دیوەکانی دیکەی وشە

پێشەوا قازی محەمەد: دەمانەوێ‌ بە خودموختاری لەژێر بەیداغی ئێراندا بژین و خودموختاریشمان وەگیر كەوتووە

12:46 - 2025-06-24
مەریوان مەسعود
219 خوێندراوەتەوە

32

لە دیدارێكی رۆژنامەوانی دەگمەندا، 79 ساڵ بەر لە ئەمڕۆ

لە مانگی 9ی 1945ەوە پێشەوا قازی محەمەد و هاوەڵەكانی، كاتێك سەردانی تەورێزیان كرد، لەوێ‌ چاویان بە كونسوڵی سۆڤییەتی ئەوكات كەوت و گەرەنتی پشتگیریی دامەزراندنی كۆمارێكی كوردییان لێوەرگرت، لەوێشەوە چوون بۆ باكۆی ئازەربایجان كە ئەوكات یەكێك بوو لە ویلایەتەكانی سۆڤییەت، لەوێشەوە دڵنیابوونەوە لەوەی پارتی دیموكراتی ئازەربایجان لە هەوڵی ئەوەدایە كە دەست بەسەر ئازەربایجانی ئێراندا بگرێت، ئەوەبوو لە 10/12/1945 واتە سێ‌ مانگ دوای سەردانەكەی پێشەوا قازی و هاوەڵەكانی، پارتەكەی ئازەربایجان دەستی بەسەر پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵاتدا گرت، كە پێشتر بەدەست سوپای شای ئێرانەوە بوو، هاوكات پێنج رۆژ دوای ئەوە، لە 15/12/1945 پێشەوا قازی كۆماری كوردستانی دامەزراند، بەڵام رێوڕەسمی راگەیاندنەكەی لە شاری مەهاباد و لە مەیدانی چوارچرا، كەوتە 22/1/1946.
لە نێوان دامەزراندنی كۆماری كوردستان (مەهاباد) و رۆژی راگەیاندنەكەی و دەقیق لە رۆژی 11/1/1946 واتە 11 رۆژ بەر لە راگەیاندنی كۆمارەكە، رۆژنامەی (كوردوستان) ژمارە (1)ی خۆی بڵاودەكاتەوە وەكو زمانحاڵی حزبی دیموكراتی كوردستان، كە لە دووتوێی (4)لاپەڕەدا بڵاوكراوەتەوە، لە ژمارەی (1)ی خۆیدا، رۆژنامەكە، دیدارێكی رۆژنامەوانی لەگەڵ پێشەوا قازی محەمەد بڵاوكردۆتەوە، كە من بەشبەحاڵی خۆم (دڵنیام زۆربەشتان وان) وتە و لێدوانی كورتی (پێشەوا قازی)تان خوێندۆتەوە، بەڵام باوەڕ ناكەم دیدارێكی رۆژنامەوانی لەو شێوەیەتان خوێندبێتەوە، كە بیروبۆچوونی خۆی و كورد و كۆمارەكەی لەو سەردەمەدا بە تەواوی رووندەكاتەوە.
دیدارەكە، لەمیانی سەردانی چەند رۆژنامەنووسێكی ناسراوی ئەو سەردەمەی ئێران كراوە، كە دوای دامەزراندنی كۆماری كوردستان، سەردانی شاری (مەهاباد)یان كردووە و دیدارێكی رۆژنامەوانیان لەگەڵ قازی محەمەد سازكردووە،  وەكو نوێنەری رۆژنامەی (ایران ما) و (فەرمان) و (رهبر و ایران ما)، كە ویستویانە ئامانجی كورد و سەركردایەتییەكەی بزانن، بۆ ئەمەش دیدارەكەیان لەگەڵ سازكردووە.
رۆژنامەی (كوردوستان) كە سەرنووسەرەكەی سەیید محەمەدی حەمیدی بووە، لەسەروو دیدارەكەی پێشەوا قازی، وەكو سەروتاری یەكەم ژمارە، بابەتێكی نووسیووە و بە ناونیشانێكی گەورە بەناوی (ئامانجی ئێمە)، كە تێیدا دەڵێت: (لەم كاتەدا كە خاكی كوردستان لە هەموو وەختێك زیاتر پێویستی بە فیداكاریی كوڕەكانیەتی، لەو ئانەدا كە هەموو نەتەوەكانی گێتی بۆ راگرتن، بۆ وەدەستهێنانی سەربەستی و ئازادیی خۆیان وە بۆ وەدەستخستنی وەسائیلی پێشكەوتنی هاونیشتمانیان دەتەقەلادان، لەم وەختەدا كە هەموو نەتەوەكانی عالەم غەیرە سەربەستی و گەورەیی نیشتمانەكەیان ئامانجێكیان نییە و بە شەو و بە رۆژ بۆ گەیشتن بەم ئامانجانە هەوڵ دەدەن، ئێمە خەریكی چین و ئامانجمان چییە؟)
  سەرنووسەرەكەی (كوردوستان)، لە وتارەكەیدا، دەیەوێت گیانی برایەتی و ئاشتەوایی و یەكبوون لە نێو ماڵی كورددا پتەوتر بكات، بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی كوردستان و بۆیە دەڵێت: (هەموو بەیەك دەنگ دەڵێین ئێمە كوردین كوردمان دەوێ‌، ئیمڕۆ سەركزیمان بە سەربڵندی و هەژاریمان بە دەوڵەمەندی و دووبەرەكیمان بە یەكێتی گۆڕیوەتەوە، هاونیشتمانان بە چاوێك تەماشا دەكەین و هەموومان بۆ میللەت كار دەكەین و بە زمانی شیرینی كوردی دەخوێنین، ئەخلاقی خەراپمان گۆڕیوەتەوە بە ئەخلاقی چاك).

دیدارەكەی قازی
ئەگەر بێمەوە سەر دیدارە رۆژنامەوانییەكەی قازی محەمەد، كە دیارە لەبەر گرنگی دیدارەكە و سەرنجڕاكێشانی خوێنەر، رۆژنامەكە دیدارەكەی هەرچەندە كورتە، بەڵام بە دوو بەش و لە دوو ژمارەی رۆژنامەكەدا بڵاوكردۆتەوە، لە بەشی یەكەمی دیدارەكە، كە بەم ناونیشانە بڵاوكراوەتەوە (گفتوگۆی جنابی قازی محمد)،  كە رۆژنامەكە بە (رهبەری میللەتی كورد) ناساندوویەتی.
سەرەتای گفتوگۆكەی رۆژنامەوانە ئێرانییەكان و قازی محەمەد بەمشێوەیە دەستی پێكردووە، كە من وەكو خۆی و بێ‌ زیاد و كەم دەینووسمەوە، بۆ ئەوەی چێژی خۆی لەدەست نەدات:
پ: لەتاران دەڵێن كوردان بە رەهبەری جەنابت جوێ‌ بۆتەوە و استقلالی كوردوستانیان دەوێ‌؟
و: خیر راست نیە، لەبەر ئەوەی كە ئێمە لە دەوڵەتی ایران اجرای قانونی اساسیمان دەوێ‌ و دەمانەوێ‌ بەخودموختاری لەژێر بەیداغی ایراندا بژین، و خودموختاریشمان وەگیر كەوتووە.
پ: چەند وەختە ئەنگۆ خودموختارن؟
و: چوار ساڵە خودموختاری داخلیمان هەیە.
پ:چلۆن خود موختاری خۆتان هەڵدەسوڕێنن؟
و: لەو وەڵاتەی كە توانیومانە خودموختاری نێو خۆمان دەكار بكەین دەگەڵ نوێنەرانی گەورەی میللەتی كورد كە چەندێك لەوە پێش لە مەهاباد حازر بوون انتخاباتمان كرد و هەیئەتێكی (9) نەفەری بە نێوی هەیئەی میللی هەڵبژێردران و سەرۆكی ئەو هەیئەتە بەخۆمە.
پ: لە تاران دەڵێن جەنابت چەند كەست بۆ باكۆ ناردوە لەوێ‌ چاپخانە و كاغەز و اسلحەیان هێناوە و تشكیلی حزبی كۆمۆنیست و داوە، ئایا راستە؟
و: ئەم قسانە كاربەدەستەكانی لەشكری بۆمان هەڵدەبەستن، ئەوانە راست نین، كاغەز و چاپخانەمان لە تەورێز كڕیوە و ئێوەش دەتوانن لەو جێگای لێمان كڕیوە ئاگاداربن، تشكیلی حزبی كۆمۆنیست درۆیە. 
شتێك هەیە ئێمە لە كوردوستاندا هەر وەكو قانونی اساسی ایران اجازە دەدا خەڵك بەتەواوی معنی ازادی عقیدەیان هەیە و حزبێكی بەئاشكرامان هەیە ئەویش فرقەی دیموكراتی كوردوستانە.

 

پێشەوا قازی محەمەد: (میللەتی كورد لە ایراندا هەڵسوڕاندن و پێكهێنانی كاروباری جێگای خۆی ازاد بێ‌ و لە سنوری دەوڵەتی ایراندا ازاد بژی)

بۆچوونی لەبارەی حزبی دیموكرات
رۆژنامەوانە ئێرانییەكان، دیارە لەسەر بانگهێشتی خودی پێشەوا قازی خۆیان هاتوون بۆ مەهاباد كە ئەو كاتە لەژێر دەسەڵاتی كورداندا بووە، دەیانەوێت لە بەرنامە و ئامانجی حزبی دیموكراتی كوردستان بگەن، بۆیە لێی دەپرسن:
پ: ممكن دەبی كە مەرامی فرقەی دیموكراتی كوردوستانمان بۆ بەیان بفەرموی؟
و: بەڵێ‌ ممكنە بە كورتی مەرامی فرقەی دیموكراتی كوردوستان بۆنگۆ بەیان دەكەم:
1 - میللەتی كورد لە ایراندا هەڵسوڕاندن و پێكهێنانی كاروباری جێگای خۆی ازاد بێ‌ و لە سنوری دەوڵەتی ایراندا ازاد بژی.
2 - بتوانێ‌ بەزمانی كوردی بخوێنێ‌ و لە وڵاتی كوردوستان كاروباری نوسین لە ادارەدانی دەوڵەتیدا بە كوردی بێ‌.
3 - ئەنجومەنی ایالەتی و ولایەتی كوردوستان وەكو قانونی اساسی دەڵێ‌ جێ بەجێ‌ داندرێ‌ لە هەمو كارەكانی اجتماعی و دەوڵەتی دا چاوەدێری بكا و پێ‌ رابگا.
4 - مامورینی دەوڵەتی هەر دەبێ‌ لە خەڵكی محلی بێ‌ و بەپێی  قانون لە نێو رعیت و مالك دا سازش بەجێ بی كە دوارۆژی هەردوكیان تامین بكرێ‌.
5 - حزبی دیموكراتی كوردوستان سعی بكا كە مللتی ایران هەمو بە برایەتی و بەرابەری بژین و بۆ خۆشبەختی و ترقی میهنی خۆیان سعی بكەن.
پ: حزبی دیموكراتی كوردوستان لەهەموو وڵاتی كوردوستاندا تشكیلاتی هەیە؟
و: فرقەی دیموكراتی كوردوستان لە هەمو جێگایەك كە دەوڵەتی دیكتاتۆر و ارتجاع اجازەی دابی بە ئاشكرا لكی هەیە و لە جێگای دیش بە دزی یەو دەگەڵ هەمو كوردی ایران پەیوەندمان هەیە.
پ: فرقەی دیموكراتی كوردوستان لەگەڵ كوردی غیری ایرانیش پەیوەندی هەیە ئایا یەكەتی تەواوی كوردان و دەوێ‌؟
و: خیر بە هیچ وجە.
پ: ئەنگۆ دەڵێن ئێمە دەمانەوێ‌ قانونی اساسی لە ایراندا بەكاربهێنرێ‌ ئەگەر داوای ئێوە لەگەڵ قانونی ئەساسی بەرابەری نەكا چی دەكەن؟
و:  بەڵێ‌ فرقەی دیموكرات دەكارهێنانی قانونی ئەساسی و دیموكراسی ایرانی دەوێ‌ و هەر وەخت داواكانی مە لەگەڵ قانونی ئەساسی كە بخوێنێ‌ گەلێكی زۆر لە پیاوە ازادی خوایەكان تەواو بوو ئێمە قانونی ئەساسی رادەگرین.

سەلیقەی پێشەوا قازی
ئەوەی وەكو رۆژنامەنووسێك جێگای سەرنج بوو بۆ من ئەو سەلیقەیەیە كە لە وەڵامەكانی پێشەوا قازی هەیە، چونكە هەموو پرسیارەكانی دیدارە رۆژنامەوانییەكە،  ئامانج لێی گەیاندنی پەیامی رەهبەرێكی كوردە بە رای گشتی ئەو كاتی ئێران، لەگەڵ شیكردنەوە و گەیاندنی پەیامی حزبێكی گەورە و كاریگەریی وەكو حزبی دیموكرات، بۆیە خوێندنەوەی ئەم دیدارەی سەرەوە هەم بۆچوونی رەهبەرێكی كوردمان بۆ دەردەخات كە كەمترین دیداری رۆژنامەوانی هەیە، هەم بۆچوونی كوردمان بۆ دەردەخات لە رۆژهەڵاتی كوردستان لە سەردەمی شای ئێران و ئەو ناوچە ئازادكراوانەی ئەو سەردەمە بەدەست سەركردایەتی كورد بووە.
 لەكۆتایی دیدارەكەدا، رۆژنامەنووسەكان لەبارەی كوردی عیراق و بوونیان لە ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان لە پێشەوا قازی دەپرسن:
پ: دەڵێن گەلێك لە كوردی عیراق بە ئەسلەحەوە هاتونە ایران و لێرەدا لەژێر حمایەتی روسەكاندا دەژین و ئازوخەیان بۆ داندراوە ئایا وایە؟!
و: گەلێك لە عیراقەوە پەنایان بۆمە هێناوە و لەم دەوروبەرەش مائمور بن شورەوی نیە تا كۆمەك بە وان بكەن.
پ: لەنێو كوردوستان حزبی كومەڵە هەیە؟
و: كۆمەڵە یانی حزب و شتێكی واش لە ایران دا نیە فقط لە عیراق حزبێك بەو نێوە هەیە ئەما بەمە مەربوط نیە.
بەداخەوە، دوای 14 مانگ لەو دیدارە رۆژنامەوانییە و 11 مانگ لە دامەزراندنی كۆماری كوردستان، پێشەوا قازی محەمەد بەدەستی رژێمی شاهەنشای (پەهلەوییەوە) دوای گرتنی، لە مەیدانی چوارچرای شاری مەهابادی زێدی خۆی لە سێدارە دەدرێت.

پێشەوا قازی محەمەد

وتارەکانی نوسەر