لەتیف نێروەیی
ئەمرۆ لە باشووری کوردستان و بەتایبەتی لە سنووری پارێزگای سلێمانی رووداوێکی گرنگی مێژوویی و سیاسی روودەدات و دوای دەیان ساڵ شەڕ و خوێنڕشتن، سەرنجام ئیرادەی ئاشتی بەسەر ئیرادەی شەردا سەردەکەوێت. ئەو ئیرادە ئاشتييەی کە ٣٣ ساڵە سەرەڕای بەربەست و قۆناغە سەخت و دژوارەکان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاڵاهەڵگرێکی راستەقینەیەتی و دەستبەرداری ئەو ئیرادەیە نەبووە.
. رۆژێکی مێژوویی و بەروومەتە کە یەکەم هەنگاوی کردەیی بۆ جێبەجێکردنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان لە پایتەختەکەی شۆڕشی نوێ و بە بەشداری یەکێتی دەهاوێژن.
. رۆژێکی دڵخۆشەرە کە لەسنووری پایتەختەکەی مەلیکی کورستان بەڵێنی کۆتایی هێنان بەزمانی چەک لەپێناوی جێبەجێکردنی پرۆسەی ئاشتی دەبێتە راستی و ئیدی ئەم رۆژە گرنگە دەبێتە بەشێک لە مێژووی یەکێتی و پارێزگای سلێمانی و باشووری کوردستان و گەلی کوردستان بەگشتی.
ئیدی مێشکی شاخەکان، دڵی ئەشکەوتەکان ، روحی پیرە داربەڕووە سووتێنراوەکان، کاریلەی مامزو ئاسک و بزنە کێوییەکان، ئیدی سروشتی وڵاتەکەمان پشووێک دەدەن و بەدەنگێکی بەرز دەڵێن سڵاو بۆ روحی ئەندازیاری دانانی بەردی بناغەی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان، مام جەلال، سوپاس یەکێتیی نیشتمانیی کورستان کە سەرەڕای هەموو سەختییەکان، ئەوەی بەلای ئێوەوە گرنگ بوو، ئەوەی بەلای ئێوەوە لەسەروی هەموو شتێکی دیکەوە بوو، وەستاندنی شەڕ و سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی بوو.