رۆڵی راگەیاندن لە سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکاندا

09:54 - 2024-04-14
پ.ی.د.پاڤێ جەمیل ئەحمەد
309 خوێندراوەتەوە

 

لە پرۆسەی هەڵبژاردندا میدیا رۆڵێکی چارەنووسساز دەگێڕێت لە داڕشتنی تێڕوانینی دەنگدەران و رێنماییکردنی بڕیارەکانی دەنگدەران، رۆڵی راگەیاندن بریتییە لە پێدانی ئەو زانیاریانەی کە پێویستن بۆ هاووڵاتیان بۆ ئەوەی بڕیاری سیاسی ئاگادارانە بدەن، لەم سۆنگەیەوە باس لە گرنگی  و کاریگەریی  رۆڵی راگەیاندن لە سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکاندا دەخەینە روو.

میدیا دەتوانێت رۆڵێکی کاریگەر بگێڕێت لە بەرەوپێشبردنی بەشداریی سیاسی و زیادکردنی رێژەی دەنگدەراندا

دروستکردنی  رای گشتی
میدیا ئامرازێکی سەرەکییە بۆ گەیاندنی زانیاری و دروستکردنی  رای گشتی لەسەر پرسە سیاسییەکان و بەرنامەی پێشکەشکراو لەلایەن بەشداربووانی هەڵبژاردنەوە، میدیاکان ئامڕازە جیاوازەکانی وەک تەلەفزیۆن، رادیۆ، رۆژنامە و سۆشیال میدیا بەکاردەهێنن بۆ ئاڕاستەکردن و ناساندنی  لیست و قەوارە و  کاندیدەکان و گفتوگۆکردن لەسەر پلان و بەرنامە و بەڵێنەکانیان.
لێرەوە رۆڵی میدیا کاتێک کاریگەر دەبێت،  کە  میدیا هاوسەنگ و بێلایەن بێت لە رووماڵکردنی هەواڵی هەڵبژاردنەکاندا، چونکە پێویستە زانیاری دروست و بابەتیانە بەبێ لایەنگری بەرامبەر هیچ کاندید و لایەنێک پێشکەش بکات. لایەنگری میدیایی دەبێتە هۆی لەدەستدانی متمانە بە دامەزراوە دیموکراسییەکان و پرۆسەی بڕیاردانی دەنگدەران دەشێوێنێت.
جگە لەوەش میدیا دەتوانێت رۆڵێکی کاریگەر بگێڕێت لە بەرەوپێشبردنی بەشداری سیاسیی و زیادکردنی رێژەی دەنگدەراندا، میدیاکان بە پێدانی زانیاریی گشتگیر سەبارەت بە پرۆسەی هەڵبژاردن و گرنگییەکەی، دەتوانن پاڵنەر بن بۆ هاووڵاتییان بۆ بەشداریکردنی چالاکانە لە پرۆسەی دیموکراسیدا.
رۆڵی راگەیاندن لە هەڵبژاردنەکاندا تەنها لە پێدانی زانیاری سنورداردا نییە، بەڵکو دەتوانێت بەشداری بکات لە چاودێریکردنی شێوازی پرۆسەی دەنگدان و  گەندەڵی و سەرپێچی و  پێشکەشکردنی راپۆرتی لێکۆڵینەوە، کە کارە نایاساییەکانی پەیوەست بە پرۆسەی هەڵبژاردن ئاشکرا دەکات، ئەمەش شەفافیەت و راستگۆیی لە پرۆسەی دیموکراسیدا بەرز دەکاتەوە و هەر هەوڵێک بۆ دەستکاریکردنی ئەنجامەکان سنووردار دەکات.

ئاڕاستەکردنی  بڕیارەکانی دەنگدەران 
لە کۆتاییدا،  رۆڵی میدیا لە سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکاندا گرنگییەکی زۆری هەیە، چونکە بەشدارە لە ئاڕاستەکردنی  بڕیارەکانی دەنگدەران و بەرزکردنەوەی ئاستی بەشداری سیاسی و دڵنیابوون لە سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن. پێویستە میدیا هاوسەنگ و بێلایەن بێت بۆ ئەوەی ئەو ئامانجانە بە سەرکەوتوویی بەدی بهێنرێت.
*پسپۆری بواری میدیا_ زانکۆی سلێمانی

وتارەکانی نوسەر