جووڵەی دیپلۆماسیی ژیرانەی یەکێتی

09:47 - 2024-04-07
هیوا محەمەد
548 خوێندراوەتەوە


لەدوای نەمانی رژێمی بەعس، سەرۆک مام جەلال لە نێو هەموو ئەو سەرکردە سیاسییانەی کە لەناو بەرەی ئۆپۆزسیۆنی عیراقیدا بوون، وەک روویەکی سیاسیی خاوەن ئەزموون دەرکەوت و هەموان پرس و رایان پێدەکرد.
سەرۆک مام جەلال، توانی رێڕەوی بزووتنەوە سیاسییەکە لە هەڵپەکردن و هەرکەس بۆ خۆی بگۆڕێت بۆ گردبوونەوە لە دەوری یەک و گرتنەبەری سیاسەتی بنیاتنان و بە دەستووریی کردنی وڵات.

ئەگەرچی یەکێتی هێزە، بەڵام زمانی گفتوگۆ و دیپلۆماسییانەی زاڵە

سەمام ئەمانی عیراق
سیاسییەکانی عیراق رێزی زۆریان لێدەگرت و لێی بە گومان نەبوون کە کەسایەتییەکە، بۆ هەموو گەلانی عیراق وەک یەک دەڕوانێت و لە هەوڵی بەدەستهێنانی مافەکانیانە، هەر ئەمەش وایکرد گەورە مەرجەعی شیعەکان ئایەتوڵا عەلی سیستانی ناوی (سەمام ئەمان)ی لێبنێت، بەو واتایەی بوونی ئەو ئارامی و سەقامگیریی عیراق دەپارێزێت.
هەر ئەو رێچکە دیپلۆماسییانەیەی سەرۆک مام جەلال کە هاوکات گشتگیربوو لەسەر سیاسەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وایکرد رازی بێت پۆستی سەرۆک کۆمار وەربگرێت، هەرچەندە دەسەڵاتەکانی دیاریکراوبوون و لە سیستمێکی پەرلەمانیدا سەرۆکی حکومەت زیاتر کارەکانی دەکەوێتە ئەستۆ، بەلام سەرۆک مام جەلال بە کاریگەریی کەسایەتی خۆی، توانی رۆڵی سەرەکی هەبێت لە سیاسەتی ناوەوە و دەرەوەی عیراق و هەرێم.

دوای ماڵئاوایی رەوشەکە گۆڕا
لەدوای نەخۆشکەتنی و ماڵئاوایی یەکجاریی سەرۆک مام جەلال، ئیتر رەوشەکە گۆڕا و ئەو دیپلۆماسییە ژیرانەیە کەوتە ژێر پرسیار و نا بەرپرسیارێتییەوە، تا گەیشتە بەکارهێنانی زمانی هەڕەشە و لەیەک دوورکەتنەوەی هەرێم و بەغدا.
لەدوای کۆنگرەی پێنجەمەوە سیاسەتێکی نوێی یەکێتی گیرایەبەر کە هاوشێوەی تێڕوانینی مام جەلال بوو بۆ کێشەکانی ناو عیراق و ئەوانیش لەگەڵ هەرێم. 
هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی وەک جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، بەچەندین سەردانیکردنی بەغدا و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵی، توانی بگاتە ئەو ئەنجامەی کە ئەوان بڕی 700 ملیار دینار وەک مووچە بنێرن بۆ هەرێم، ئەمە چەند مانگێکی خایاند و بە هاتنەپێشی هەندێک کۆسپ و لێکتێنەگەیشتنی دیکە، دوای چەند مانگێک تووشی گرفت بۆوە.
 سەرۆک بافڵ تاڵەبانی هەزوو وتی: «دەرگای چارەسەری کێشەکانمان لە بەغدایە»، بەو واتایەی کە یەکەم زمانی دیپلۆماسیی بکەینە لێکنزیکبوونەوە و لێکتێگەیشتن، هەرواش با سیاسییەکانی عیراق بزانن ئێمە دوای ئەو قسە زل و بێکاریگەرییانە ناکەوین کە دەبنە هۆکاری گەورەبوونی درزی نێوان هەرێم و بەغدا، لێرەشەوە پەیامێک بوو بۆ وڵاتانی ئیقلیمی کە ئێمە لەم هەرێمە کار بۆ ئەوە ناکەین لە حکومەتی فیدراڵی داببڕێین و بەپێی مەرامی ئەوان هەڵسوکەوت بکەین.
وەک درێژەدان بە سیاسەتی حەکیمانە و دیپلۆماسیی ژیرانەی مام جەلال، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، لە چەند لایەکەوە دۆستانێکی باشی بۆ کورد و هەرێم دروستکردووە و بۆ زۆرێک لە کێشەکان و یەکلاکردنەوەیان، هەژموونیان بەکاردەهێنێت.

سیاسەتی یەکێتی ژیرانەترە
ئێستا بەشە باشەکەی سیاسییەکانی عیراق، لەوە تێگەیشتوون کە سیاسەتی دیپلۆماسییانەی یەکێتی، ژیرانەترە لەهەر سیاسەتێکی دیکەی ناو هەرێم و عیراق، لێرەوە ئەوان دەتوانن بچنە گفتوگۆی جدییەوە بۆ چارەسەری کێشە هەڵواسراوەکان.
لە نوێترین هەوڵی دیپلۆماسییانەی یەکێتیدا، سەرۆک بافڵ بەشداریی چەند کۆبوونەوەیەکی لایەنە بەشداربووەکانی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوکی کرد، بەسەرپەرشتی سەرۆکی حکومەتی فیدراڵی محەمەد شیاع سودانی، ئەمەش لەو روانگەیەوە کە یەکێتی نایەوێت تەنها لەبەر ئەوەی زۆرینەی کورسییەکانی هێناوە، ئیتر پێداگریی دەکات لەسەر ئەوەی پارێزگاری کەرکوک ببات، چونکە دەزانێت دەبێت بۆ کەرکوک سیاسەتێکی یەکتر پەسەندکردن بگیرێتەبەر و زمانی عینادی سوودی نییە.
ئەگەرچی یەکێتی هێزە، بەڵام زمانی گفتوگۆ و دیپلۆماسییانەی زاڵە بەسەر هەر بژاردەیەکی دیکەدا، ئەمەش وایکردووە وەک حزبێکی بە هەڵپە و هەڵەشە دەرنەکەوێت و دۆستەکانیشی ئەم راستییە دەزانن.
لەسەر ئاستی شەقامی سیاسیی عیراق بە گشتی، یەکێتی واناسراوە کە حزبێکی توندڕەوی تاکڕەو نییە، بوونی ئەو هەموو ئازادییانەی کە لەم دەڤەرەی ژێر هەژموونی یەکێتیدا هەیە، ئەوە دەسەلمێنێ کە یەکێتی زبر نییە و حزبێکە بەراستی دەیەوێت بنەماکانی دیموکراسی قووڵتر بکاتەوە.
سەردانی ئێستای سەرۆک بافڵ بۆ بەغدا و بەشداریی کردنی لەگەڵ سەرانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت، دواتر کۆبوونەوەی لەگەڵ زۆرێک لە لایەنە سیاسییەکان، تەواوکەری ئەو سەردان و هەوڵانەی پێشووترەیەتی کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان کردوونی بۆ بەغدا و لە ماڵی مام جەلال کۆبوونەوەکان رێکخراون و چارەسەریان بۆ دۆزراوەتەوە، لەسەرووی هەمووشیانەوە جیاکردنەوەی مووچە و قووتی خەڵکە لە کێشە سیاسییەکان، کە چەندین جار لە لێدوانەکانیدا جەختی لەسەر کردۆتەوە.
دەتوانین بڵێین رۆیشتن لەسەر ئەم سیاسەتە ژیرانەیەی سەرۆک بافڵ و یەکێتی، شیانی ئەوەیە خەڵک متمانە بە یەکێتی بکات تا بیگەیەنێتە کەناری ئارامی کە تیایدا بێ کێشە بێت و بەهۆی سیاسەتی هەڵەوە بەرەو هەڵدێر نەبرێت.
لەسەر ئاستی شەقامی سیاسیی عیراق بە گشتی، یەکێتی واناسراوە کە حزبێکی توندڕەوی تاکڕەو نییە، بوونی ئەو هەموو ئازادییانەی کە لەم دەڤەرەی ژێر هەژموونی یەکێتیدا هەیە، ئەوە دەسەلمێنێ کە یەکێتی زبر نییە و حزبێکە بەراستی دەیەوێت بنەماکانی دیموکراسی قووڵتر بکاتەوە.

وتارەکانی نوسەر