بڵاوکردنەوەی پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەلایەن وتەبێژی رەسمیی دەم پارتی و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە داوای دیدار و کۆبوونەوە دەکات لەگەڵ سەرۆک و سەرکردە سەرەکییەکانی هەرسێ لایەنی سەرەکیی کوردستانی (یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان، هێزەکانی سوریای دیموکرات)، داواکارییەکی سادە و سەرپێ نییە، بەڵکو لە ئەنجامی بیرکردنەوەیەکی ورد و راڤەکردن و بنکوڵکارییەکی بابەتییانەی قۆناغی دوای کۆنگرەی پەکەکە و چۆنییەتی هەنگاونانێکی کردەییە بەرەو جێبەجێکردنی بڕیاری پرۆسەی ئاشتی، بۆ ئەو مەبەستە پرسوڕا بە تیمی دانوستانکاری دەم پارتی کرووە و رەزامەندیی ئەوانیان وەرگرتووە، بۆیە لەڕێی وتەبێژی رەسمییانەوە پەیامەکە بڵاوکرایەوە، بەڵام لەسەر دەستنیشانكردنی ئەو سێ لایەنە پرسیارێک دەکرێت و پرسیارەکە پێویستی بە وەڵامێکی رۆشن و زوڵاڵ هەیە، بۆچی بەڕێز ئۆجەلان داوای دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی ئەو سێ هێزە دەکات؟
لەبەرئەوەی ئەم سێ هێزە، سێ لایەنی سەرەکیی کوردستانین و لە سێ پانتایی فراوانی جوگرافیای سیاسیدا خاوەن بڕیار و دەسەڵاتدارن.
جێبەجێکردنی پرۆسەکە پێویستی بە یارمەتی و هەماهەنگیی ئەو سێ لایەنە هەیە، هەروەک بەشێکی پرۆسەکە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە سنووری ژێر دەسەڵاتی ئەو سێ لایەنە جێبەجێ دەکرێت و پێویستی بە یارمەتیی ئەو سێ لایەنە هەیە بەشێوەی کردەیی، چونکە بەشێکی جێبەجێکردنی پرۆسەکە پەیوەستە بە ناوخۆی تورکیاوە و بەشەکەی دیکە لە دەرەوەی تورکیا جێبەجێ دەکرێت و پێویستی بە خۆئامادەکردنێکی فرە جەمسەرە تا بتوانن ئاڵەنگارییەکانی بەردەم پرۆسەکە وەلابنێن. هەروەک جێبەجێکردنی پرۆسەکە پێویستی بە یەکێتییەکی نیشتمانی و هەماهەنگی و ئیرادەیەکی هاوبەشە.
بەڵام هێشتا نازانرێت ئایا هەلومەرجی ناوخۆی ئێستای تورکیا گونجاوە بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکەی ئۆجەلان یان نا؟ هەروەک نازانرێت ئایا ئۆجەلان بۆ ئەم داواکارییە پرسی بە ئەنقەرە کردووە، یان نا؟ ئەگەر پرسی پێکرابێت، ئایا ئۆجەلان رەزامەندیی حکومەتەکەی ئاک پارتی و سەرۆکی ئەو وڵاتەی وەرگرتووە، یان نا؟.
کاتێک وەڵامی ئەم پرسیارانەمان دەست بکەوێت، ئەوکاتە پێشبینییەکانی ئەنجامدان یان ئەنجامنەدانی دیدارەکە و شوێن و شێوازی دیدارەکە و بەشداربوونی سەرۆکی ئەو سێ لایەنە کوردستانییە باشتر یەکلایی دەبێتەوە، بۆیە دەبێت چاوەڕوانی هەڵوێست و کاردانەوە رەسمییەکانی تورکیا بکەین .
سەبارەت بە هەڵوێستی ئەو سێ لایەنە کوردستانییەش، پێدەچێت ئەگەر تورکیا پێشوازیی لەو داواکارییە بکات، ئەوا زەمینەیەکی باشتر بۆ دیدارەکە بڕەخسێت، بەڵام یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و خودی سەرۆک بافڵ تاڵەبانی هەمیشە نەک هەر پشتگیریی لە هەر هەوڵێک کردووە بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی و سەقامگیری و چارەسەرکردنی دۆزی کورد لەڕێی دانوستانەوە، بەڵکو هەمیشە بەشێکی سەرەکی بووە لەو بەرەیە و بەردەوامیش دەبێت لەسەر هەمان سیاسەتی نەگۆڕی خۆی.