لەو رۆژانەی رابردوودا، هاوکات لەگەڵ بڵاوکردنەوەی هەواڵێک لەلایەن هەندێک سەرچاوەی میدیایی و کەسەوە، گوایە دەیان سەركردەی هەرێم لە ترسی شەڕی (ئێران) و (ئیسرائیل) هەرێمی كوردستانیان بەجێهێشتووە، رێك لەو رۆژانەدا مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆك بافڵ تاڵەبانی لە شاری سلێمانی سەرقاڵی ئەنجامدانی زنجیرەیەك كۆبوونەوە بووە و كۆبوونەوەكانیش تایبەتبوون بە تاوتوێكردنی كۆمەڵێك پرسی هەنوكەیی و گۆڕانكارییە ناوخۆییەكانی یەكێتی، كە سەرەنجامیش بەرهەمی ئەو كۆبوونەوە گرنگانە گەیشتن بوو بە (13) بڕیاری گرنگ و لە 17/6/2025 و بە ئیمزای هەڤاڵ سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بڕیارەكان بە فەرمی دەركراون.
لەو (13) بڕیارە (4)یان تایبەتن بە پێكهێنانی (4) ئۆرگانی نوێ كە بریتیین لە:
ـ پێكهێنانی مەكتەبی كاروباری رێكخراوەیی لە پێكهاتەی پێشتری مەكتەبەكانی (رێكخستن، شەهیدان و تێكۆشەران، رێكخراوە دیموكراتییەكان) ئەم مەكتەبە نوێیە پێكدێت لەم بۆردانە (رێكخستن، رێكخراوەكان، كۆمەڵایەتی، شەهیدان، ناوەندی دەرەوە، بۆردی زانكۆكان و حكومەت و ئەنجومەنی هەڵبژێردراوەكان، تێكۆشەرە دێرینەكان).
ـ پێكهێنانی دەزگای هەڵسەنگاندن و چاودێری.
ـ پێكهێنانی دامەزراوەی گەنجان.
ـ پێكهێنانی دەزگای روناكبیریی ئۆرگانی تایبەت.
پێكهێنانی ئەو ئۆرگانە نوێیانە لەسەر بنەما و پاڵپشت بە بڕگەی دووەم لە ماددەی (37) و بڕگەی سێیەم لە ماددەی (36)ی هەمواری یەكەمی پەیڕەوی ناوخۆی پەسەندكراوی ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتنمانیی كوردستانە لە(27/4/2025).
ـ پێكهێنانی (2) لیژنەی (11) كەسی بۆ هەندێک كاروباری گرنگی حزبایەتی.
ـ ئەنجامدانی ئاڵۆگۆڕ و پێدانی ئەركی نوێ بە كۆمەڵێک هەڤاڵی یەكێتی.
هەموو ئەم بڕیارانەی مەكتەبی سیاسی، بەهێزی و زیندوویەتیی یەكێتی دووپات دەكاتەوە، كە لەم هەلومەرجە دژوارەی هەرێم و عیراق و ناوچەكە بەگشتی پیایدا تێپەڕدەبێت، یەکێتی بتوانێت ئەو گۆڕانكارییانە ئەنجام بدات. بەڵام راستییەك هەیە پێویستە بیدركێنین ئەویش ئەوەیە كە بۆ ئەمجۆرە بڕیار و گۆڕانكارییانە، گرنگە بۆ رای گشتیی حزبی و لەسەر ئاستی ئۆرگانی بەرچاوڕوونییەكی زیاتر بدرێت بە هەڤاڵان لەسەر گرنگیی ئەنجامدانی ئەم گۆڕانكارییانە، چونكە لەم ماوەیەدا سەردانی سنووری سێ مەڵبەندی یەكێتی-م كردووە و ئەوەی بەدیم دەكرد هەڤاڵان پێویستیان بەروونکردنەوەی زیاتر و دیدێكی هاوبەشیان هەیە لەسەر ئەو گۆڕانكارییانە، بۆئەوەی ئەوانیش ناوەڕۆکی هەمان گۆرانکاری بە هەڤاڵانی خوار خۆیان بگەیەنن. بۆیە پێشنیازدەكەم كە زنجیرەیەك كۆبوونەوەی سەرتاسەری لە سنووری مەڵبەندەكانی یەكێتی بكرێت و تیایاندا روونكردنەوە و شیكردنەوەی پێویست لەسەر هۆكار و گرنگی ئەو گۆڕانكارییانە بدرێت. هەروەك لە رێی میدیای رەسمیی یەكێتییەوە هەڤاڵە پەیوەندیدارەكانی یەكێتی رای گشتیی یەكێتی و جەماوەری كوردستان بە ناوەڕۆكی گۆڕانكارییەكان ئاشنا بكەن.
ئەم پەیامە بە دەرفەتیش دەزانین، كە رەخنەیەك لە خۆمان بگرین وەك سەركردایەتیی یەكێتی لەسەر پێدانی زانیاری و گەیاندنی ناوەڕۆکی بڕیارەكان بە میدیای غەیرە یەكێتی بەرلەوەی لە میدیای رەسمیی یەكێتی بڵاوبكرێنەوە. چونكە ئەو مۆدێلە بۆ ماوەی چەند ساڵێكە بەتەواوەتی كۆتایی پێهاتووە و با دووبارە زیندووی نەکەینەوە.