌چووه‌، بۆ نموونه‌ زۆرجار هه‌موومان گوێمان له‌ پسپۆڕانی‌ خۆمان له‌ بواری‌ میوزیك بووه‌، كه‌ ره‌خنه‌یان له‌ به‌رهه‌مێكی‌ گۆرانی‌ یان میوزیك گرتووه‌ و زۆر جوان شیانكردۆته‌وه‌، به‌ڵام چونكه‌ ناخرێته‌ سه‌ر كاغه‌ز، ناچێته‌ خانه‌ی‌ ره‌خنه‌ی‌ هونه‌ری‌، به‌ڵكو ته‌نیا له‌ چوارچێوه‌ی‌ ره‌خنه‌ی‌ زاره‌كیدا‌ ده‌مێنێته‌وه‌، كه‌ دواجار وه‌رگریش به‌ دوو وشه‌ بۆچوونی‌ ئه‌م پسپۆڕه‌ وه‌رده‌گرێت و ده‌ڵێت: فڵانه‌ كه‌س، گۆرانی فڵان هونه‌رمه‌ندی‌ پێ خراپه‌ یان پێ‌ باشه‌!. ئیتر ته‌واو !.
بێگومان  ئه‌مه‌ش به‌س نییه‌، به‌ڵكو پێویسته‌ به‌رهه‌می‌ گۆرانیبێژ و میوزیكژه‌نه‌ نه‌مره‌كانیش قسه‌یان له‌سه‌ر بكرێت و ره‌خنه‌یان لێبگیرێت،  بۆ ئه‌وه‌ی‌ وه‌كو ره‌خنه‌یه‌كی‌ هونه‌ریی‌ قووڵ لێی بڕوانرێت و نه‌وه‌ی‌ ئێستا و داهاتووی‌ بواری‌ هونه‌ری‌ میوزیك باش و خراپ له‌یه‌كتر جیابكه‌نه‌وه‌.
ره‌خنه‌ و نووسین له‌ بواری‌ میوزیكی‌ كوردی‌ زۆر هه‌ڵده‌گرێت، به‌ڵام جگه‌ له‌ چه‌ند كه‌سێك كه‌ ئه‌وانیش به‌رده‌وام نانووسن، هیچ كه‌سێكی‌ ترمان نییه‌ په‌ره‌ به‌و بواره‌ بدات، بۆیه‌ جێگای‌ خۆیه‌تی‌ له‌ بواری‌ ئه‌كادیمی و توێژینه‌وه‌ش له‌ كۆلێژ و په‌یمانگه‌ هونه‌رییه‌كان بایه‌خ به‌م لایه‌نه‌ بدرێت، چونكه‌ چه‌نده‌ لایه‌نه‌ پراكتیكییه‌كه‌ گرنگه‌، لایه‌نه‌ تیۆرییه‌كه‌ گرنگتریشه‌، چونكه‌ به‌رده‌وام تیۆر ده‌بێته‌ هه‌وێنی‌ بابه‌تێكی‌ باشی‌ پراكتیكی‌!.

وتارەکانی نوسەر