مام جه‌لال تاڵه‌بانی: سه‌ركرده هۆشیاره‌كانی كورد هه‌ر له رۆژانی یه‌كه‌میه‌وه حه‌قیقه‌تی عه‌بدولكه‌ریم قاسم و ویسته تاكڕه‌وییه‌كانی ئه‌ویان بۆ ده‌ركه‌وت
مام جەلال: چاره‌نووسی ئه‌م ئاگانامه‌یه ره‌تكردنه‌وه‌ی بوو له‌لایه‌ن لیوا (قاسم)ه‌وه، دواتر (قاسم) سنووری ماقووڵی تێپه‌ڕاند و هه‌وڵیدا گه‌لی كورد به زه‌بری هێز بهێنێته ژێر بار
33
رۆژی 14ی ته‌مموزی 1958 بۆ به‌شێك له‌عیراقییه‌كان رووناكترین رۆژی ژیانیان بوو، بۆ به‌شێكی دیكه‌ش تاریكترین رۆژ بوو، به‌شی یه‌كه‌میان به (شۆڕش)ناوی ده‌به‌ن و به‌شی دووه‌م به (كوده‌تا) ناوی ده‌هێنن!
ئه‌ی كورد له‌و رۆژه‌دا له چ پێگه‌یه‌كدا بوو؟ هه‌ڵوێستی چی بوو؟ سه‌ركردایه‌تی ئه‌و كاتی كورد كه ته‌عبیربوو له (پارتی)، چ هه‌ڵوێستێكی نواند؟ به‌تایبه‌ت كه له به‌غدا پێگه‌یه‌كی دیاری هه‌بوو و ده‌بووایه به خێرایی هه‌ڵوێستی خۆیان رابگه‌یه‌نن؟!
سەرۆک مام جەلال
مام جەلال چی وت؟
مام جه‌لال تاڵه‌بانی له كتێبی (كوردستان و بزاڤی نه‌ته‌وه‌یی كورد) له‌باره‌ی ئه‌و رۆژه و هه‌ڵوێستی سه‌ركردایه‌تی كورد له‌و گۆڕانكارییه گه‌وره‌یه‌ی له عیراق روویدا و سه‌رده‌می مه‌له‌كی گۆڕا بۆ جمهوری و شۆڕشی چه‌كداریی یان عه‌سكه‌ریی سه‌ری گرت، ده‌ڵێت: (پارتی شانبه‌شانی حزب و هێزه نیشتمانییه عیراقییه‌كانی دیكه له دژی ئیستیعمار و په‌یماننامه‌كانی و له دژی حوكمه كۆنه‌په‌رسته‌كه‌ی سه‌ر به‌و ئیستیعماره، به‌رده‌وام خه‌باتی كردووه بۆ رزگاركردنی عیراق له ئیستعمار و كۆته‌كانی و بۆ به‌دیهێنانی سه‌ربه‌خۆیی ته‌واو بۆ عیراق و پێكهێنانی سیستمێكی دیموكراسی تێیدا).
به‌پێی ئه‌و بۆچوونه‌ی (مام جه‌لال) بێت، ئه‌و سه‌رده‌مه (پارتی) شانبه‌شانی حزبه عیراقییه‌كانی دیكه، له‌گه‌ڵ رووخاندنی رژێمی مه‌له‌كیی بووه كه حكومه‌تی ئینگلیز پاڵپشتی بوو، جگه له‌مه‌ش مامۆستا (ئیبراهیم ئه‌حمه‌د) كه ئه‌و سه‌رده‌مه سكرتێری لیژنه‌ی مه‌ركه‌زی پارتی بووه، له باره‌ی 14ی ته‌مموزی 1958 ده‌ڵێت: (هه‌ر كاتژمێرێك دوابه‌دوای راگه‌یاندنی شۆڕش سه‌رانی حزب له كه‌ركوك بروسكه‌یان بۆ سه‌ركردایه‌تی هێزه چه‌كداره نیشتمانییه‌كان نارد و تێیدا پشتگیری‌یان له شۆڕشه پیرۆزه‌كه كرد و به هیوای ئه‌وه‌ی كه ده‌ستپێكێك بێت بۆ سه‌رده‌مێكی نوێ له دروستكردنی بنه‌مایه‌كی پته‌و له په‌یوه‌ندییه‌كانی عه‌ره‌ب و كورد كه ئه‌وه‌ش به قازانجی هه‌ردوو گه‌ل و پێشكه‌وتنیان ده‌گه‌ڕێته‌وه).
جگه له‌مه‌ش له ئاستی جه‌ماوه‌ریی و رووناكبیریی و هونه‌ری و كۆمه‌ڵایه‌تییشدا، خه‌ڵكی كوردستان به‌و (شۆڕشه) دڵخۆش بوون و له زاخۆ تا به‌سرا (عه‌بدولكه‌ریم قاسم)یان به (زه‌عیم)ی عیراق ده‌زانی و سه‌دان خۆپیشاندانی پشتگیریی بۆ (شۆڕشه‌كه) ده‌ستی پێكرد، بۆیه له رۆژی 16ی ته‌مموز، واته ته‌نها 2 رۆژ دوای (شۆڕشه‌كه)، لیژنه‌ی مه‌ركه‌زیی پارتی دیموكراتی كوردستان، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نائاسایی به‌ست و به كۆی ده‌نگ به‌یاننامه‌یه‌كیان ده‌ركرد و تێیدا به توندی ئیدانه‌ی حوكمی (مه‌له‌كی)یان له عیراق كرد و به (بۆگه‌ن و به‌كرێگیراوی ئیستیعمار) ناویان برد و پشتگیریی ته‌واویان بۆ شۆڕشه‌كه ده‌ربڕی و له‌به‌شێكی به‌یاننامه‌كه‌دا هاتبوو: (حزب بڕیاری داوه به هه‌موو توانا و هێزێكییه‌وه خه‌بات بۆ داكۆیكردن له كۆماری عیراق و جێگیركردن و گه‌شه‌كردنی بكات، بۆ به‌دیهێنانی ئه‌و ئامانجه‌ش هه‌موو ئیمكانات و هێزێكی خۆی ده‌خاته ژێر ته‌سه‌روفی سه‌رانی ئه‌و شۆڕشه شكۆمه‌نده و هه‌موو ئه‌ندام و لایه‌نگرانی خۆی وه‌ك فیدایی ساز ده‌كات بۆ كۆماری عیراق و به‌رهه‌ڵستیكردنی ئیستیعمار و موئامه‌ره و به كرێگیراوانی).
ئه‌م به‌یاننامه روون و راشكاوه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان، هیچ گومانێكی نه‌هێشته‌وه له‌وه‌ی كه سه‌ركردایه‌تی كورد به‌ته‌واوی پشتگیریی له شۆڕشه‌كه ده‌كات و ته‌نانه‌ت ئه‌ندام و لایه‌نگرانی خۆی وه‌كو فیدایی بۆ سه‌ركه‌وتنی شۆڕشه‌كه ئاماده ده‌كات.
مام جەلال بۆچوونێکی جیاوازتری هەبوو
مام جه‌لال تاڵه‌بانی، كه بۆچوونێكی جیاوازتر و راشكاوانه‌تری هه‌یه له‌سه‌ر شۆڕشه‌كه، بۆیه له شوێنێكدا ده‌نووسێت: (پارتی دیموكراتی كوردستان به‌رده‌وام بوو له خه‌باتیدا بۆ پشتیوانیی له كۆماره ساواكه‌ی عیراق، هه‌رچه‌نده سه‌ركرده هۆشیاره‌كانی هه‌ر له رۆژانی یه‌كه‌میه‌وه حه‌قیقه‌تی (عه‌بدولكه‌ریم قاسم) و ویسته تاكڕه‌وی و تێڕوانینه كۆسمۆپۆلیته‌كه‌ی كه دژ به هه‌ر دوو نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب و كــــوردی بۆ ده‌ركه‌وتبوو، مامۆستا (ئیبراهیم ئه‌حمه‌د) دوای چه‌ند كاتژمێرێك له چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ (قاسم)، هه‌موو ئه‌م قسانه‌ی له‌به‌رده‌می لیژنه‌ی مه‌ركه‌زیی حزبدا گوتووه و پێی وتوون كه (قاسم) پیاوێكی تاكڕه‌وانه‌یه.
واته، سه‌ركردایه‌تی كورد سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو پشتگیریی و خۆشحاڵییه‌ی بۆ شۆڕشه‌كه ده‌ریبڕی، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا سه‌ركرده‌ی گه‌وره و هۆشیاری وه‌كو مامۆستا (ئیبراهیم ئه‌حمه‌د)، ویسته تاكڕه‌وییه‌كانی (عه‌بدولكه‌ریم قاسم)یان بۆ ده‌ركه‌وتبوو، به‌ڵام چونكه ره‌وتی رووداوه‌كان و پیلانگێڕییه عه‌سكه‌رییه‌كان زۆر بوون له دژی (عه‌بدولكه‌ریم قاسم) و چه‌ندینجار هه‌وڵی كوده‌تا و كوشتنی درا، ئه‌مه وایكرد (قاسم) به‌خۆیدا بچێته‌وه و ده‌رگای كرده‌وه به‌ڕووی ئازادیی و دیموكراسی و رێكخستنی سه‌ندیكایی و پیشه‌یی، پاشان، دروستبوونی په‌یوه‌ندیی راسته‌وخۆ له‌نێوان سه‌ركردایه‌تی كورد و خودی (قاسم) به تایبه‌ت خوالێخۆشبوو (مه‌لا مسته‌فا بارزانی) و (قاسم)، ئه‌مه وایكرد به قازانجی كورد بێت.
ئه‌م په‌یوه‌ندییه باشه‌ش بوو وایكرد رۆژی 27ی ته‌مموزی 1958، وه‌فدێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تی (ئیبراهیم ئه‌حمه‌د)ی سكرتێری حزب، به ره‌سمی سه‌ردانی وه‌زاره‌تی به‌رگریی عیراقیان كرد و ده‌ستیان به كۆبوونه‌وه‌ی دوو قۆڵی كرد له‌باره‌ی مافه‌كانی گه‌لی كورد، له‌م كۆبوونه‌وه گرنگه‌شدا، مامۆستا (ئیبراهیم ئه‌حمه‌د) وه‌ك سكرتێری پارتی، وتارێكی پێشكه‌شكرد و تێیدا پشتگیریی ته‌واوی گه‌لی كوردی بۆ شۆڕش و ئاماده‌یی بۆ داكۆیكردن لێی به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ده‌ربڕی و چه‌ند بنه‌مایه‌كی باسكرد كه تێیدا له‌سه‌ره‌تای دروستبوونی ده‌وڵه‌تی عیراقه‌وه، كورد بۆی تێكۆشاوه و ئه‌م بنه‌مایانه‌ی باسكرد و وتی: (له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه و به‌ئیمانه‌وه ئاماده‌ین داكۆكی له ئازادییه ساواكه‌مان بكه‌ین، به خوێن و رۆحی خۆمان، ئه‌وه‌ی كه ده‌ستووری كاتی به ده‌ق نووسیوێتی وه‌ك داننان به مافه‌كانی نه‌ته‌وه‌یی كورددا و ئیعتیباركردنی عه‌ره‌ب و كورد به شه‌ریك له‌و نیشتمانه‌دا، دیاره به‌رهه‌می خه‌باتی هاوبه‌شه و پشتیوانی و ته‌ئكیده له‌و راستییه‌ی كه ئازادیخوازه عه‌ره‌به‌كان و ئازادیخوازه كورده‌كان بۆی چوون كه ده‌ڵێن: خه‌باتی گه‌لان بزووتنه‌وه‌یه‌كی ئه‌ڵقه گرێدراوه، ئێمه دڵخۆشین به‌م ده‌ستپێكه به‌خته‌وه‌ره‌ی ئه‌م عه‌هده نوێیه‌ی جمهورییه‌ته‌كه‌مان و ئاواته‌خوازین یاسای پێویست ده‌ربچێت بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و ده‌قه‌ی كه له‌ده‌ستوردا جێگیركراوه، هه‌روه‌ها هه‌موو گیانمان هیوا و باوه‌ڕه، هه‌ر هه‌نگاوێك كۆماره لاوه‌كه‌مان ده‌ینێت له‌وه‌ی كه په‌یوه‌ندیی به به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانه‌وه هه‌یه له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بییه ئازادكراوه‌كاندا، بێگومان شانبه‌شانی فراوانكردنی زیاتری مافه نه‌ته‌وه‌ییه كوردییه‌كان ده‌بێت به‌شێوه‌یه‌ك كه هه‌ر هه‌نگاوێكی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب به‌ره‌و ئامانجه‌كانی ده‌ینێت و لێوه‌ی نزیكده‌بێته‌وه، له‌هه‌مان كاتدا نزیكبوونه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورده له ئامانجه‌كانی، ته‌نیا به‌وشێوه‌یه ده‌توانین هه‌موو ئه‌و كه‌لێنانه به‌ڕووی ئیستیعمارییه‌كان و ئه‌ڵقه له گوێیه‌كانیاندا پڕ بكه‌ینه‌وه و نموونه‌یه‌كی وا پێشكه‌ش بكه‌ین كه ببێت به سه‌رمه‌شقی چۆنیه‌تی هاوژیانی دوو نه‌وه‌ی برا له سایه‌ی سیستمێكی دیموكراسی ئازاد‌دا).
قاسم لە بەڵێنەکانی پەشیمان دەبووەوە
كورد و سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ی، به‌رده‌وامبوون له پشتیوانیی له حكومه‌ته‌كه‌ی (عه‌بدولكه‌ریم قاسم)، هه‌رچه‌نده رۆژ لە دوای رۆژ ئه‌و (زه‌عیمه)ی عیراق له به‌ڵێنه‌كانی به‌رامبه‌ر كورد په‌شیمان ده‌بووەوه، تا وای لێهاتبوو هه‌ردوو حزبی دیاری كورد و عیراقی (پارتی و شیوعی) هیچ نوێنه‌رێكیان له كابینه وزارییه‌كه‌یدا نه‌بوو، ته‌نانه‌ت كاتێك كه‌سایه‌تییه‌كی وه‌كو (عه‌ونی یوسف)ی كرد به وه‌زیر (به‌بێ ئاگاداری پارتی)، یه‌كسه‌ر سه‌ركردایه‌تی پارتی (عه‌ونی یوسف)یان له ریزه‌كانی حزب ده‌ركرد، به‌و مانایه‌ی كه بێ ره‌زامه‌ندی ئه‌وان كراوه به وه‌زیر، له‌مباره‌یه‌وه (مام جه‌لال تاڵه‌بانی) ده‌ڵێت: (كه قاسم پشتی كرده مافه دیموكراسییه‌كانی گه‌ل و ده‌ستی كرد به‌داڕشتنی بنه‌ماكانی حوكمی دیكتاتۆرییه تاكڕه‌وییه‌كه‌ی، حزب ده‌ستی كرد به به‌رهه‌ڵستی ئه‌و هه‌وڵه، به‌ڵام هه‌ر پشتیوانیی له لایه‌نه نیشتمانییه دژ به ئیستیعمار و سیاسه‌ته‌كه‌ی ده‌كرد، تاكو بێ بایه‌خ سه‌یركردنی مافه دیموكراسییه‌كانی گه‌ل له‌لایه‌ن «قاسم»ه‌وه، به‌شێوه‌یه‌ك كه ئیدی نه‌ده‌كرا ته‌حه‌مول بكرێت و دژایه‌تیكردنی بۆ دیموكراسی و دیكتاتۆرییه‌ته‌كه‌ی ئاشكرابوون).
دیاره ئه‌م ناڕه‌زایه‌تییه‌ی سه‌ركردایه‌تی كورد، هه‌ر به‌رده‌وام بوو، تا رۆژی 20/7/1961 مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، به كۆی ده‌نگ (ئاگانامه)یه‌كی توندی ئاڕاسته‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق و فه‌رمانده‌ی هێزه چه‌كداره‌كان لیوا روكن (عه‌بدولكه‌ریم قاسم) كرد، كه درێژترین نامه‌بوو سه‌ركردایه‌تی كورد ئاڕاسته‌ی (قاسم)ی بكات و سه‌ره‌تا به‌چه‌ند خاڵێك پێشێلكارییه ده‌ستووری و یاساییه‌كان و مافه‌كانی گه‌لی كوردی‌یان بۆ روونكردۆته‌وه، كه له‌به‌شێكی ئاگانامه‌كه‌دا هاتووه: (راسته گه‌لی كورد بۆ ماوه‌یه‌ك سوودی له‌و مافه دیموكراسییانه وه‌رگرتووه كه شۆڕشی سه‌رتاپا گه‌لی عیراق ده‌رگای له‌سه‌ر كردنه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه درێژه‌ی نه‌كێشا، هه‌روه‌ها كاریگه‌ریی ئه‌و شكسته‌ی كه له وڵات‌دا به‌سه‌ر دیموكراسییه‌تدا هات بۆ گه‌لی كورد دوو بار بوو، چونكه به‌ته‌نیا هه‌ستكردن نه‌بوو له بێبه‌شكردن له مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی، به‌ڵكو بووه به ئامانج له هه‌ڵمه‌تێكی چه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی تونددا).
به كورتی و به پوختی ئاگانامه‌كه، 19 خاڵی خستبووه‌ڕوو كه به به‌ڵگه‌وه ئه‌و غه‌در و پێشێلكاریانه خرابوونه روو كه (قاسم) و حكومه‌ته‌كه‌ی له گه‌لی كوردی‌یان كردووه، هه‌روه‌ها له كۆتایی ئاگانامه‌كه‌دا، 13 خاڵ له‌خۆده‌گرێت، ئه‌وانیش داواكاریی سه‌ركردایه‌تی كوردن بۆ چاككردنه‌وه و پێداچوونه‌وه به‌هه‌ڵوێسته‌كانی دژ به كورد و ئه‌گه‌ر (قاسم) ده‌یه‌وێت په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ كورد باش بێت و دیموكراسی به‌رقه‌راربێت.
له‌وه‌ڵامی ئه‌م ئاگانامه دوور و درێژه‌دا، (مام جه‌لال تاڵه‌بانی) له كتێبه‌كه‌یدا (كوردستان و بزاڤی نه‌وه‌یی كورد)دا، ده‌ڵێت: (چاره‌نووسی ئه‌م ئاگانامه‌یه ره‌تكردنه‌وه‌ی بوو له‌لایه‌ن لیوا (قاسم)ه‌وه دواتر (قاسم) سنووری ماقووڵی تێپه‌ڕاند و هه‌وڵیدا گه‌لی كورد به زه‌بری هێز بهێنێته ژێر بار).
تا وای لێهات له 9ی ئه‌یلوی 1961 (قاسم) ده‌ستی كرد به لێدانی هێزه كوردییه‌كان به تۆپ و بۆردوومانی ئاسمانی له ده‌ربه‌ندیخان و دواتر هێرشه گشتییه‌كه‌ی له رۆژی 10ی ئه‌یلول ده‌ستی پێكرد، ئیدی بزووتنه‌وه‌ی به‌رگری وه‌ك وه‌ڵامێك بۆ ئه‌وه ده‌ستی پێكرد و سه‌ركردایه‌تی كورد به‌ته‌واوی خۆی رێكخسته‌وه و دروشمی (قاسم)ی دیكتاتۆریان به‌رزكرده‌وه و شه‌ڕی چه‌كداریی دژی حكومه‌ته‌كه‌ی (قاسم) ده‌ستی پێكرد.
*بۆ ئه‌م بابه‌ته سوودم له كتێبی (كوردستان و بزاڤی نه‌ته‌وه‌یی كورد) نووسینی: جه‌لال تاڵه‌بانی وه‌رگێڕانی خالید مه‌جید فه‌ره‌ج، وه‌رگرتووه.
عەبدولکەریم قاسم